خەتەرێکی گەورە

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  780 مشاهده

چوومە ناو خێوەت کە تەنیا بارزانی و عارفی تێدابوو؛ عەمەراغاش هات. دوگمەی بەرگە دەمانچەمان ترازاندبوو؛ دەمانچەش لە سەر پێ بوو. کە ئەگەر لە دەرەوە هەرایەک ڕووی دا، عارف بکوژین. نانی نیوڕۆ لە لایەن دەستەی سەرۆکجمهوورەوە دەدرا. دیار بوو ئەو چەکدارانەی نزیک بوون و لە ناو خێوەتەکاندا چاوەنۆڕ بوون، نەچوونە نان خواردن. هەر وەک منیش وێڕای عەمەراغا گوتمان تێرین؛ نان ناخۆین. ڕەئیسی ستادی ئەرتەشی عارف- کە ڕیش و سەر سپییەک بوو بە ناوی «شاکر محەممەد»- هاتە ژووری خێوەت، سرتەیەکی دەگەڵ عارف کرد. زۆر گوێ لە سەر هەست بووم، تێگەییم پێی گوت: خراپ تووش بووین؛ ئەوانە لە هەموو لاوە دامەزراون و قەستیانە سوارمان بن. بە سرتە بە عەمەراغام گوت: ئێستا ئەوان لە ئێمە دەترسێن؛ وا بزانم ناوێرن پەل ببزێون. لە مێژ بوو هەر لە مووسڵ و بەغداوە پیاوێکم دەناسی بە ناوی «کاکە»؛ فیلمبەردار بوو. ئەویشیان دەگەڵ خۆیان هێنابوو. بە لامدا تێپەڕی گوتی: ئەوانەی بە ناوی فیلمبەردار دەگەڵمان هاتوون، هەموویان پیاوکوژ و لاتن و زۆرتان ئاگا لە خۆ بێ! تا لای عەسر دەو دڵەتەپەیەدا ماین. عارف ماشێنێکی سواریی خۆی پێشکەش بە بارزانی کرد و خواخافیزی کرا. بارزانی سواری ماشێنەکە نەبوو؛ بە جیپەکەی خۆی هاتەوە. من حەولم دەدا یەکێک دەگەڵ خۆی سوارم کا، بارزانی تووشم هات و فەرمووی وەرە دەگەڵ من بڕۆینەوە.

لە ڕێگە زۆر بە دڵپڕی گوتم: چوونەکەت کارێکی زۆر خراپ بوو، هەزاران جار ئەو دەوڵەتە بێنامووسانە بەو فەندەڵفێڵ و سوێندانە کوردیان لە بەین بردووین. فەرمووی: بەڵێ خەتەر بوو؛ بەڵام ئەو پیاوە زلانە زۆریان پێ داگرت و من ڕقم هەستا و هەر خوا حیسابە...

گفتوگۆ و هاتوچۆی نە شەڕ نە ئاشتی درێژەی کێشا. زۆر جار پێک هەڵدەپرژیان و زۆر جار هێمنی و تەرکی شەڕ بوو. ئەم ماوەیە دوو ساڵ و سێ مانگی کێشا. لە مانگی جوولای ساڵی ١٩٦٨دا هێندێک ئەفسەری ئاجوودان و نزیک لە سەرۆکجمهووری دەگەڵ بەعسییان ڕێک کەوتبوون و کوودەتایان دژی ئەوڕەحمان عارف کرد و هەڵیانداشت. پاش سێزدە ڕۆژ بەعسی بە سەرکردایەتیی سەدام و ئەحمەد حەسەن بەکر کۆدەتاچییەکانیان دەرکرد و دووبارە بەعس حوکمی عێراقی گرتەوە دەست.

لە سەرەتای بەهاری شێست و هەشتدا، خێزانم بە دزییەوە هاتبووە سەردانم. منداڵیشی هێنابوون؛ جگە لە محەممەد. خانی کوڕم کە لە تەمەنی چل ڕۆژەدا بەجێم هێشتبوو، خڕکەڵە و نزیک بە سێ ساڵان بوو. هەستی کردبوو کە بابی نییە و دیار بوو زۆری بۆ بەپەرۆش بووە. هەر کە گوتیان ئەوە بابتە! دەستی کردە ملم بەری نەدەدام. هەر دەیگوت: ئەی بابی خۆم! تازە بەجێت نایەڵم! من بابی خۆم هەیە!... ڕاستی کەم وا بووە ئەوەندە دڵم بگیرێ و خەمگین بم؛ کە ئەو دیمەنە دڵتەزێنەم هەرگیز لە بیر ناچێتەوە...