یادی چەند کەسێکی ئەو سەردەمە

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 6 دقیقه  853 مشاهده

ڕۆژێک چووبووینە ڕاوە ماسی، زۆرمان ماسی گرت بەڵام چکۆڵە بوون. برژاندمان. ئێمە دەگەڕاین دڕوو بژێری بکەین، سەیید عەلی- کە کۆنە ماسیگر بوو- قاقا پێمان پێدەکەنی کە ئێوە فێر نەبوون ماسی بخۆن. دیار بوو ئەویش هونەرێک بوو. هەر کلکی ماسی دەگرت و بە ددان دایدەماڵی. قەت دڕوویێکی دە گەرووی نەگیرا! بەڵام ئێستاش فێری فێڵەکەی نەبووین.

حەمەد کە هیچ، سەیید عەلی چەند دەنکێ کوردی فێر ببوو؛ ناردبووم گوێلپارێک بگرێت. هەرای دەکرد: مامۆستا هشار! ئەوە شێتە! شێتە!

دوای پێک هاتن و گفتوگۆ دەگەڵ بەزاز و عەبدوڕڕەحمان عارف، ئەسیرەکان ناردرانەوە. من بەیانییەک لە سەربانی گوندی قەسرێ بووم، ئەم دوانە هاتنە خواحافیزیم. هەردووکیان زۆر بە کوڵ دەگریان کە لێمان جوێ دەبنەوە و دەیانگوت بریا دە ساڵی تر ئەسیری بەردەستی ئێوە باین...

«عەبدولحوسێن فەیلی» پیاوێکی کورتەباڵای لاوازی زۆر زیت و زیرەک، لە بەغدا لە نزیک مەدرەسەی موستەنسرییەی قەدیم، دووکانێکی خەیاتی و جل و فەرشفرۆشی هەبوو. کوردێکی زۆر موخلیس بوو؛ بەتایبەتی دەگەڵ ئەحمەد تەوفیق و من. تا لە بەغدا بوو، زۆر ساز و تەیار بوو. بە تۆمەتی تیرۆری «بەدرەددین عەلی» ئەستانداری هەولێر، ئەویش تێوە درابوو. پاش حەبس و جەزرەبەدانی زۆر، بەردرابوو؛ هاتبووە ناو شۆڕش و ماوەیەکی زۆر لە لای سولەیمانی کرابووە ئەمینداری دەغڵ و دان و داهاتی پێشمەرگە. دیار بوو جارێک بە سەفەرێک ناردرابوو، لەم بەینەدا دزیی زۆربان لێ کردبوو. هاتە لێوژە کە بچێ دادی خۆی لە مەکتەب سیاسی بکا. مەجیدە منداڵەکەی دەگەڵ بوو. گوتی: ئەوە منداڵە و زۆریش جوان و بەرچاوە، باوکی بە منی سپاردووە کە ئاگاداری بم. منیش دڵم هەر بە تۆ متمانەی دێ. با لای تۆ بێ و لە چنگ پیاوی خراپ و بێئەخلاق بیپارێزە!

پازدە شەوێک حوسێن میوانم بوو. شەوانە باسی بۆ دەکردم؛ کوردیی ئێمەشی باش نەدەزانی. کە باسی یەکێکی دزی بێئاکاری بکردبا، دەیگوت: بەڵێ مامۆسا، ئەم پیاوێ خەراوە، هەی لەعنەت لە قەبری بابت بەم! دەمگوت بەڵێ فەرمایشتەکەت ڕاستە!

ئەو دەمە جەنگەی ڕێواسان بوو. مەجید دەگەڵ پێشمەرگەکان چووبوونە چیا. خەبەر هات مەجید دڵی لە خۆ بۆتەوە؛ خوێی بۆ بەرن. بەستەزمانە کە منداڵی شارستانی بووە و دیویە ڕێواس بێ پووڵ لە کێو زۆرە، بێ خوێ هێندەی خواردبوو بوورابۆوە!

ڕۆژێک بە دەستی گەل دەچووین مەلە بکەین. زۆر دوور لە پشتی گوند، منداڵی جەوهەر هیرانیم دیتن لەبن بەردێکی گەورەدا بوون. گوتم: کاک جەوهەر! بن ئەو بەردە هیلاکە، ئەگەر خوا نەکا تەیارە لێی بدا، هەر بە تڵیشە بەرد منداڵەکانت بەردەکەون. با لە ناو هۆو مێرگە، لەبن ئەو دارە گەورەیە بن، کە ئەگەر بۆمبا وە مێرگ کەوێ، ناتەقێتەوە و بشتەقێ پڕیشکی زۆر لێ بڵاو نابن. نوێژی شێوان کە لە مەلە گەڕاینەوە، هەموو ماڵی دێ باریان لێناوە و ڕوو بە کوێستان دەچن:

- بەو شەوە بۆ کوێ؟

- ئای، خۆت بە جەوهەرت نەگوتووە ئەمشەو بۆمبارانتان دەکەن! خۆتان ڕزگار کەن؟!

- نەمگوتووە و خوا ڕووی درۆزن و زمان هەڵە ڕەش کا!

لە گوندی لێوژە گیانێکم بە «پلە»ی دایکی سەرگورد یووسف میران بوو کە بنکەی کوڕەکەی لە ئێمە نیزیک و لەوبەری دۆڵێک بوو. (پلە یانی پوورێ). ئەو ژنە لێم ڕوونە لە هەموو شێخ و مەشایخی گەورەش ساڵحتر و لە هەموو کەس بەڕوحمتر و لە هەموو مەردازایان مەردتر بوو؛ خاڵە خەمە بوو.

جارێک لە هەولێر، دوکتورێک ڕۆژێک سەری چوار نەخۆشان دەدا، لە هەمووان پلەی لەبن سەری نەخۆش دەبینێ کە میوەی بۆ هێناوە و دڵداریی دەداتەوە. دوکتور گووشییەکەی فڕێ دەدا، دەڵێ: پلە! ئەگەر تۆ دوکتوری من چکارەم؟! وەختە بڵێم منی بە قەد تاقانەکەی خۆی خۆش دەویست. هەر چێشتێکی خۆشی لێنابا، دەیناردە دوام. کە دەچوومە ماڵ جێگەیەکی نووستن ڕاخراوە.

- پلە! ئەوە چییە؟

- قەلەندەر دەتناسم، هەر نانت خوارد خەو بە لاتا دەباتەوە. نانت بخۆ و بنوو!

ڕۆژێک پێش نیوەڕۆ لە ماڵی پلە بووم- کاک یووسفی کوڕی لەماڵ نەبوو- تەیارە هات. پێشمەرگەکان- کە جێگەیان ڕووتەن و پێش ماڵان بوو- هەڵاتن خۆ بشارنەوە. پلە دەرپەڕی گوتی:

- هەی داوەشێن! تفەنگەکانتان بدەن بە من، ئێوە بۆ پیاو نابن!

لە خەجاڵەتیان گەڕانەوە و کردیانە تەقە لە تەیارە.

کەم پێشمەرگە هەبوو ناوی پلە نەزانێ و بە حورمەتەوە باسی نەکا. تەنانەت کوڕەکەی خۆشی وەک هەموو پێشمەرگەیەک پێی دەگوت پلە. من کە هەمیشە و ئێستاش لە خۆشوشتن بە سابوون و ئاوی گەرم زۆر تەنبەڵم، ڕۆژێک پلە- کە دەعوەتی کردبووم- هەڵیپێچام ئاو گەرم کراوە دەبێ خۆت بشۆی. چاری ناچار پاش قیڕە و هەرای زۆر چوومە ژوورێک، تەنەکە ئاوێک لە سەر ئاگر و بەردێکی بۆ شۆرکە لێ بوو. پێم لە بەردەکە نا، تەنەکە ئاو وەرگەڕا ناو ئاگر. بە وشکی جلم دە بەر کردەوە و هاتمەوە گوتم باشم خۆ ششت! هەر دەیگوت بە قەستەن وات کردووە!

هەباسی مامەنداغا و شێخ لەتیفی شێخ مەحموود هاتنە لێوژە و میوانی جەواداغا بوون. شەو چوومە لایان. هەباساغا گوتی دەبێ دەعوەتێکمان بکەی. دوو گیسکم کڕی و دەعوەتم کردن. مەجلیسێکی گەورە بوو. قسە دەکرا و «بەڵێ قوربان» دەگوترا. سەرم بردە بن گوێی هەباساغا:

- کاکە ئێوە پیاوە گەورەکان لە ناو ڕەعیەت و ژێردەستاندا هەر قسە دەهاوێن؛ درۆی زۆر گەروە دەکەن. ئەوانە زۆر زیرەکن. هەرچەند لە ترسان بەڵێ قوربانتان بۆ دەڵێن، کە دیار نەبوون لیچتان لێ خوار دەکەنەوە. بە بێ ئابڕووتان دەزانن. تۆزێک ئاگات لە خۆ بێ! درۆیان بۆ مەکە!

هەباساغا لە پێکەنین شین ببۆوە، گوتی:

- یەقین ڕاست دەکەی. بەڵام شوکور شێخ لەتیف لە من درۆزنترە و درۆی زلتر دەکا!