سەفەری «ماوەت» بۆ بینینی بارزانی

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  841 مشاهده

بەهاری ١٩٦٩ مەلا مستەفا چووبووە گەڕان لە لای دەشتی شلێر و سلێمانی و لە «ماوەت» ماوەیەک دەمایەوە. ویستم سەفەرێکی بەغدا بکەم. دەبوایە دەربارەی کاری چاپخانەشەوە بارزانی ببینم. بە ڕێگەی هەولێردا هاتمە کەرکووک. چوومە گاراژێک گوتم: ترۆمبێل بۆ شەدەڵە هەیە؟ کابرای گاراژدار تماشایەکی دەوروبەری خۆی کرد، گوتی: دانیشە و دەنگ مەکە! کە خەڵکی لە دەورە نەما، گوتی: کاکە تۆ قسێک دەکەی باسی سەرە! لەوەتا مەلا مستەفا هاتۆتە ئەو ناوە، هەر کەس بەرەو ئەوێ بڕوا دەوڵەت بەهانەیەکی پێ دەگرێ و دەیگرێ. تۆ بۆ دەچی؟

- ڕاستییەکەی دەچم چاوم بە بارزانی بکەوێ.

ناردی کەبابیان بۆ هێنانم. ڕانندیەکی بانگ کرد و سرتەیەکی دەگەڵ کرد. گوتی دەگەڵ ئەم ڕانندە بڕۆ. هاتینە کن «چەمچەماڵ». جاشەکانی جەلال و برایم ئەحمەد لە «بەکرەجۆ»ڕا هێنابوویاننە چەمچەماڵ و لە ئوتێلێک دامەزرابوون کە لە سەر چەقی ڕێگا بوو. نەشموێرا بە ڕانندە بڵێم لێرە لامەدە ئەو جاشانە دەمناسن. بۆ خۆی زۆر بە پەلە لە شر دەرکەوت. گوتم: حەزم کرد لات نەدا. گوتی: ئەمین گاراژدار تێی گەیاندم کە نابێ جاش بتبینن. گەینە سەر چوارڕێی «تەنیاڵ». ڕەمەزانیش بوو. بە کابرای تەنیاڵی سپاردم و ڕۆیشت. چایچی نان و چای دامێ. زیلێکی پڕ لە سەرباز هات. دەستی لێ هەڵێنان، گوتی: ئەم خزمەی من تا بەرانبەری سوورداش بەرن! لە ڕێگە تێرمان قسەی خۆش کرد. لە بەرانبەر سوورداش دابەزیم و بە پێ ملی ڕێم گرت. دوو کەسی بە تفەنگەوەش گەیشتنە من، گوتیان پێشمەرگەین. دوای تۆزێک گوتم: برا من شارستانی و تەنبەڵم، ئێوە بڕۆن، من وردە وردە دێم. گوتیان: نەخێر بە پێی تۆ دەڕۆین و بە جێت ناهێڵین. وانێتبارێک بە ڕێدا هات، پڕ لە ژن و منداڵ و مریشک و قەلەموونە. ڕایگرت:

- وەرن سوار بن.

لە پشت وانێت سوار بووین. نوێژی شێوان گەیینە گوندی «ئۆمەرقۆم». ساحیب کامیۆن گوتی: ماڵم لێرەیە و بەربانگە؛ میوانم بن!

- پووڵەکەت چەندە؟

- بە خوا هیچم لێتان ناوێ. بە خۆڕایی سوارم کردوون.

- دە کاکە بمانگەینە «شەدەڵە» نیو دینار وەرگرە!

بردینیە بەر قاوەخانە. لە باتی نیو دینار سێ ڕوبعە دینارم دایە. چووینە قاوەخانە. سۆفییەک هات گوتی: فەرموون بۆ تەکیە! شێخ عەبدوڕڕەحمان بەخێری هێناین. پیاوێکی زۆر عاقڵ، زۆر ڕووخۆش، زۆر کوردپەرەست. لەو وەتاغەی ئێمەی لێ بووین، بە سەتان کتێبی تەفسیر و حەدیسی لە سەر تاقە بوو کە لەبەر دووکەڵ زەرد و ڕەش هەڵگەڕابوون و دیار بوو زۆر لە مێژە نەخوێندراونەوە.