مونتەقیمی قازی

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  963 مشاهده

دوایی بیستمەوە کە فایق و شەوباش کوژراون و لاشەکانیان دراوەتەوە بە ئێران. ڕاستە فایق بە شەهیدێکی میللی لە ناو کوردستانی ئێران حیساب دەکرێ؛ بەڵام بە بڕوای من عەبدوڵڵای برای لەو پتر شیاوی ئەو ناوە بووە؛ مەلا ئاوارە و شەریفزادە زۆرتر جێگەی ئیحترامن. نەدەبوایە سیڕاجیش لە بیر بچێ و حیسابی دەگەڵ نەکرێ. بەڵام کەم وایە تاریخ عادڵ بووبێ و هەقی کەسی بەپێی کار و زەحمەتی خۆی دابێ...

شێخ لەتیف بۆی گێڕامەوە کە فایق لە سلێمانی میوانی بووە. کاتێ گوتوویە دەڕۆم، پێم گوتووە بە هیچ جۆر وا مەکە «قالە تەگەرانی» بزانێ کەی دەڕۆی و بۆ کوێ دەڕۆی. چونکە قالە جاسووسی سێ سەریە: بۆ بارزانی و بۆ ئێران و بۆ عێراق کار دەکا. گوتی باشە. بەڵام بەیانی کە هاتە خواحافیزی، گوتی قالە تەگەرانی ماشێنی بۆ گرتووم و بەڕێم دەکا!

لە قەڵاتی باڵەییان بووین، «مونتەقیمی قازی»- کە لە پێشیشدا دەمناسی و برادەر بووین- هات و گوتی: دەچمەوە لای مەهاباد هەواڵان دەبینم؛ کارێکت نییە ڕامسپێری؟

گوتم: خەمیرددانێک و فرچەیەکم بۆ بێنە!

تەواو خۆی قەڵس کرد کە من بۆ باسی سیاسی دەگەڵ ناکەم!

جارێک بە سەفەر چووبوومە هەولێر، میوانی ماڵی شێخ مستەفای کوڕی شێخ عوبەیدیللا بووم کە ئەوسا لە هەولێر بوو. سالاری حەیدەری و مونتەقیم لەوێ بوون:

- بۆ هاتوون؟

- بۆ سەیاحەت!

رۆژێ گوتیان مونتەقیم گیراوە. گوتیان خەبەر بە شۆڕش دراوە کە مونتەقیم دەگەڵ کوڕی شێخ عوبەیدیللا چۆتە مەرکەزی فەرماندەی سوپای عێراقی لە هەولێر. کە لە نوختەی سنووری شۆڕش لێیان پرسیوە، گوتوویە ناوم عەبدوڵڵایە و ناسیویانە کە مونتەقیمە. سالاری حەیدەری کە هاتبۆوە و زانیبووی مونتەقیم گیراوە، چووبووە گەڵاڵە و گوتبووی منیش بگرن کە دەگەڵ مونتەقیم لە هەولێر بووم. گوتبوویان کارمان بە تۆ نییە کە تۆ ئاگات لە کاری مونتەقیم نەبووە. بیستمەوە کە مونتەقیم دراوەتەوە بە ئێران و لەوێ حەبس کراوە.

تا هاوین لە «لێوژە» ماینەوە. هەموومان تووشی زگ ئێشەی زۆر سەخت بووین. مێشوولە کوێرەش حەشری دەکرد و حەجمینمان نەمابوو. دوکتور مەحموود گوتی ئاوی کانییەکەی گوند خراپە و جیوەی تێدایە. خەڵکی گوند لە منداڵییەوە پێیەوە ڕاهاتوون؛ بۆ ئێوە سەممە. ئاوی گەرمی چەمەکەمان دێنا دەمانکوڵاند و ساردمان دەکردەوە. بەڵام چاری مێشوولە نەدەکرا.

قەرار درا بار بکەین بۆ گوندی «سوورەبان» کە هەشت ماڵە و لە «وەڵزێ» جوێ بۆتەوە. چەند ڕۆژێک لە گوندی «قەسرێ» مامەوە تا جێگەی چاپخانەمان پەیدا کرد و ڕێکمان خست. لە هاتوچۆی نێوان قەسرێ و لێوژە، جارێک لە ڕێگە لە برسان هێزم نەما. لام دا ناو پۆلە سپیندارێک، ڕاکشام. قشقەڵەی سەگباب قڕەقڕ لە دەورەم، زۆری تووڕە کردم. دەمانچەم لێ هەڵکێشا، دوو دەمانچەم پێوە نا. هەر چەند دە میتریش دوور نەبوو، تازە بە تەقەوە فڕی! دیار بوو زۆر ئەنگێوەی چاکم! ڕاکشامەوە. پاش تاوێک خرمە و تەپەی پیادە و سوار هات. هەرام کرد: برسیمە!، دەنگی پلە هات، گوتی:

- ئەوە هەژاری قەلەندەرە! دادەی بیگەنێ!