کاری من بە گەز و بستە!

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 5 دقیقه  805 مشاهده

ڕۆژێک لە پردی زەردەوە دەمەویست بچمە دۆڵی باڵەییان؛ بە چاو پێم وا بوو زۆر هاسان دەتوانم بگەمێ. چەمەدانێکم بە دەستەوە بوو؛ بە پێ ملم لێ نا. گەیمە قەسرێ، ماندوو ببووم و گەرمام بوو. ئیستراحەتێکم لە سەر جۆگە کرد و خۆم فێنک کردەوە و ملم لە هەوراز نا. بە هەزار دەرد گەیمە سەر هەورازی وەسان. لینگم دەلەرزی؛ وەک سەرخۆشان تلاوتلم بوو. ئاخری گەیمە سەرەوژێرە و باوی قاچم خۆش بوونەوە. شوانێک هەرای کرد:

- هۆی کاک! پەڕی سیغارم وێ نییە؛ ئەگەر هەتە بڕێکم بدەیە.

نیو دەستەیەک پەڕە سیغارم لەسەر بەردێک لە پەنا دانا؛ بەردێکیشم لە سەر دانا، با نەیبا. گوتم وەرە بیبە. خۆم گەیاندە ناو گوندی وەسان. ماڵ هەموو لە چۆل بوون. چەند لاوێک لە سەربانی مزگەوت بوون. سەلامم کرد و لە سێبەرێک دانیشتم. گوتم تووتن و پەڕ و ئاگرم هەیە و ئەمشەو لەم سەربانە ڕایدەبوێرم. یەکێ گوتی: میوانی من بە!

- ماڵت نزیکە؟

ماڵێکی نیشان دام، لە هەورازێک کە هەر تۆقیم.

- نایەم کاکە!

یەکی تر گوتی: میوانی من بە!

- کوا ماڵت؟

- لەوبەری چەمە و پردیش هەیە.

ڕەگەڵی کەوتم. لە ڕێ تووشی یەکێ تر بووین، گوتی: کاکە میوانی من بە!

- کوا ماڵەکەت؟

- ئەمەتا لە ناو ئەو بەردانەدایە.

باشە دەبمە میوانی تۆ!

کردیانە کێشە کە چۆن میوانم لێ دەستێنی؟ گوتم: کاری من بە گەز و بستە؛ ئێرە نزیکترە و تۆم ناوێ! بوومە میوانی ناو بەردان. سەیر دەکەم ژنیان هەر یەکەی بیست و پازدە میتر شاڵیان لە پشتایە کە لە عێراق باو نییە.

- ئەرێ ئێوە چیین؟

- ئێمە سەییدی کولیجین. سەیید عەبدوڵڵای کولیجی نەوە و خوارزای ئێمەیە کە لە سابڵاغە.

- کوڕە ئەگەر وا بێ خزمین!

شەو کابرایەک هاتە ئەو ماڵە، گوتی: ماشەڵڵا لە دنیادا پیاوی عاقڵ هەیە و ئێمە نازانین. ئەمڕۆ بە ڕێبوارێکم گوت پەڕە سیغارم دەیە! بۆی لە سەر بەرد دانابووم؛ بەردیشی لە سەر دانابوو کە با نەیبا. بڕواننە ئەم عەقڵە! گوتم: کاکە تۆ چت دیوە؟ عەقڵی وام هەیە لە لینگە کڵاش درشتتر!

- ئەوە تۆ بووی؟ شەرت بێ سبەی بە ئێستری خۆم بتبەمە ئەو شوێنەی دەتەوێ!

لە ڕێگە گوتی ناوم مەلای بۆرە. باسی سەیید عەوڵای کولیجی بۆ کردم کە ئێستا شوکور پیاوێکی دەوڵەمەند و زۆر پیاوە. بۆ من خەبەرێکی تازە بوو. زۆرم دڵ خۆش بوو؛ چونکە سەیید عەوڵام کە بەجێ هێشتبوو، منداڵێکی فەقیر و هەتیوبار بوو. ئیتر لەو ساوە بوومە خاوەن خزم و تووتنی جغارەم هەر ئەوان بۆیان دێنام.

لە «لێوژە» دەگەڵ سامی ملمان لە کاری چاپەمەنی نایەوە. ڕۆژنامەی خەبات هەفتەیەک بە عارەبی و هەفتەیەک بە کوردی دەنووسرا. پاشان کاک سامی چووە مەکتەب سیاسی لە ناوپردان و تەنیا من مامەوە و بەرپرسی چاپخانە و ئیدارە کردنی پێشمەرگەکان بووم. جاروبارە دەرفەتم دێنا، دەچوومەوە بەغدا سەری منداڵانم دەداوە و یەکێکم لە جێی خۆم دادەنا تا دێمەوە بە سەر ڕابگا. جاروبارەش منداڵەکانم خۆیان دەگەیاندە ناو شۆڕش و چاوم پێ دەکەوتن. هاوینێک کە مەدرەسە وچانیان بوو، هاتن. خانی چکۆڵەم کە هەووەڵ جار لە گەڵاڵە لە ژووری ماڵەکە دەرکەوت و ڕوانی، گوتی: ئای دایە! باخچەی بابە چەند گەورەیە! لای وا بوو ئەم هەموو جەنگەڵ شاخ و داخە باخچەی منە!

کەپرێکمان لە چیای پشت گەڵاڵە کرد و کردمانە ماڵە خۆمان. چەند کەپری تریشمان لێ نزیک بوون. ڕۆژانە لە «سوورەبان» کاری چاپخانەم دەکرد، شەوانە درەنگ کە تا «گەڵاڵە» ڕێگەی دوو سەعاتێک دەبوو، دەهاتمەوە ماڵ. ئێوارەیەک زووتر چوومەوە، مەعسووم گوتی: دوو مارم دیتن لێک هاڵابوون؛ هاوارم لەو جیرانانە کرد کەسیان بە دادمەوە نەهاتن. گلەییم لە جیرانان کرد، گوتیان بە خوا نەیگوتووە، هەر گوتوویە: «ئەوەتا مار»، «مار هاتوون». لەوان وا بووە دەڵێ ماڵی دیکە هاتوون!

- کاکە قسەی قۆڕ! ئەو مارەی دیوە کە پێوە دەدەن.

- دە جا داکی محەممەد دەبوو بیگوتایە: «ماری گوریس» هات!

گەلێکم ڕوانیە ئەو بن گاشەبەردە کە دوو مارەکانی چووبوونە بن، پەیدام نەکردن. دڵخۆشیی مەعسوومم دەداوە کە هەر ئەو مارە بوون و ڕۆیشتوون. مەترسە! چی دی نایەن. کتێبم دەخوێندەوە و دەمگوت مار نەما. لەو دەمەدا مارێک بە نێوەڕاستی پەڕی کتێبدا خوشی و لە کەڵەکدا خۆی شاردەوە. جوان بە درۆزن دەرچووم! شەو لە کەپردا چرامان کوژاندبۆوە، با خشەی لە گەڵا دێنا، مەعسووم دەیگوت ئەو مارە خۆی لێ مات کردووین تا دەنووین. جا وەرە و سوێند بخۆ کە مار بە شەو ناگەڕێ و ئیستراحەت دەکا!

ئەمجار سەعید ئەبووشامیلی چاپخانەچی بە لایەوە شتێکی زۆر عەجایب بوو کە چۆن بە نیوەشەوی تاریک، بە ناو ئەو دارستانە پڕەدا بە تەنیا دەچمەوە ماڵێ و ناترسم، دەمگوت: کاکە! لە دڕندە ناترسم؛ لە بنیادەمی خراپ دەترسم کە بۆ تەماح بمکوژێ و ئەویش بە ڕێدا ناڕۆم و تووشیان نابم...