چاپەمەنیی شۆڕش و هاوکارانم

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  759 مشاهده

هێندێک لە ساڵی ١٩٦٥ و نزیکەی هەشت مانگ لە ساڵی ١٩٦٦ لە «لێوژە» لە سەر چاپەمەنیی شۆڕش مامەوە. کاک سامی هاوکارم بوو. پێشمەرگەی چاپخانەمان: «سەعید ئەبووشامیل»- کە مەسیحییەکی عەرەب بوو- زۆر لە کاری چاپ زانا بوو؛ «سەفەری فەیلی»- کە باسم کرد- شیعە بوو؛ «مەجید کەساس»- کە ئەوسا منداڵێک بوو- ئێستا لە شاری سلێمانی لە چاپخانە کار دەکا و چەند جارێک ناوم لە پشت کتێبی کوردییەوە دیوە کە سوپاسیان لێ کردووە. بەختەوەرم کە بە هۆی منەوە فێری پیشەی چاپگەری بووە؛ «شێخ نووری ناوێک» و چەند کەسێکی دیکە.

سەفەر زۆر تووش و جینگن بوو، مەجید، لەو قووت و جینگنتر! ڕۆژ نەبوو شەڕێک نەکەن. وەک دەرسی مەدرەسە لیستەم بۆ نووسیبوون: شەممە: مەجید و سەعید، یەکشەممە: سەفەر و مەجید، دووشەممە: شێخ نووری و سەفەر یان مەجید پێکەوە شەڕ بکەن! ڕۆژی وا بوو سەفەر دوو شەڕی دەکرد؛ دەیگوت: مامۆسا، با ئەمە قەرز بێ لە سەرم!

ڕۆژێک دیتم سەفەر دوو مریشکی بە دەستەوە.

- ئەمە چییە؟

- لە ژنێکم کڕیوە لە گوندی «یندزە». یەکی بە دینارێک.

- غەزەبت لێ بارێ! مریشک یەکی بە حەوت درەمە! (حەوت تمەن)

- نا مامۆسا، ژنەکە وتی هەر یەکی حەڤدە جووجەڵە هەڵدێنن. سی و شەش مریشک بە دوو دینار هەرزانە!

پاش چەند ڕۆژێک، «سەفەر» تفەنگ لە شاندا بەرەو یندزە.

- بۆ کوێ؟

- مریشکم لای ژنێک نایەوە، ئێسە ئەوشێ خاکان گشتیان فاسد بووە. ئەچم ئەو ژنە دەکوژم!

- سەفەر جارێک بە کەریان زانیوی بەسیەتی! مریشکەکانت بکە قەسابی!

دوایی گوتم: من بە دینارێک لێت دەکڕم، بۆ بنکە سەریان ببڕە.

- مامۆسا خۆیشم لە گۆشتەکەیان ئەخۆم؟!

- ئەی چۆن.

- کە وا بێ خاسە!

لە مەقالێکی «خەبات»دا نووسیبووم: درۆکانی دەوڵەت وەک ئەوە وایە کە گوتوویە حەسەن و حوسێن دوو کچی معاویە بوون؛ عەلی لە بەغدا کوشتونی! مەقال حرووفچینی کراوە، نموونەیەکی لێ دراوە، سەفەر دیتوویە:

- سەعید ئەم غەڵەتە چییە؟ تۆ مەسیحیت نازانی، من کە شیعەم دەزانم: حەسەن و حوسێن کوڕ عەلی بوون؛ وە دەست یەزید شەهید کراون! بێنە بیگۆڕە!

سەعید ناچار گۆڕیبووی. پەنجا ژمارەیەک لە چاپ درابوو کە دیتم. جا وەرە سەفەر حاڵی کە و لە سەرڕا حرووفچینی غەڵەت بکەوە!

دوو سەربازی عەرەبی ئەسیری زۆزکییان بۆ هێناین کە خزمەتی بنکەیان پێ بکەین. یەکیان سەیید عەلی، خەڵکی حیللە و ماسیگرێکی شیعە بوو؛ یەکیان حەمەد، خەڵکی لای دیوانیە، فەلاحێکی سوننی بوو. کە هاتن زەرد و زەعیف و لاواز. لووتت گرتبان گیانیان دەردەچوو. زۆر زوو لای ئێمە قەڵەو بوونەوە و زۆر وە کەیف هاتن. تەلیسێکی پڕم تووتن دەگەڵ پەڕە جغارە لای حەمەد دانا. هەر دۆعای بەخێری دەکرد، دەیگوت: تێرە تووتن بووم؛ خوا ڕاوەستاوت کا! زۆرمان خۆش دەویستن. حەمەد زۆر گێژووکە بوو؛ دوو ئیستیکان چای بهێنایە بە سەلامەت نەدەگەیشتن! گوتمان تۆ کە وەرزێر بووی، بێستانمان بۆ بکە! باوەڕ کە بێستانێکی نموونەی بۆ ساز کردین.