ڕۆژنامەی «خەبات» و مەجەللەی «ئەخباری کوردستان»

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  1377 مشاهده

کاتێ لە شەڕمان لە ساڵی ١٩٦٥دا ڕۆژ بە ڕۆژ توندتر و خەستتر دەبوو، مەلا مستەفاش دەگەڵ ئێران ڕێک کەوتبوو، تاران حوکمی لەو غەیرە نیزامییانەی خۆی کرد کە دەبێ بچنەوە و لە شۆڕشدا بەشدار بن. واشیان کرد کە بارزانی عەفوویان بکا. هاتنەوە؛ برایم ئەحمەد لە تاران مایەوە. مامۆستاکان هێندێکیان چوونە گوندی «وەڵزێ» و بەشێکیان- کە جەلال تاڵەبانی دەگەڵیان بوو- لە «دۆڵەڕەقە» لای هەباساغا مانەوە. پێشمەرگە چەکدارەکانیشیان، بەشی هەرە زۆریان هاتنەوە ناو لەشکر و لە شەڕاندا بەشدار بوون. کاک عەبدولخالق- کە دە پێشدا موهەندیسی ڕادیۆکەی ماوەت بوو- دەگەڵیان چووبووە هەمەدان. لە گەڕانەوەدا هاتە ڕادیۆی شۆڕش و پێکەوە بووینە ئاشنا.

دەگەڵ کاک سامی ڕۆژنامەی «خەبات» و «ئەخباری کوردستان»مان وەک مەجەللەیەکی هەفتانە دەنووسی. شەو تا ڕۆژ لەبەر چرا زەنبووری کارمان دەکرد. بە ڕۆژ دەبوو خۆ لەبەر تەیارە وەشێرین. کە لە بەغداوە هاتبووم، چاوم زۆر بە حوکم بوو؛ لە جحێڵی بیست ساڵە چاکترم دەدیت. چاوم لە شۆڕش زۆر کز ببوو. دوکتور پێی گوتم هەمووی خەتای چرا زەنبوورییە! کە لە نزیک چاوتەوە بووە و لەبەرت نووسیوە. حوکمی چاوم نیواونیو هاتبووە خوار و بێ عەینەک چم بۆ نەدەکرا.

لەم بەینەدا کە لە «لێوژە» بووین، شەوێک باران دەباری؛ پاش نیوەشەوێکی درەنگ، چوار پێشمەرگەی بادینانی خۆیان کرد بە ژووردا کە ئێمە بە فەرمانی دەروێش بەگی سەرۆکمان پیاوێکمان گرتووە؛ لە ڕێگە هاتوون لێیان ستاندووینەوە. ئەمری کوشتنمان پێ نەبووە. ئێوە دەڵێن چی؟ کاک سامی گوتی: ئێمە ڕۆژنامە دەنووسین؛ کارمان بە سەر ئەو کارانەوە نییە. گوتم: برا هیچ مەوەستن! بڕۆن ئەوانە بکوژن کە هاتوونە سەر ڕێتان. غاریان دا. سامی گوتی: حەقت چییە فتوای وا دەدەی؟ گوتم: کاکە ئەوانە دیارە زۆر خوێڕین. ئەگەر هیچ غیرەتیان هەبا حەبسییان لێ نەدەستاندنەوە. ویستیان بڵێن لە چاپخانە گوتوویانە: نابێ شەڕ بکەن! دەیانەویست پینە بە سەر ترسەنۆکی خۆیاندا بگرن. بەڵێ هەر وا بوو. نەچوونە شەڕ و چووبوونەوە بنکەی خۆیان.

ژنێک چەند قوتوو مەرەکەبی چاپی بۆ هێناین.

سەیرە ئەمەت لە کوێ بووە؟

دەرکەوت «ئاوڕەحمانی مەلا مەحموود»- کە بەر لە من سەرپەرستی چاپخانە بوو- دزیویە و کەس نەبووە لێی بکڕێ؛ داویە بەو ژنە بۆمان بگەڕێنێتەوە.

گوندی لێوژەم جارێکی تریش دیبوو؛ ئەویش لە سەرە بەهاری ١٩٦٥دا دەگەڵ کاک نافیز کە باسم کردووە. لە «قەسرێ»وە بە ڕۆژێکی باران هاتین. لە چۆمی «وەسان» سێڵاو هاتبوو؛ بوار نەبوو. من بە سواری ئێستر لێم دا. ئاو تا نزیک سینگم هات و چی وا نەمابوو ئێستر بخنکێ، گەڕامەوە. ناچار دوور کەوتینەوە و لە پردی «بەرگرکە» پەڕینەوە. ئێوارە بوو؛ من پێش کەوتبووم. ئێسترەکەم لە نزیک پۆلە سپیندارێک، لاقی چەقاند؛ ناڕۆم! بە شووڵی تەڕ کەوتمە گیانی، بێفایدە بوو. کە ڕوانیم ژنێکی قەڵەو وەک دێڵەدێو، ڕووتە و خۆی دەشوا. بانگم کرد:

- دایکم! من و ئێسترەکەت تۆقاند!

ڕایکردە پشت داران و ئێستر بە فشقەفشق ڕۆیشت!

نابەڵەد بووین، شەومان بە سەردا هات و کەوتینە ناو پنچک و داری دەم چەم. نافیز هەر هەرای دەکرد: «کەنگێ دەگەینە لێو گوو؟!» چرایەکمان بەدی کرد. مناڵێکمان دەگەڵ هات و بردینیە ناو گوند. بووینە میوانی شێخ ڕەزای گوڵانی. ئەو ڕۆژە لە جەنگەی باران و تەڕیدا، لە هەورازی وەسان، تووشی لاوێک هاتین، باریک و ڕەنگ زەرد؛ بوخچەیەکی پێ بوو؛ بۆم هەڵگرت. گوتی خەیاتم لە کەرکووک و دەچمەوە. تووشی پڕاییی جەنگەڵێک هاتین؛ لاوەکە گوتی: لەو سەر کە هاتم، شەو لێرە ئیستراحەتم نەبوو.

- ها، دیارە لە دێ بووی و کێچ هەبووە و تۆ شارستانی و ناسکی!

- نەخێر، دێی چی؟ لێرە لەو لێرەوارە بارانم لێ دەباری؛ ڕێگەم نەدەزانی؛ چوومە سەر ئەو دارە زەلامە نەوەک تووشی ورچ بم. زۆر تەڕ دەبووم؛ جار جارە دەهاتمە خوار. خۆم ڕادەژاند ئاوم لێ بتکێ و دەچوومەوە ناو لک و پۆپی دار. تا سبەینە وڵات ڕووناک بوو، ڕۆیشتم.