باسی هەڵاتووەکان بۆ تاران و هەمەدان

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  824 مشاهده

کاک خالیداغای حیسامیش هاتە «گردێم» بۆ ڕادیۆ. چەند شەوێک کە لە سەفەردا دەبووم، قەسری شایۆم دابوویە. شەو لەبەر فانووس کتێبی خوێندبۆوە. مارێک لە حەواوە کەوتبووە ناو پەڕی کتێبەکەی!

بۆی گێڕامەوە: منداڵێک مەنجەڵێک ماستی بۆ خالیداغا هێناوە کە مەحمووداغا ناوێک بۆی ناردووە. تەنیا ناوی ئاغایەتی دوور بە دوور کردوونیە دۆست! منداڵەکە دەڵێ: مەنجەڵەکەم بۆ بەتاڵ کە! پێی دەڵێ: سەرێک بڕۆ، وەرەوە!

قاپی نییە. نیشتۆتە سەر مەنجەڵە ماست و لیسی داوە و شەش ڕۆژان نەخۆش کەوتووە!

دەگەڵ کاک سامی عەبدوڕڕەحمان ناردراین بۆ «لێوژە» لە ناو دەشت، کە بە سەر چاپەمەنی ڕابگەین.

بێ جێ نییە بگەڕێمەوە سەر باسی هەڵاتووەکان بۆ تاران و هەمەدان:

مامۆستا لە تاران خۆش ژیاون. پێشمەرگەی تریش لە هەمەدان، لە پادگانێک کۆ کراونەوە مەشقی سەربازی دەکەن؛ کە ڕۆژێک دژی بارزانی بێنەوە مەیدان. جێژنی بیست و یەکی ئازەر دەبێ بە شادمانی ئەو ڕۆژەی کە جمهووری مەهاباد تێک چووە، جێژن بگرن. دەبێتە هەرای پێشمەرگەی دڵسۆز:

- چۆن ئەوە ڕەوایە؟ ئەگەر ئەم جێژنە بگرین دەبێ لە هەموو بێئابڕوویەک ڕیسواتر بین...

مامۆستا عومەر دەبابە نوتقیان بۆ دەکا:

- دەی جێژن گرتن چییە؟ بۆ ئابڕوومان دەچێ؟! لای کێ ئابڕوومان دەچێ؟! هەر وەک جەنابی تیمسار نەسروڵڵاهی فەرمووی: ئەگەر ئەعلاحەزرەت بفەرموێ گوو دە ڕیشتان هەڵسوون! ئەیکەین. دوایی بە سابوون و ئاو ئەیشۆینەوە، سابوون فرەیە و ئاویش فرە...

ئەوانەی ئابڕووی کوردایەتییان لە لا گرینگ بووە، گوتوویانە خۆمان ڕیش بە گوو ناکەین؛ کێشە کەوتبووە نێوانەوە. هێندێک هەر لە گەل جوێ ببوونەوە. «مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی»- کە لەسەر زۆر شتی تر تووڕە ببوو- هەر چەند لە «ماوەت» قازی شۆڕش و ڕەگەڵیان کەوتبوو، هاتبووە تاران و سەربەخۆ ببووە پەناهەندە و لە ڕادیۆ دامەزرابوو.

ڕۆژێک لە هەڵشۆ دەمڕوانیە کێو. ڕەشایییەکم دیت؛ هات و نزیک بۆوە. «سەفەر» ناوی فەیلی بوو کە پێشووتر تفەنگێکی فرۆشتبوو؛ دەبوایە محاکەمە بکرێ.

- ها سەفەر، خێرە؟

- کاکە! لە هەمەدان ڕامکردووە؛ هاتوومەوە با محاکەمەم بکەن و بمکوژن.

- حاڵتان چۆن بوو؟

- حاڵی سەگ! پێشمەرگەیەکمان لە ناو مەنجەڵی دە عەرزی گیراوی پادگان - کە ماشیان تێدا لێنابوو- کەوت و بوو بە شەهیدی ماشێنە!... مام هەژار! ناوێکیان لێ نابووین ئەوەندەی پێ قەڵس بووم، تا دەیانگوت، دەتگوت هەزار جوێن بە باوکم دەدەن!

- ناوی چی؟

- لە بیرم نەماوە.

- دلاوەر؟

- نەخێر.

- چریک؟

- بریا چریک با!

- جەوانمەرد؟

- کوڕە نەخێر زۆر ناوێکی پیس بوو...

- سەفەر ئەو دەم کە من لە ئێران بووم، بە هی وایان دەگوت: غەیرە نیزامی.

- ئای دەم خۆش! ڕاست ئێژی. غەیرە نیزامی زۆر لە جاش پیسترە! من لە داخ ئەم ناوە هەڵاتم!