داوای ئێران لە بارزانی و کەوتنە خەتەری ئێمە ئێرانییەکان

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  1114 مشاهده

لەوەتا دەگەڵ ئێران نێوان خۆش ببوو، حاڵی ئێمە ئێرانییەکان کەوتبووە خەتەرەوە. دەوڵەت داوای لە مەلا مستەفا دەکرد کە ئێمەی تەسلیم کاتەوە. مەلا مستەفا حاشای دەکرد کە ئەوانە لای من نیین. تەنانەت شەوێک چوومە لای «حاجی ئۆمەران» بارزانی ببینم. لە کۆڵان تووشم هات، گوتی: زوو بڕۆ! ئێستا کێشەی تۆ بوو. ئێرانی دەڵێن لای تۆیە و دوژمنی دەوڵەتی شاهەنشاهییە. ئەگەر تۆ دۆستمانی، دەبێ بماندەیەوە. من گوتوومە لە کوێ دەژی . خولاسە وەک چاوئێشەدار لێمان دەگەڕان. بەتایبەتی داوای ئەحمەد تەوفیقیان لێ دەکرد کە ڕەئیسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە و هەمیشە پێشمەرگەی بەردەستی ئەو دەچنە ئێران و تەقە لە سەرباز و پۆلیس دەکەن و کەڵەگایی لە ئێران دەکەن؛ دەبێ هەر بماندەنەوە. کە یەکجار زۆریان زۆری هێنابوو، بارزانی ناچار ئەحمەدی بەڕێ کرد بۆ سنووری تورکیە لە گوندی «کانی ماسی» لە «برواری باڵا» بمێنێتەوە و لە سەر سنووری ئێران دوور کەوێنتەوە. کە وەک دەڵێن نە شیش بسووتێ نە کەباب. ئەحمەد هەرچەند بەو دوور خستنەوەیە لە چالاکی و حیزبایەتی دژی ئێرانی داگیرکەری کوردستان دەکەوت، ناچار ملی دا و دەگەڵ چەند هەواڵێکی ئێرانی باری کرد و لێم دوور کەوتەوە. ئەحمەد بەڕاستی شیری میسری بوو؛ دە کالان نەدەوەستا. بەڵام چ دەکەی؟ فەرمانی بارزانییە و وای بە مەسڵەحەت زانیوە. ئەگەر لێکیش دوور کەوتبووینەوە، نامەی دۆستانەمان بۆ یەکتر دەنارد و لە بەرامبەر دەدەدڵیەکانی دڵداریم دەداوە کە سەبر بکا، بەڵکوو ئەوە خوایە ئەم گیروگرفتە بە سەر بچێ و بە خۆشی تووشی یەکتر بینەوە. لەو سنوورە دوورەش کە دەستی لە ئێران کۆتا کرابوو، لە کاروباری بەفایدە نەوێستابوو. سەرەڕای دەرس بە پێشمەرگە گوتن و سەواد فێر کردنیان، دوو باغی بەجێماو لە جاشانی زیندوو کردبۆوە. ڕاستی باغدارێکی زۆر بە سەلیقەش بوو؛ کە من نەمدەزانی. چەند جارێک سێو و میوەی باغەکەی بۆ ناردم؛ دەبوو هەر بێیە سەیریان.

کوردێکی سابڵاغی بە ناوی «سدیق ئەنجیری» ماوەیەک بوو لە تارانەوە هاتبووە «دەربەند» لە «باڵەکایەتی». هەووەڵ جار لە شاری قەڵادزەم دیت. دوایی لە دەربەند چەند جارێکم دەدیت. تاریفی خوێندەواری و زانایییان دەکرد. پیاوێکی هێدی و هێمن و لەسەرخۆ بوو. لەو سەردەمانەدا کە ئەحمەد دوور خرابۆوە بۆ سنووری تورکیە و ئێمە لە «لێوژە»بووین، دەگەڵ سەعید ناوێک- کە بە چاوێک بوو- بوونە میوانی بنکەکەمان؛ پازدە ڕۆژ مانەوە. ڕۆژانە خۆی و سەعید دەچوونە دەری دێ، بۆ جەمی نیوەڕۆ و شەو دەهاتنەوە و تەواو هۆگری سدیق ببووین.

چەند جارێک لە مەکتەبی سیاسییەوە- کە زۆرمان لێ نزیک بوو- خەبەریان داینێ کە ئێرانی ناوی ئەویان پرسیوە؛ با لەو نزیکە نەمێنێ. سامی و من حاشامان کرد و جوابمان نەدانەوە. ڕۆژێک دەبوایە دوو ڕۆژنامەنووس و فیلمبەرداری ئەڵمانی بێنە لامان لە لێوژە. کاک سامی بە سدیقی گوت: ئەمڕۆ مەچنە ئەو سەکۆیەی ناو دارانە کە هەموو ڕۆژ لەوێ دادەنیشن؛ چونکە نازانین کێ دەگەڵ ئەو ئاڵمانییانە دێ. لەوانەیە جاسووسی ئێرانی ڕەگەڵیان کەوتبێ. سدیق لەو قسە ناڕەحەت بوو؛ گوتی: دیارە دەتەوێ ڕام نەگری! ئیتر بێ خواحافیزی کردن دەگەڵ سەعیدە کوێر ڕۆیشتن. چووبوونە جێگەی ڕادیۆ لە «گردێم»؛ ببوونە میوانی خالیداغای حیسامی. گوتبووی هێلکەم هەیە چۆنی دروست کەین! سدیق گوتبووی: دەچم لەو دەم چەمە پنگە دێنم، کووکی دروست دەکەین. ئیتر ئەو ڕۆینە بوو، نەهاتەوە و بێ سەروشوێن چوو؛ کەس خەبەری نەزانی. سدیق زۆر جار سەفەری دەکرد و بە هەواڵانی خۆی نەدەگوت بۆ کوێ دەچم. هەموو کەسێ کە دەیناسی لای وا بوو عەقڵی بڕیویە چۆتەوە ئێران و تاران بۆ لای هەواڵانی توودەییی خۆی. پاش ماوەیەکی زۆر، باوکی سدیق لە قەسرێ هاتە لای مەلا مستەفا، باسی کوڕەکەی کرد کە لەم ناوە شرتوگوم کراوە. بارزانیی گوتی: هیچ وەخت کوڕی تۆم نەدیوە و ناشزانم کێ دەڵێی. تاقیق دەکەم، تۆش بپرسە بەڵکوو شتێکی لە چارەنووسی بزانی. ئێستاش کە نەیزانی سدیق ئەنجیری چی بە سەر هات.