کارەساتی ١٩٦٦/١/١

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 5 دقیقه  941 مشاهده

من پێشنیارم کرد کە حەیفە جەلال تاڵەبانی لە دۆڵەڕەقە بێکار دانیشێ؛ قەڵەمی باشە. با بێتە لامان و لە نووسیندا هاوکاریمان بکا. نامەیەکیان بۆ نووسیبوو کە وەرە مەکتەبی سیاسی کارمان پێتە! وا تێگەیبوو کە دەیکوژن. شەوێک دەگەڵ هەواڵانی دۆڵەڕەقەی ڕایکردبوو؛ چووبووە بەردەستی حکوومەت و بردبوویانە بەغدا. ڕۆژی ١٩٦٦/١/١ بوو. برووسکەمان بۆ هات کە جەلال ڕایکردووە. ناومان لێ نان: «جاشی مودێل ٦٦»، کە تا ئێستاش ئەو ناوەیان لە کۆڵ نەبۆتەوە. ئیتر جەلال و هەواڵەکانی لەو ساوە بوونە چەکداری دەوڵەت و زۆر بێڕوحمانەتر لە سەربازانی عەرەب شەڕیان دەگەڵ دەکردین. تەنانەت «عومەر دەبابە» ببووە شارەزاکەری تەیاران و دێهاتی دۆستی شۆڕشی بۆ دەستنیشان دەکردن. دەوڵەت ناوی لێنابوو: «برا عومەری قارەمان».

ڕۆژێک لە گەڵی بەدران، تەیارە- وەک هەموو ڕۆژانی تر- بۆمبارانی کرد. زیاد لە خەڵک، لاوێک بە ناوی فەتتاح، سەری نابووە کونە بەردێکەوە و لەشی بە دەرەوە بوو. ساچمە بەردێکی کە بۆمبا بڵاوی کردبوو وێکەوت و شەهیدی کرد.

«عەرەب کەڵەکس» ئەفسەرێکی ئەرتشی عێراق و زۆر قسە سەیر بوو. خۆشیمان ئەوە بوو چەند کەسێک لە دەم کەنداڵ لێی کۆ دەبووینەوە کە ئەو سەرگوزەشتی خۆی بگێڕێتەوە و پێبکەنین. ڕۆژێک «عەلی سنجاری»- کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی بوو- هاتبوو لە پێکەنیندا بەشدار بێ، تیلگرافێکیان بۆ هێنا؛ خوێندیەوە و ملی لە نووکە و گریان نا:

- باوکم مردووە.

بە سەرکزی ڕەگەڵی کەوتین و هاتینە لای سکرتێر «حەبیب محەممەد کەریم»:

- ها، خێرە؟

- کاک عەلی باوکی مردووە.

- دەی جا چ بوو؟! دەڵێن باوکت سێ ژنی هەبوو. تێری کەیف کردووە! دەمرێ جێگەی خۆیەتی!

گریان کرایەوە بە پێکەنین.

من لە شۆڕشدا لەبەر تەیارە خۆم نەدەشاردەوە. خەڵک لایان وا بوو ئازایەتییە و لەوان بەغیرەتترم. بەڵام لە ڕاستییەکەیدا من تەنبەڵتر بووم؛ تاقەتی خۆ شاردنەوە و ناو کون چوونم نەبوو. دەمگوت هەرچی دەبێ ببێ و مردن هەر جارێکە...

گردێکی بە ئەشکەوت و دارستان هەبوو، تا تەیارە دەهات، خەڵکی دێمان دەناردە ئەوێ. ڕۆژێک کە دەمانزانی تەیارە دێت، هەموو چووبوونە گردەکە. من لەسەر تەختە فەنەرییەکەی خۆم نوستبووم، ژنێک «ئایشێ مەلا» ناو، زۆر بە ترساوی و شێواوی خۆی بە ژوورەکەمدا کرد:

- مامۆستا چ بکەم؟ ناگەمە گرد، ئەوا تەیارەش بۆمبای هاویشتووە و دەشهاوێ؛ دەخیلە فکرێکم بۆ بکەوە.

- خاتوو ئایشێی بەڕێز! یان دەبێ خۆت بگەیەنیە گرد، یان وەرە سەر تەختەکەی من!

- ئەیڕۆ لەو تەنگانەیەدا قسەی چۆن دەکا!

دەرپەڕی و خۆی گەیاندە بن داران. تا بۆمبای داویشت، تەختەکەم و دیوارەکان دەلەرزین؛ بەڵام چم وێ نەکەوت.

شەوێک چەند میوانێکمان هات، دەبوو لە سەربان بین. گوتم: چرا زەنبوورییکە هەڵدەکەم. لە سەر من؛ خاترجەم بن تەیارە نایە؛ یەکێ نەیگوت چۆن بە قسەی تۆ خاترجەم بین؟! چرام هەڵکرد و تەیارە هات؛ جا وەرە هەڵێ!

ڕەمەزان هات. ئێمە کە شەو تا ڕۆژ کارمان نووسین بوو، پارشێوان مەلامان خەبەر دەکردەوە کە هەستە سەڵا بکە. مەلا دەیگوت: هەر چەند بۆ خۆتان بەڕۆژوو نابن، بە قورعانی لێم خوێندووە خێری ڕۆژووی ئەم گوندە نیوەی بۆ ئێوەیە!

«عەوڵای مەلا» ناو- مێردی ئایشێ مەلای باسم کرد- ڕاوچی بوو؛ بە شوێنی کارگیشی دەزانی. خۆی زۆر خەسیس بوو؛ چی بوایە بە ئێمەی دەفرۆشت: کەو بە سێ تمەن و کۆتر پازدە قران. شەوانی سەرما سۆپەمان نێڵ دەدا؛ کە دەبووە پۆلوو، تەنەکەیەکی دوو کیلۆیی ڕۆنی شاپەسندیی بەتاڵمان پڕ دەکرد لە کۆتر یان کەو، سەرمان دەگرت و لە ناو پۆلوومان دەخست. شەوێک تەقیەوە، لامان وا بوو بۆمبای وێ کەوتووە!

حەمید عوسمان- کۆنە ڕەئیسی حیزبی شیووعی- ناردرابووە لامان هاوکاریمان لە نووسیندا بکا. شەو کە من خەریکی کۆتر پیشاندن بووم، گوتی: نە تۆ، نە سامی نازانن شتی باش بنووسن؛ من فێرتان دەکەم.

- وەک چی؟

- پێویستە نامیلکەیەکی تایبەتی دەرکەین، مەسەلەن: «چۆن دەبییە پێشمەرگەی چاک» و شتی تریش...

گوتم: کاک حەمید، تکایە هەووەڵ نامیلکە بنووسە: چۆن کۆتر دە سۆپەدا دەپیشێنی؟!

تووڕە بوو، گوتی: ئێوە گاڵتە بە هەموو شت دەکەن!

ئێوارەیەک سالاری حەیدەری، سمایلی شەریفزادە و چەند پێشمەرگەیەکی تری ئێرانیم میوان بوون. شەو کە جێگەم نیشان دان، لەسەر لباد و حەسیر کێشەیان لێ پەیدا بوو؛ سالار بە تووڕەیی ڕۆیشت. بەیانی هاتەوە، گوتی: چوومە ماڵە جەواداغا؛ کەس لە وەتاغ نەبوو. نوێنم دیتەوە و نووستم! بەڕاستی قەت پێشمەرگەی هێندە وریا و بەپێم نەدیتبوو.