مۆجزاتی پیوازی پیشاو و ماستی گەرم!

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  824 مشاهده

بێ تۆ ناخۆش، یەک مریشکی سوورەوەکراوی بە نانەوە دامێ، قرتەم لێ بڕی!

هەر دەو ڕێگەیەدا شەوێک دەگەڵ دوو پێشمەرگە بوومە میوانی شێخی «بەرگرکە». شێخێکی جحێڵی زۆر دڵتەڕ و خۆش مەشرەف، دەفی هێنا و بە دەنگێکی زۆر خۆش شیعری «سافیشخص» کاکی هیرانی دەخوێندەوە.

پێشوو هەر لە لێوژە گوێ ئێشەیەکم پێوە نووسابوو، گوێم وە ژان هات و زۆری ناڕەحەت کردم. شێخ هەر بە پەلە پیوازێکی نایە سەر ئاگر تا پێستەکەی سووتا. نێرتکی پیوازەکەی- کە پیشابوو- خستە ناو کونی گوێم و ژانی شکا. باش بوو ئەو دەرمانەش فێر بووم. کە هاتین بڕۆین دوو پیوازم نایە باخەڵم نەوەک لە ڕێ گوێم وە ژان بێتەوە! گەیمە ناو پردان، دوکتور حەسەنێکی عارەبی لێ بوو؛ خۆی تووڕە کرد: چۆن تۆ دەرمانی لادێ دە کار دەکەی؟

گوتم: دوکتور زۆری لە سەر مەڕۆ! زوو دەرمانم دەکەی یان پیواز لە گیرفانم دەرێنم؟!

بەر لەوە تەواو لە لێوژە جێ بکەینەوە، سەرێک چووینە دۆڵی «باڵەییان» کە مەکتەبی سیاسی و تەنفیزی لەوێیە و زۆر ئاووهەوای خۆش بوو. دۆڵێکە نزیک بە بیست گوندی تێدایە و پڕە لە باغات و میوە. چۆمەکەی لە نزیک بەفرانە؛ بە هاوینی سووریش هەر سەهۆڵاوە و ناوێری مەلەی تێدا بکەی! چەند دێمەنێکی جوانە کە ئەو هەموو داربەڕووانە و دارمازووە گەورانە، هەموو مێوی ڕەزی لێ هاڵاوە و بە هەزاران هێشووە ترێ لەو بەرزایییانەوە خۆ دەنوێنن.

میوانی کەپری شێخ ڕەزای گوڵانی بووم. پێشمەرگەیەکی هەبوو (کەریمە کەچەڵ)، چێشتی لێ دەنا. ئێوارەیەک چوومەوە کەپر؛ کەریم دەمەوڕوو لەسەر خۆڵەپۆتینە درێژ بووە؛ هاوار دەکا:

- مردم! بمگەنێ!

دووپشک بە قامکیەوە دابوو؛ بن هەنگڵیشی خڕ ببوو. گوتم: ماست هەیە؟ پیاڵەیەکی چکۆڵە ماست هەبوو؛ نامە سەر ئاگر، تۆزێکم گەرم کرد. قامکی کەریممان گرت بیخەینە ماستەوە، لە تاوی خۆی دەستی ڕاوەشاند، ماست ڕژایە ناو خۆڵ. هاوارمان بۆ دارشکێنێک برد، تەنیا دۆی هەبوو. دۆم گەرم کرد و فەورەن کەریممان چا کردەوە.

ئەو دەرمانی ماستی گەرم بۆ دژی دووپشک، زۆر جار بەکار هات. باسم بۆ حاجی محەممەدی شێخ ڕەشید کردبوو. لە پاشەڕۆژەدا کە لە زینوێ دیتمەوە، گوتی:

- نەقڵێکی خۆش: چوومەوە لۆلان و بە سۆفییەکانم گوت ئەو دەرمانە فێر بووم کە زۆر هاسانە و ماست هەمیشە هەیە.

- کێ پێی گوتی؟

- لاوێکی ئەفەندیی شارستانی.

سۆفییەک گوتی: پاش شێخ ڕەشید تۆ دەمێنی، ئیمان بە سەر ڕووتی شارستانی دەهێنی؟ بە خوا بە قسەت ناکەم!

قەبرێک هەیە لە لۆلان، دەڵێن هەر کەس بەردێکی چکۆڵە لەو سەر قەبرە هەڵگرێ و بیخاتە گیرفانی، دووپشک پێوەی نادا. سۆفییەکە چووبووە سەر ئەو قسنە، دەستی بۆ بەردۆکە بردووە و دووپشکێک پێوەی داوە! بە دەست و سەر ڕاژاندن هات:

- حاجی محەممەد چم لێ دەکەی؟ ئەوا دەمرم!

- ماستی گەرم کراوی سەر ڕووتی شارستانی عیلاجت دەکا!