باسێک لە خۆم و منداڵەکانم

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  825 مشاهده

لێرەدا دەمەوێ باسێک لە خۆم و منداڵەکانم بکەم:

محەممەد کوڕم عومری چوار مانگ کەمتر بوو کە بەجێم هێشت. لە ماڵی عەبدوڵڵای برام بەخێو کراوە و دایکی وەک دەڵێن بە بێوەژنی چاوەدێریی کردووە. کە هاتنە بەغدا، کوڕ عومری لە نۆ ساڵدا بوو، نەیدەناسیم. زۆر جار کە من دیار نەبوومایە، لە دایکی دەپرسی: ئەو پیاوە کێیە دەگەڵمان لە ماڵێکدایە؟! هەر کەس قەڵس دەبوو، دەردەپەڕی: دەچمەوە ماڵی خۆمان!» کە مەنزووری ماڵی مامی لە سابڵاغ بوو. مستەفام- کە لە شەقڵاوە ببوو- تەمەنی لە ساڵێک کەمتر بوو بەجێم هێشت و چوومە سووریا. پاش ساڵ و نیوێک کە دەگەڵ دایکی هاتن بۆ لام، نەیدەناسیم، پێی دەگوتم: «عەموو» (مامە). کاک محەممەد ئیمامی و دایکی کەریمی لە بیر نەدەچوون و لای وابوو ئەوان کەسوکاری ئەون. کاتێ زاگرۆسم هاتە دنیا، لە مۆسکۆ بووم. ئەوەش بەختی من دەگەڵ منداڵانم... ئەو چەند ساڵەش لە بەغدا کە چوونەتە مەدرەسە، زۆر کەم دیتوومن، من هەر بە شاخ و کێوانەوە بووم و تەنیا دایک ئاگای لێ بوون. جا ئەگەر ئولفەتیان دەگەڵ من زۆر نەگرتبێ، حەقە و کەمتر توانیومە هەستی خۆشەویستیی باوکانەیان بۆ دەربڕم. ئەو حاڵە تا بڵێی تاڵ بوو، بەڵام عیشقم بە ئازادیی کوردستان لەوە بەهێزتر بوو کە خۆم تەنیا نەزری خۆشەویستی و سەرپەرستیی ماڵ و منداڵ بکەم...

لە ماوەی ئەو دەربەدەرییەمدا- کە ئەگەر دە سەر یەکی خەیەوە، پتر لە پازدە ساڵ لە ماڵ و منداڵ دوور کەوتوومەوە- وا بووە بە مانگ و دوو مانگ لایان بووم و دیسان بەجێم هێشتوون. ئەوی بێپسانەوە بووە: هەشت ساڵی هەووەڵ کە لە سابڵاغەوە بۆ عێراق چووم. ساڵێک لە مۆسکۆ، ئەوی تر لە شۆڕش. کە هەووەڵ جار چاردە مانگ نەمدیتنەوە و جارێکیش دوو ساڵ و چەندێکی خایاند.

تا بیرم لە حاڵی خۆم و منداڵم دەکردەوە، دڵم تەنگ دەبوو؛ نەخوازا ڕۆژانی جێژن کە بە بیرمدا دەهات کەس نییە جێژنانەیان بداتێ و دڵیان خۆش کا و ژن، بێوەژن و منداڵ، بێ بابن. بەڵام دیسان دڵم بە کۆشان لە ڕێگەی ئازادی و میللەتەکەم سەبووری دەهات و هەموو لاوە کوردێکم بە منداڵی خۆم دەزانی. زۆر کەسی وا هەبوون لایان وا بوو من قەت خەم ناخۆم؛ بەڵام ئەوان ئاگایان لە دڵ و دەروونی من نەبوو. من پێکەنینم کردبووە سواغی غەم خواردن و هەمیشە گاڵتە و قسەی قۆڕم دەکرد و خەم و کوڵی دڵی خۆم پێ دادەپۆشی. ئەمما پیاو لە هەق لا نەدا، هونەری گەورە، هونەری مەعسوومی خێزانم بوو. دەکرێ بڵێم فریشتەیەکی خودا ببووە ڕەفیقم... برسی باین، ڕووت باین، بەوپەڕی ڕەزایەتەوە، بێ ئەوە گلە لە بەخت و زەمانە بکا، وەک دایکی هەرە دڵنەرم و بابی هەرە دڵسۆز، چاوەدێریی منداڵی خۆی دەکرد و دوور لە مێرد دەژیا و قەت گلە و لۆمەیەکم لێ نەبیست. ئەگەر تەنیا نانی ویشکی هەبا، یان ساز و تەیار با و بیتوانیبا زۆر خەرج کا، هەرگیز فەرقت پێ نەدەکرد و هەمیشە ڕووخۆش و شوکرانەبژێر بوو. هەر ژنێکی دیکە لە جێگەی ئەو با، ساڵێکیشی دەگەڵ دەرنەدەبردم. هەرچەند من بڕوام بە بەخت هاتن و نەهاتن نییە و لام وایە چارەنووس هەڵکەوتێکە و دێتە ڕێ، بەڵام بەو حیسابەی کە دەڵێن فڵان بەدبەخت و فڵان خۆشبەختە، من ئەگەر لە زۆر شت خراپم بۆ هاتووە، لە ژن و شەریکی ژیاندا بەختەوەر بووم.

ژنی پێشووم هەر زۆر باش و ژنی دواییم لە باشیش باشتر و لە وەفاش وەفادارتر بووە و ئێستاش لە پیریمدا مایەی هەموو دڵخۆشیی ژیانمە...

***