قەسری «شایۆ» لە کێوی «گردێم»!

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 6 دقیقه  862 مشاهده

بنکەی ئەحمەد تەوفیق لە پشت گوندی شێخان بە چیایەکەوە بوو؛ کانی و ئاوێکی زۆر خۆشی لێ بوو. هەرچەند لە هەموو بنکەکان دەرهەم بەرهەمی زۆر بوو، کار زۆر بە ناڕێکی ئەنجام دەدرا، بەڵام ئەحمەد پیاوێکی زۆر بە زاکوون و مورەتتەب بوو. پێشمەرگەی ئەو دەرسیان دەخوێند، هەمیشە کاریان دەکرد، کەس زاتی نەبوو لە خەت لادا. نەججاڕ با، دارتاشی پێ دەکرد. هەر کەس هەر سنعاتێکی هەبا دەبوو بیکا و بەهەرە بە شۆڕش بگەیەنێ. زۆر جار میوانی دەبووم و بەو تەنزیم و ڕێکوپێکییەی زۆرم دڵخۆش دەبوو. جارێک لەو جارانەی لای بووم، ناردبووی لە «خانێ» گۆشت جوانە گایان کڕیبوو. هەر دەمانخوارد و ڕەحمەتمان بۆ گا زەرد دەنارد! لە بنکەدا ئەحمەد و هەواڵانی نیوەڕۆ لە سەر جێگەی ڕاکشابوون، منیش لە پاش خۆشوشتنێک- کە ئەحمەد ناچاری کردبووم و پێشمەرگەکانی ششتبوویانم- بە تای دەرپێ لەسەر جێگەکەم دانیشتبووم. کابرایەکی دێهاتی هاتە ژوور، گوتی: کاک هەژار! ئەوە نەخۆشی؟ گوتم: برا ئەوانە بەو حیسابە مردوون. چۆنە هەر لە نەخۆش دەپرسی؟! بوو بە پێکەنین. کابراش قرتەیەکی کرد؛ یانی قسەیەکی سەیرە!

لە پاش ماوەیەک ڕادیۆمان گوێزتەوە بۆ کێوی «گردێم» کە ئەشکەوتی زۆر گەورەی تێدابوو. ڕادیۆ لە ئەشکەوت دامەزرا. کارگەرانیش وێ کەوتین، لە ئەشکەوت و کەپردا جێگەی خۆمان کردەوە. کەلێنە بەردێکم دیتەوە، دیوارێکم لە پێش کرد و دەرگایەکم تێ خست. ئەوەندە تەنگ بوو، ئەگەر تێیدا ڕادەکشام کەسی تری نەدەبرد. دەبوایە دانیشم کە یەکێک بهاتبایە دیدەنیم. نێوم لێ نا «قەسری شایۆ»! کە لە فەڕەنسا مەشهوورە. هەووەڵ ڕۆژ کە لێم ڕوانی، کەلێنە بەردەکە بەرەو ژوور تەنگ و تارێک بوو. چووم سێڵێکی پڕ لە پۆلووم هێنا، مستێک دەرمانی «دی.دی.تی»م بە سەرەوە کرد و دەرکەم داخست. پاش تاوێک سەرم دایەوە؛ دوو دووپشک و چەند جاڵجاڵۆکە و هەڵەپەزەی تێدا مردبوو. لەتە دەرکێک تەختی نووستنم بوو. فانووسێکم هەبوو. قەدەرێک تا شەو درەنگێک لەبەر فانووسم نووسی و لەسەر دەرگا- کە لێفەم لەسەر ڕاخستبوو- نووستم. بەیانی کە هەستام ڕوانیم مارێک- کە بە دەرمان شل بووە- هەر هێندەی بۆ کراوە بە گێژی و شلی گەیوەتە سەر جێگاکەم. قورساییی منی کەوتۆتە سەر و لە بنمدا مردووە.

لە چێرۆکی کۆندا دەڵێن فڵان جێگە شای مارانی لێ بوو؛ بە هەزاران ماری لێ کۆ ببوونەوە. بەڕاستی «گردێم» شوێنێکی وا بوو. کێوەکە خۆڵە پۆتینەیەکی بۆر بوو، ئەوەندەی مار هەبوو نەبێتەوە. مارەکانیش هەموو کۆرەمار (کوڵەوەیباب)؛ بۆری سپی واشی زگزلی کلک زۆر باریکی سەر سێ سووچ بوون کە پێوەدانیان یەکاویەکە و گامێشیش فەراق لێ دەبڕێ. نیوەڕۆ و شەو دە چووین لە ئەشکەوتێک نان بخۆین، قەت نەبوو لە ڕێگە کەسمان تووشی مار نەبێ. ڕۆژێک لەسەر بەردێک لەبەر تاو ڕاکشابووم، عەبدولخالق هاتبووە لام، هەرای کرد: کوڕە هەڵێ مار پێتەوە دەدا! هەستام، مار لە بەر دەرکەوە خزیە خوار. گوتم: کاکە بە خوا من زاڵم بووم، جێگەی ڕۆژانەی ئەوم داگیر کردبوو!

جارێک بیلامانێ لە کەلێنە بەردێکا دەستم بە ئاو دەگەیاند، کە ڕوانیم مارێک لەو کوڵەوەیبابانە، نیو میترێک دوور لە بەرانبەرم پاپۆکەی خواردووە. گوتم: خاترجەم بە! تازە تا کاری خۆم نەکەم هەڵناستم! هەر تماشای یەکترمان دەکرد، تا ئەو شەرمی لە من کرد و هێدیکا جێگەی خۆی بۆ بەجێ هێشتم. پێشمەرگەکان سێزدە ماریان لە ڕۆژێکا کوشتبوو، نابوویانە ناو زەنبیلەیەکەوە و پووشیان بە سەر دادابوو، بردبوویانە مەکتەبی سیاسی:

- فەرموون میوەی گردێمە، بە دیاریمان بۆ هێناون!

سەری پووش هەڵگرە و سەیری مامۆستایان بکە چۆن ڕادەکەن!

زۆر بێ پێخۆری بوو. ڕۆژێک جوانە گایەکی زۆر قەڵەومان بۆ هات کە بارزانی ناردبووی. جا وەرە گۆشت ببرژێنە! بە دووکەڵ تەیارە زانیبوویان. چوار تەیارەمان هاتە سەر؛ لێدە و بوکتە! گوتیان ڕاکەن و خۆ بشارنەوە! گوتم: هەزار بۆمبام وێ کەوێ، دەست لە گۆشت بەرنادەم! هەر چی کردیان نەبزووتم و گۆشتی بەشی خۆم برژاند. بۆمبای ناپاڵمیان پێدا دابووین، تەختی فەنەری لە ناو ئەشکەوتدا ببوونە چنگێک گوراسن؛ لە گەرما توابوونەوە. چەند ڕۆژان بەردی ئەشکەوتێ کە ڕادیۆی تێدا بوو گڕی هەر بەرز بوو. قەسری شایۆی منیش کەس نەیدەزانی جێگاکەی لە کوێ بوو. ئیتر تەیارە فێر بوون و هەموو ڕۆژ سەریان دەداین. شەوانەش تەیارە هەر لە عاسمان خولیان دەخوارد و بۆمبایان دادەباراند.

شەوێک دەگەڵ سێ پێشمەرگە لە گەڵاڵە بووین. بوو بە قرمەی تەیارە. چرا کوژابوونەوە، دەرکەوتین بڕۆین، من جغارەی داگیرساوم بە لێوەوە بوو. کابرایەک جنێوێکی دا و خڕەی لە چەخماخ هێنا بمکوژێ.

- کاکە فڕێی دەدەم و مەمکوژە!

بەو شەوە- کە زۆر تاریک بوو- بێ ڕێگا بە «گردێم» هەڵگەڕاینەوە. چەند جارێک دەکەوتین و ترسیش هەبوو بە سەر ماردا بکەوین. عوسمان سەعیدی (وێژەری ڕادیۆ) بەڕێ دەکرا بچێ دەنگی شەڕ زەبت کا. گەردنازایی خواست کە مەبادا نەیەتەوە. دڵشاد مەسرەف گوتی: مامۆستا سەعید! خوا نەکا مەرگت ببینم؛ بەڵام قەزا و قەدەر. ئەگەر نەهاتیەوە لێفە و سەرینەکەت چ لێ بکەین؟

- دڵشاد با بۆ تۆ بێ.

- دە بڕۆ یا خوا نەیەوە! خۆ من دوو مانگە پەتوویەکیشم نییە!

خەمی ڕۆژانەمان بە گاڵتە و گەپ سواغ دەدا. یەکێکمان نامەیەکی زۆر ناسک و دڵدارانەی لە زمان کچێکی ڕەواندزی بە ناوی «ڕووناک» بۆ عوسمان سەعید نووسیبوو، عوسمان لە هەموو بەرنامەیەکدا خوشکە ڕووناکی ڕەواندزی باس دەکرد کە کیژە کوردی ڕاست ئاوا دەبێ!

پێشمەرگەی بە ناو خزمەتکاری ڕادیۆ زۆر لە لازم پتر بوون. هەر بێکارێک دەچووە لای ئیدریس- کە لە گوندی قەسرێ بوو- دەیگوت بچۆ ڕادیۆ. دەگەڵ عەبدولخالق شەو چووینە «مقەسرێ». شێتێکیان لە بارزانەوە هێنابوو بە گوریس بەستبوویان. ئیدریس گوتی: دە ئێستا من چ لەوە بکەم؟ گوتم: بینێرە بۆ ڕادیۆ، ئێمە جێگەمان زۆرە!...