دەربارەی شێخ و دەروێشی «شەدەڵە»وە

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 5 دقیقه  1063 مشاهده

لێم ڕوونە دەربارەی شێخ و دەروێشی شەدەڵەوە شتهایەکت بیستووە! منیش وەک تۆ:

لە زەمانی مەولانا خالیددا، شێخ ئەحمەدی سەردار یەکێک لە خەلیفە خۆشەویستەکانی بووە و سەییدی بەرزەنجییە. نازانم کەی تەریقەتەکە لە ڕێگەی نەخشبەندی لای داوە، بەڵام بەر لەوە بچمە عێراق، «حەمە سوور» ناوێک لەو تایەفە داوای پێغەمبەرایەتی دەکا و ژن و مێردی مریدی ئەو تێکەڵاون و هەموو ژن بۆ هەموو پیاوان حەڵاڵن و کەس گوێ بە شەرع نادا و زینایان لە لا گوناح نییە. دەوڵەت حەمە سووری گرت و بردیە حەبسی کەرکووک. بە سەتان لە مریدان- کە نیشانە و دروشمیان قوڵەدارێکی دەست بوو- چوون لە دەوری کەرکووک، ژن و پیاو و منداڵ مانیان گرت، تا حەمە سوور بەردرا. زۆر لە مەلایانیش چووبوونە ناو ئەو تەریقەتە. دەیانگوت هەر کەس چەند ڕۆژێک لە شەدەڵە بێ، عەقڵی دەگۆڕێ. من خۆم مەلا تەها ناوێکم لە لوبنان دەگەڵ بوو. لە نەخۆشخانە مرید بوو. دەیگوت هاوبەشییەکی زۆر زۆر عادڵانە بوو؛ کەس لە کەس تێرتر و برسیتر نەبوو. ئەو دەمە کە من چوومە شەدەڵە، حەمە سوور مابوو؛ بەڵام دامودەزگاکە نەمابوو. حەمە سوور لەو بەری دێ کە شیوەڵەیەکی نێوان بوو دەژیا. چەند کەسێکی تریشیانم دەناسی کە ئاغایانە دەژیان و دەگەڵ پێشمەرگەدا بوون. بە قسەی «مەلا باقی»- کە تاریخێکی زیندووی کوردستانی عێراق بوو- وەختێ بەهائوڵڵا لە سەرگەڵوو بوو، کاری کردۆتە سەر بڕوای ئەو شێخانە و لە ڕێگەی پێشووی لاداون.

سۆفییەک خزمەتی دەکردن کە لە سەر یەک قرپی دەهاتێ. دیار بوو لە کۆنە مریدەکانی زەمانی جەزم بوون بووە. شێخ عەبدوڕڕەحمان دەڕۆیشت، گوتم: خواحافیزیت لێ دەکەین نەوەک نەتبینینەوە. گوتی: دەبێ سبەی نان و چا بخۆن. گوتم: یا شێخ! ئێمە بەڕۆژوو نابین. تۆ پارشەومان بۆ بنێرە و بەرەبەیان دەڕۆین.

دوای پارشێو خواردن بارگینێکی جل کراو حازر بوو. گوتی: سوار بە تا «هەڵەدن». گوتم: لازمم نییە. گوتی: تۆ لێم مەبە مام حەسەنی فەیلی کە دوێنێ سەرما بردی! کابرای خاوەن بارگین لە ڕێگە گێڕایەوە:

مام حەسەن- کە دووکاندارێکی فەیلیی بەغدایی بوو- هاتبوو سەری عەبدولحسێنی کوڕی بدا کە لە هەڵەدن بە بنکەی پێشمەرگە ڕادەگا. شێخ عەبدوڕڕەحمان لە شەدەڵەوە منی ڕەگەڵ خست کە لە کوێستانێ بە تەنێ نەبێ. کاتێ سەرکەوتینە ملەی چیای پیرەمەگروون و مام حەسەن زانی کە من خەڵکی سەرگەڵووم، هەڵەدنیشی لێ دیار بوو، گڕنەی گرت کە تۆ بچۆرەوە ماڵە خۆت. هەرچەند گوتم پووڵی تا هەڵەدنم ساندووە و کوێستان بۆ نابەڵەد خەتەرە، بەهرەی نەدا و بە جنێو لێم جیا بۆوە کە من خۆم بە پیاو دەزانم و بە تەنیا دەڕۆم. لە دامێنی چیا لێی هەڵکردە کڕێوە و سەرما بردی.

کە گەیشتینە شوێنەکە، جێ پێ و جێ کەلاکی مام حەسەن لە بەفردا مابوون. دیار بوو زۆری لە کڕێوە سەر لێ شێوا بوو؛ زۆر لە نزیک ماڵان سەرما بردبووی. بە سەر سەرەخۆشیی مام حەسەندا هاتم. میوانی عەبدوڕڕەحمان قازی بووم. «مامۆستا هەردی» شاعیر لەوێ بوو. بەداخەوە لەبەر ناهومێدی خۆی مێشکی داخرابوو؛ هەموو شتی لەبیر چووبۆوە. دڵخۆشی دانەوەی من بەهرەی نەدا. بە زۆر وام کرد سەر و ڕیشی بتاشن. پاش نیوەڕۆ چوومە «مالوومە». کابرایەکم بە کرێ گرت بە سواریی بمبا بۆ ماوەت. شەو نوێژی شەوانێکی درەنگ گەیینە ناو دێی «وڵاخلوو». بەفر بوو؛ سەرماش سەخت. کابرا گوتی: تۆ بچۆ ماڵی مەلا، منیش خزمێکم هەیە. گوتم: ڕەمەزانان میوان خوێنتاڵە؛ دانابەزم. تۆ بچۆ بە مەلا بڵێ میوانێکت هەیە. ئەگەر ڕووی ناخۆش بوو، زوو وەرە دەچینە ماڵە خزمەکەت. هەر چۆنێ بێ شەوێکە، ڕایدەبوێرین. مەلا هاتە دەر و گوتی: فەرموو. ژوورێکی زۆر گەرمی پاک و خاوێنی هەبوو. هەر تماشام دەکا و دەڵێ: حەیفە پیر بووی، بەداخەوە زۆر گۆڕاوی!

- مامۆستا من تۆ ناناسم. تۆش قەت منت نەدیوە؛ لێت گۆڕاوە.

- کاک هەژار تۆ شتت لەبیر چۆتەوە! من ناوم مەلا عەبدوڵڵایە. چەند لە سابڵاخ پێکەوە ئاشنا بووین و لە کۆمەڵەدا هەواڵ بووین؟!...

کاوێژی ژیانی کۆمەڵەمان کردە شەوچەرە و زۆر خۆش ڕابرا. پارشێو کەوتینە ڕێ. چێشتەنگاو گەیمە ماوەت. دوو شەو لای بارزانی و شێخ محەممەدی هەرسین- کە بەرپرسی ئەوێ بوو- مامەوە. پاش دوو شەو دەگەڵ کامیۆنێک بەرەو سلێمانی ڕێ کەوتم. زۆر جار کامیۆن لە قوڕدا گیری خوارد و بە حاڵەحاڵ، گا بە سواری کامیۆن، گەلێک بە پێ و بە قوڕ شێلان، شەو گەیشتینە قاوەخانەی قەدی چیای «ئەزمڕ». لەبەر سەرما و بێپەخەفی نەمانوێرا بنووین. شەوی مابوو کەوتینە ڕێ؛ مەلا بانگدان گەیینە شار. خۆم کوتایە پاچەخانەیەک، نان و چام خوارد. نەمدەوێرا دەرکەوم؛ شاگردێکم نارد جێگەم لە ترۆمبیل بۆ پەیدا کا تا کەرکووک. بۆ نەمدەوێرا دەرکەوم؟ لە کوردی جاش دەترسام.