کاک عەبدولخالق

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  715 مشاهده

باران دایدا و ژیان لە کەپراندا زەحمەت ببوو؛ پەنامان بە گوندان برد. کۆمەڵێک لە ئێمە چووینە «مێرگێ» ژوورێکمان پەیدا کرد. دەچووینە «گوڕێ گاجووتان» نانمان دێنا. ڕۆژێک بانگیان کردین و هەر یەکە سێ دیناریان داینێ. پەک لەو خۆشییە! کاک عەبدولخالقی مدیری هەندەسەی ڕادیۆکەمان، ڕادیۆیەکی خۆی فرۆشت بە هەشت مریشک. پووڵمان نارد لە «خانێ» گۆشت و میوە و ڤۆدکای زۆریان هێنا؛ جەژنێکی شاهانەمان ساز دا. جەلال عەبدوڕڕەحمان ناردبووی ڤۆدکای کڕیبوو بەڵام نەیدەخواردەوە. لێمان قەرز کرد کە بۆی دەکڕینەوە. ئەو دەیگوت دەگەڵ نەهار و شام هەر جارە نیو ئیستیکان دەخۆمەوە. دوای دوو ڕۆژ ساڵح یووسفی بانگی کردین کە:

- سێ دینار بە سەهو دراوە؛ بمدەنەوە!

- هەیهوو سەیدا! هەزمیش کراوە!

حەبیب محەممەد کەریم گوتی: دەڵێن لە مێرگێ ئارەق خوراوەتەوە؛ ڕاستە یان نا؟ هەواڵەکان سوێندیان دەخوارد کە شتی وا نەبووە. گوتم بەڵێ بووە و نیک و بەدم بۆ گێڕاوە. گوتی: وا دیارە مامۆستا جەلال ویستوویە گوناهی خۆی پێ داپۆشێ.

حەز دەکەم باسێک لە کاک عەبدولخالق بکەم کە لەوەتا دیومە تا ئەو ڕۆژە دەمرم لە دۆستە هەرە خۆشەویستەکانمە:

فەقێ بووە؛ بۆتە مەلا. لە سەربازی کراوەتە ئیمام تابوور (قازی عەسکەر). هەر لەبەر خۆشییەوە بە ئیشتیبا دەسکاریی ڕادیۆی کردووە. گەیشتبووە ڕادەیەک فرستندەی ڕادیۆی زۆر بە هاسانی و نرخێکی زۆر کەم دروست دەکرد. ڕادیۆی نیوکیلۆ واتیمان بە پەنجا هەزار دینار کڕیبوو؛ کە لە کەم جێ دەبیسرا. عەبدولخالق ڕادیۆیەکی مەوجی ناوەڕاستی لە سیم و بوتریی بەتاڵ و چەند لامپێک لێک دەدا کە سەد دیناری تێ نەدەچوو؛ لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبیسرا! لە شۆڕشدا ناردیان بۆ چێکوسلاڤاکیا؛ گوتبوویان تۆ لە هەموو موهەندیسان ماهیرتری! بەڵام لە کارخانە کار بکە و شتی تازە فێر ببە؛ دوای شەش مانگ هاتەوە. پێنج موهەندیسی ڕادیۆمان هەبوون کە لە خاریج خوێندبوویان؛ دەبوو عەبدولخالق فێریان کا! لە مەلایەتیدا زۆر زانا بوو. کەمتر مەلا لە موجادەلەدا دەگەڵیان دەردەبرد. ئاغڵەب گاڵتەی بە عەقڵ و سەودایان دەکرد و مەلا ناخۆشیان دەویست. قەت نەمدی دەم بە پێکەنین نەبێ. لە عیشقی کوردستان و ئازادیخوازیدا سووتابوو. چاوی لە ماڵی دنیا نەبوو. بە گاڵتە پێم دەگوت: ئاخر تۆ لە سەربازی مردوو شوتن، ئەو عیلمی ڕادیۆیەت لە قنگی کامیان دەرهێناوە؟!

بە هەموو هێز و توانای خۆی هەتا شۆڕش هەبوو هەر دەگەڵ بوو؛ وازی لە ماڵ و منداڵ هێنابوو. بۆ شۆڕش لە لەشکرێکی دە هەزار کەسی بە بەهرەتر بوو. لە شکانەکەشدا هاتە سابڵاغ، لە تارانەوە چووە ئەڵمانیا. زۆر لە ژیان ناهومێد ببوو. لە ئەڵمانەوە ڕاست چووبووە بەغدا و لە فروودگا گوتی من فڵان کەسی موهەندیسی ڕادیۆی شۆڕش بووم و هاتووم ئیعدامم کەن. بەڵام ئیعدامیان نەکرد و هاتەوە هەولێر و دووکانی تەلەفزیۆن چاکردنەوەی دانا. زۆر بەداخەوە لە ساڵی ١٩٨٤دا لە هەولێر تیرۆر کرا و بەڕاستی گەورەترین زیان لە کورد کەوت...

***