ڕادیۆی شۆڕش

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  872 مشاهده

بارمان کرد. مەکتەبی سیاسی چووە «سڵێ» و من و کاک سامیش بەڕێ کراین بۆ لای باڵەکایەتی. ساڵح یووسفی کرابووە سەرپەرستی ڕادیۆ؛ کە تازە پەیدامان کردبوو. لە پشت «وەڵاش» لە ناو جەنگەڵێکدا کە «گۆڕی گاجووتان»یان پێ دەگوت چووینە کەپرانەوە. دەگەڵ عوسمان سەعید و دڵشاد مەسرەف و جەلال عەبدوڕڕەحمان- کە هەر سێ گۆیندەی ڕادیۆ بوون- لە کەپرێکدا بووین و چەند کەپرێکی تریش هەبوون. نان هەبوو، پێخۆر نەبوو. دەوروبەرمان هەموو ڕەز بوون؛ خاوەنیان ببوونە جاش و بەجێ مابوون. جا وەرە ترێ ڕەشکە بخۆ! هەمیشە سەوەتێک ترێ لە کەپر بوو. کەس نەبوو ڕۆژێ چەند جار زەرگەتەی پێوە نەدا!

لە ترێ ڕەشکە وەڕەز ببووین، گوتمان با بچین ترێی سپی پەیدا کەین. لە ڕەزێک پەیدامان کرد و قەرتاڵەمان داگرت. کابرایەک بە تێڵایەوە لەو لاوە هات. گوتم: کوڕینە تووڕەی کەن تێڵاکوتمان دەکا. من جوابی دەدەمەوە. کابرا سنگی دا سەر تێڵا: ئەرێ کاکە! ئەو ڕەزەشتان بە ڕەزی جاشان زانیوە؟

- نەخێر، گوتمان ڕەزی پیاوانە و بە تێڕادیوی هاتووینێ!

- دە ئەگەر وا بێ نۆشی گیانتان بێ؛ ڕەزی خۆتانە!

ترس و لەرز لە ورچ پتر بوو تا تەیارە. شەوانە ورچ دەهاتنە ناو کەپران و لێمان دەقوولاندن.

ڕۆژێک تازە تاو سەری کێوانی زەرد هەڵدەگێڕا، پێنج تەیارە خوت و خافڵ هاتنە سەرمان و بەر تیرباریان داین. قەت دیمەنی هێندە جوانم نەدیوە: زەرداییی ئاگری مووشەکان وا بە هەندەسە و ڕێک بۆمان دەهاتن کە نەبێتەوە...

سەیدا ساڵحی سەرپەرستمان فەعلەی گرت و چەند قوڵکێکی هەڵقەند کە لە ئایندەدا ئەگەر تەیارە هات خۆی تێدا وەشارین. قوڵکەیەکیان نیشان من دا کە ئەمە بۆ تۆیە: قەبرێکی تەنگی باریکی تاریک. گوتم: سەد جار بە تەیارە بکوژرێم ناچمە ناو ئەو قەبرەوە. ڕۆژانە دەچووم، شوێنێکم پەیدا کردبوو لە ناو ڕەزێکدا. کەس پێی نەدەزانیم. بە ئاسوودەیی دەمنووسی، تەیارەش نەیدەدیتم. شیعری بەرەو موکریانم لەوێ تەواو کرد و زۆرم شیعر و مەقالە بۆ ڕادیۆ دەنووسی.

قەرار درابوو بەرنامەیەکی تورکمانیشمان هەبێ. مامۆستا جەلال عەبدوڕڕەحمان، یەکی نووسی و بۆ خۆی خوێندیەوە. بە ڕۆژ بەرنامە زەبت دەکرا و شەو لە ڕادیۆ گوێمان لێ دەگرتەوە. جەلال زۆر خۆ بە زل زان بوو؛ نەدەکرا گاڵتەی دەگەڵ بکرێ. کە گوێمان لێ گرت گوتم: خودایە بۆ خاتری ئەم مەولوودنامە مبارەکە ڕوحمێک بە کورد بکەی!

هەموو پێکەنین و جەلال تووڕە بوو؛ دەنگی لێ گۆڕیم. وە سبەی شەو کە دەستی پێکرد، بێدەنگ دەستمان بۆ دوعا هەڵێنا و هیچمان نەگوت. بۆ خۆی لە فڵقەی پێکەنینی دا، گوتی: برا ڕاست دەکەن، هەر وەک مەولوودنامە دەچێ!

جگە لە نان و جاروبارە چێشتێک ساوار، یان برینج کە ماڵە «خدرمەنگوڕ» ناوێک بۆیان ساز دەکردین، ڕۆژانە یەکی بیست فلس، یانی چوار قڕانمان خەرجی دەدرایە کە بەشی تووتن و پەڕی نەدەکرد.

«ئەلبێر» ناوێکی ئاشووریمان دەگەڵ بوو؛ حقووقی بوو؛ سەد و پەنجا کیلۆیەک وەزنی بوو. چووبووە دەنگی شەڕ زەبت کردن. شەو هاتەوە و زەبت و ڕادیۆی پێ نەبوو.

- ها، مامۆستا!

- تاریک بوو! زۆر ترسام؛ دابەزیم. بە بیرمدا هات لە سەر عەرز مار هەیە. سواری ئێسترەکەم بوومەوە. زەبت و ڕادیۆم ون کردن!

دوو منداڵی هەش نۆ ساڵەی لەوێ بوون. گوتم: بچن! هەر کەس دۆزیەوە سەد فلسی دەدەینێ. زۆری نەبرد شتەکانیان هێنایەوە کە لە دەم ڕێ بەجێ مابوون.

- مامۆستا ئەلبیر! بتخەینە تەرازوو بارتەقای دە منداڵی کورد دێیەوە. بۆ دەبێ ئەوان نەترسن و تۆ بترسی؟!