خەنجەرەکەت شیعری هەرە چاکتە!

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  765 مشاهده

مەکتەبی سیاسی لە گەڵی بەدران بوو؛ کە نزیکی لێوەژەیە. زۆرمان هاتوچۆی گەڵی بەدران دەکرد. گەڵی لەنێوان دوو کێودا ئەوەندە تەنگە، ڕۆژی بەهاری سێ سەعاتە. لای ڕۆژاوای ئەوەندە بەردەڵان و سەختە، ورچی پێ هەڵناگەڕێ. پڵنگی زۆرە. چەند حەپسییەکی عەرەب شەو هەڵاتبوون؛ لە ترسی پڵنگ هاتبوونەوە ناو حەبس.

جارێک میوانی «گردێم» بووم، تەیارە هات. من دەگەڵ سامی تازە خواحافیزیمان کردبوو. لە ڕێ کە دەمڕوانیە تەیارە، بریقەیەکی لە کلکی دەرچوو. گوتم ئەها پێکرا! هەر گەیشتینەوە «لێوژە» خەبەر هات کە تەیارەیەکی سۆخۆی کەوتووە. ئەو ڕۆژەش سەیید ڕەسووڵی بابی گەورە و چەندێک لە هەواڵانی ئێرانی میوانم بوون؛ کە لام وایە شەریفزادە و سالاری حەیدەریش دەگەڵ بوون. بە پەلە هاتینەوە بەرەو «چۆمان» کە تەیارەی کەوتوو تماشا کەین. لە ڕێگە تووشی تاقە ماڵەیەک هاتین لە زار گەڵی؛ کە ڕێگە و قونەبانی ماڵەکە یەک بوون. سەگێکی زۆر دڕی بۆرەلووکە شاڵاوی هێنا. بە گۆچان بۆی چووم. هەر ئەو هێرش دەهێنێ و من گۆچانی لێ ڕادەوەشێنم و کەم کەم پێ دزە دەکا کە گۆچانی بەرنەکەوێ. پاشەوپاش لەو سەربانەوە کەوتە خوار و قوڕاندی. خۆمان گەیاندە کەلاکی تەیارە. ئەحمەد تەوفیق و چەند کەسێکی تریش لە شێخانەوە هاتبوون. کەلاکی خەلەبان سووتابوون؛ کە دوان بوون؛ ببوونە خەڵووز. هێندێک نیشانەی تەیارە کەوتنمان کۆ کردەوە و شەو بووینە میوانی ئەحمەد. «کا خدر» ناوێک خەڵکی گرشەیتانی بەری مێرگان، لە شووشە تەیارەکە- کە پلاستیکێکی ڕوونی ئەستوور بوو- دەسکی خەنجەری تاشیبوو؛ بە دیاری دای بە من؛ کە ڕۆژنامەنووسی ئورووپایی دەیانگوت: «خەنجەرەکەت شیعری هەرە چاکتە!...». ئێستاش ئەو خەنجەرە یادگارییەم هەر ماوە.

لە مانگی ئاپریلدا «سەلام عارف» وێڕای زاهید محەممەدەکەی باسم کرد، لە تەیارەدا سووتا. براکەی (ئەوڕەحمان عارف)، بوو بە جێنشینی و «بەزاز» کرا بە سەرۆکوەزیر؛ بەڵام شەڕ هەر نەوەستا. پێشمەرگە لە زۆر شوێنان زۆریان شکست بە دوژمن دا. دوژمن لە لای ڕەواندزەوە هاتە پێش؛ سەری چیای هەندرێنی گرت و تۆپیان تا نزیکی گەڵاڵە دەهات.