کار لە ڕۆژنامەی «خەبات»

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 5 دقیقه  1015 مشاهده

چوومە مەکتەبی سیاسی لە «هەڵشۆ». حەبیب و دوکتور مەحموود گوتیان دەبێ لە ڕۆژنامەی خەباتدا کار بکەی! گوتم: من لە غەڵەتگیریی ڕۆژنامەی عارەبیدا زۆر ماهیرم. ئەگەر قبووڵ دەکەن غەڵەتگیر دەبم. ئەگەر خۆشم بە کوردی شتێکم نووسی، لە سەر حیسابی کارەکەم نەبێ؛ چونکە لەوانەیە ئەوی من دەینووسم ڕازیتان نەکا و مەجبوور نییم بە هەوای کەس بنووسم. ئەوی نەتانەویست «ماڵی قەڵب سەر وە ساحیبیەتی!». پێک هاتین و بە ناوی غەڵەتگیر ئەمرم بۆ نووسرا. قەراریش درا مانگێ پازدە دینارم لە بەغدایە بۆ بدەن بە منداڵەکانم. چاپخانە لە «سونێ» بوو؛ چوومە ئەوێ. بنکەی ئەحمەد تەوفیقیش لەوێ بوو. شەریفزادە، سالاری حەیدەری، سولەیمانی موعینی، حەمەدەمین سیڕاجی، مەلا سەیید ڕەشید، حەسەنی ئیسحاقی، مەلا قادری لاچینی، مام عەلی عەجەم و زۆری تریش کە ئێستا لە بیرم نیین لەوێ بوون.

سونێ زۆر گوندێکی خۆش و بە ڕەز و داروبارە. کارگەری چاپخانەش شەش نەفەر بوون. بەر لەوە من بچم، یەکێ تری بە ناوی ئاوڕەحمانی مەلا مەحموود بە سەرڕا گەیشتبوو. ڕۆژێک مەلایەک لە قەڵادزەوە هاتبوو، چووبوون جێگەی چاپخانەیان نیشان دابوو. وە سبەیڕا تەیارە بۆمبارانێکی خەستی کردبوو، بەڵام بە سەلامەت دەرچووبوو.

لە سەر جۆگە ئاوێکی پڕ لە داروبار، سەکۆیەکی زۆر خۆش لە بەرد هەڵبەسترابوو؛ بەڕاستی شاعیرانە بوو. ڕۆژانە جگە لە کاری ڕۆژنامە، بۆ خۆم شیعرم دەنووسی و فکرم دەکردەوە؛ حەزم نەدەکرد کەس بێتە لام. بەڵام کوڕگەل لە کۆڵم نەدەبوونەوە. تەرجەمەی خەیامم لەوێ تەواو کرد. سەرەتای بەرەو موکریانیشم لەوێ هۆندەوە و لە پاشان لە شوێنێکی تر تەواوم کرد. چەند مەقالە شیعریشم بۆ ڕۆژنامە نووسی و چاپ دەکرا. شیعری «مارمێلکە نییم» یەکێک بوو لەوانە و مەقالاتەکەم نەماوە.

ڕۆژێک خاوەن مڵکەکەی دەوری جۆگەکەت هات. گوتم: مام حەمەد باییی ڕوبعە دینارێک ترێمان بدەیە! سەر دارێکی زۆر بەرز و باریک کەوت کە مێوی لێ هاڵابوو.

- مامە دەکەوی! هیچ نەبێ کڵاشەکانت داکەنە!

پێکەنی: بۆ پێتان وایە منیش وەکوو ئێوەم؟ ئەو دارە بۆ من وەک جادە وایە!

تۆزێکی تر سەرکەوت؛ دار داهات و مام حەمەد کەوت و دەنگی لە بەر نەهاتە دەر. خوا عافووی کا!

زۆر جار دەمدی پێشمەرگەکان دەهاتن نانی وشکیان وەردەگرت و چێشتیان نەدەخوارد و دەڕۆیشتن. کەوتمە شوێنیان، خۆیان بە ناو دڕکە تووتڕکاندا دەکرد و هەنگوینی شەمەترێلکەیان دەخوارد کە شانەی بە دڕکانەوە هەڵدەبەست.

لە سونێوە هاتوچۆی هەڵشۆیەم زۆر دەکرد کە مەکتەبی سیاسی لێ بوو. تەیارە حەجمینی لە هەموو کەس هەڵگرتبوو. کەشیشێکی ئاشووری زۆر پیرمان دەگەڵ بوو، زۆر لە تەیارە دەترسا؛ کونێکیان بۆ کۆڵیبوو. ڕۆژێک تەیارە هات و «ئەبونا بیداری» ڕایکرد بۆ کون. پێش ئەو سەگێک خۆی تێ خزاندبوو؛ لێی مڕاندبوو. هاواری کرد: ڕەمەزان عەقراوی وەرە سەگم لە کۆڵ کەوە!

عەلییە سوورێک خەڵکی گوندی «کانی سێوێ» گەورکان، پێشمەرگەی هەڵشۆ بوو. پیاوێکی زۆر ئازا بوو کە لە دواییدا دەگەڵ سەیید فەتتاح و چوار کەس لە کێوی «حاجی کیمی» پشت قەرەگوێز شەهید کران. عەلی ئاگای لە کەپران دەبوو. بۆی گێڕامەوە: شێخ محەممەدی هەرسینی- کە عەلی دەیگوت: نەسرینی!- عەلی و چەند پاسەوانێکی دیکەی کەپرانی کۆ کردۆتەوە، سوخەنڕانییان بۆ بکا:

- کوڕم! پێشمەرگە نابێ بترسێ؛ نابێ هەواڵی خۆی لە تەنگانەدا بەجێ بێڵێ. وای دانێن ئێستا تەیارە بێ دەسڕێژ بکا، یەکمان بریندار بێ. نابێ ڕاکەین؛ دەبێ بریندار ڕزگار کەین و گوێ بە تەیارە نەدەین...

لەو دەمەدا تەیارە هات. شێخ لە پێش هەموواندا هەڵات! دەتگوت کەروێشکە و تاژی تێ بەردراوە. چووە پشت دارە بەڕوونێیەک و هەرای دەکرد:

- هەڵمەیەن!

- کاکە شێخ بە خوا ئێمەش چاو لە جەنابت دەکەن! هەڵاتین...

مامۆستایانی مەکتەب سیاسی و تەنفیزی لە ناو دڕک و داڵی زۆر چوغوردا کەپرێکیان کردبوو کە هەرگیز تەیارە نەیدەدیت. نیوەڕۆیەک لایان بووم، تەیارە قرماندی. لە کەپرەوە هەڵاتن بۆ ناو بەردەڵانی ناو چەم. هەرام کرد: تەیارە ڕۆیەوە؛ وەرنەوە! کاک سامی وەک تیتری سەرمەقالەیەکی ڕۆژنامەی کە من نووسیبووم دەیگوت: «بە قورعان نایەینەوە!».

شەوێک لە کەپری ساڵح یووسفی بووین، گوتم دڵم خەبەر دەدا کە شتێکی نائاسایی هەیە. هەستام حەسیری بنەخۆم هەڵدایەوە، مارێکی تێدا بوو!

شەڕ لە دەوری قەڵادزە ڕۆژبەڕۆژ توندتر دەبوو. بڕیار درا مەکتەبی سیاسی و چاپخانە بگوێزنەوە بۆ لای ناو دەشت. دەستە دەستە بەڕێ دەکران.

بەیانییەک هاشم عەقراوی بە هانکە هانک هاتەوە کە شەو تووشی لەشکری عێراق بووین و هەواڵەکانم بێسەروشوێنن. لەکن سەنگەسەر جیپەکەی یووسف میران و خۆی تێدا بووە،

تووشی چرای جیپێک ببوون کە ڕووبەڕوویان دێ. دابەزیون کە ئەگەر دوژمن بوو شەڕ بکەن. هاشم بە یەک هەڵاتن شەش سەعات بێوچان هەڵاتبوو؛ کە ئەو خەبەرەی دا. کەچی نە دوژمن، نە تەڕەماش!