«تووی وشکە و تۆشەی سوڵتانە»!

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  771 مشاهده

مەلا مستەفا هاتە مەکتەبی سیاسی لە گەڵی بەدران. لە ڕەشماڵێکدا بوو؛ چوومە لای. تاوێک مابووم، چای نەبوو. گوتم: دەڵێن جافر سوڵتانی هەورامی لەشکری لە ئێران کردبوو؛ کابرایەکی هەنبانە بە کۆڵ لە دوای لەشکر دەڕۆیشت. لە جوابی پرسیاردا کە چت پێیە؟ گوتی: «تووی وشکە و تۆشەی سوڵتانە!»؛ تۆ بە ناشوکری ناڵێم چاییشت نییە! سبەی ئێوارە چووم بیبینم، لە شێوەڵەیەکدا دەگەڵ هەباساغا بوو. بە هەباساغای گوت: دەزانم لە شۆڕش ماندوو بووی و بێ پرسی من دەگەڵ ئێران و عێراق وتووێژ بۆ مەسڵەحەتی خۆت دەکەی! من مستەفام؛ بمناسە! بە گوللە داتدەبێژم! ئەو هەباساغا فیلەتەنە لنگی دەلەرزی...

خەبەری سەرکەوتنی دوژمنیان دایە کە هاتووە بە دیوی باڵەکایەتیدا. قەراری دابوو زۆر لە ئاغایانی وڵات لە گەڵی بەدران ببینێ. عەسر بوو؛ گوتی دەچم و دێمەوە. بە سواری ئێستر ڕۆیشت. خۆی چووبووە جەبهە. حەفتا کەسی بە سەرکردایەتیی «فاخری حەمەداغا» ئامادەی هجووم کردبوو؛ کە هەر دەبێ ئەوی لێیان گیراوە بیسێننەوە. شەڕ هەڵگیرسابوو. هەووەڵ تۆپمان- کە ستوان خدر ناوێکی لە سەر بوو- سەنگەرێکی دوژمنی لە ڕیزی پێشەوە پێکابوو؛ ئەوسا هجووم کرابوو. بێسیمی دەوڵەتمان لە ڕادیۆ دەبیست کە چۆن شکانێک شکاون.