بەرەو «زینوێ» و بەو ناوچەدا

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  1077 مشاهده

دەگەڵ سەرهەنگ نافیز چووینە «زینوێ»ی شێخ و بووینە میوانی شێخ عوبەیدیللا. شێخ بۆ ڕۆژێ ڕەشماڵێکی دەور بە کەڵەکە بەرد گیراوی هەڵدابوو. بە شەویش دەهاتینەوە گوند. شێخ عوبەیدیللا مامی شێخ عەلائەددین و نەوەی شێخ کەمال بوو؛ شێخایەتیی نەدەکرد. پیاوێکی زۆر میواندۆست و بە نانوخوان و زۆریش قسەخۆش و لەبەردڵان بوو. سێ کوڕی گەورەی بە ماڵ و ژنی بوو: عومەر- کە خوارزای حاجی محەممەدی شێخ ڕەشید بوو- دەگەڵ سۆفییان دەژیا. سەیید عەلی فەقیرۆکەیەکی سادە بوو. مستەفا کە هەمەکارەی کاری ئاغایەتیی زینوێ بوو. شێخ ئەو کاتە کچی کاکە ڕەزای دایماوی ژن بوو؛ کە نزیکەی پەنجا ساڵێک لە شێخ کەم تەمەنتر بوو. منداڵی لە شێخ نەببوو؛ بەڵام زۆر کابان و خانم بوو؛ دەست و پوختی لەوپەڕی پەسندیدا بوو. نافیز و من پێمان سەیر بوو کە شێخ لە سەر ئەو هەموو میوانداری و سەخاوەتەی، زۆری حەز لە دەعوەت دەکرد. هەر ڕۆژە بە دووکاندارێکی دەگوت: کەی دەعوەتم دەکەی؟ تاجیری زینوەییش بە ناوی دەعوەتی شێخ، گیسکێکیان لێدەنا و پەنجا کەسیان پێوە دەعوەت دەکرد. دوای پازدە شەو بە نیازی کوێستانی بەردە پانەی بناری قەندیل چووین و میوانی شێخەی حاجی ڕەسووڵ بووین کە ئاغای گوندی قەمتەرانی بیتوێن و خاوەن مەڕێکی قەوغا بوو. پێنج ڕۆژ لە هاوین ڕابردبوو؛ هەر چەند شەو لە ناو خێوەتێکی زۆر کیپدا و لەبەر ئاگر و بە پێخەفی زۆر نووستین، تا بەیانی لە سەرمان لە بن چنگی خۆمان دا. بەیانی هەموو ئاو ببوونە سەهۆڵ؛ دەست و چاومان بۆ نەشۆرا. بە سوێند و قورعانی خاوەن ماڵ، دوو شەو ماینەوە. گوتیان ئەگەر بەرەو قەڵادزە دەڕۆن، بە کوێستانی قەندیلدا زۆر نزیکە؛ بەڵام چوار سەعاتێک بە سەر بەفردا دەڕۆن. بچین؟ نەچین؟... ناچین! سبەی کە وەڕێ کەوتین تووشی شیوە پەڵەیەکی پڕ بەفر بووین کە مەودای بیست میتر نەدەبوو. پلەکانی لێ پکە! کەوش داکەنە! بە نیو سەعات بە قیڕە دەرچووین. هەڵی کردە وڕە؛ دنیا لە مژ تاریک داهات. لە سەرمان دەلەرزین. هەمووی سەعاتێکی نەبرد بە دیوی «ئینێ» و «مژدینان»دا هاتین. لەو دیو زستانی سەخت، لەم دیوی عەینی کێو، لەبەر مێش و مەگەز و گەرما وەڕەز ببووین. هەردووکمان ئێستر سوار بووین. نیوەڕۆ چووینە «خوشکان» و شەو گەینە «وەڵزێ»، بووینە میوانی شێخ ڕەزای گوڵانی کە کۆنە ئەفسەری پۆلیس بوو. ئێسترەکەی من سواری بووم، فێرە بازدان بوو؛ قەت لە دەراوی ئاسایی نەدەپەڕیەوە. ئەم حیزباب خێوە مانی دەگرت؛ دەبوایە کەنداڵە جۆگەی زۆر هیلاک پەیدا کا و باز بدا. لە سەر بەرەژێرانیش بە ئانقەست بەردێکی بڵندی دەدیتەوە، خۆی هەڵدەدا! ئەو سەفەرە گەیمەوە قەڵادزە. جگە لە ئەحمەد تەوفیق و دەستە و دایرەکەی، زۆر کەسی دیکەی سابڵاغیم دیتن. دەگەڵ مینەشەم چووینە «هێرۆ» بۆ لای کاک سەعدی حاجی بایزاغا و سەیید محەممەدی ئاجیکەند و چەند کەسێکی تر لە خزمانیان. سەیدە شینەی خاڵۆزاشم لەوێ دیت و نۆ ڕۆژان مایەوە و زۆرم خەبەر لێ پرسین کە بۆ من تازە بوون. بەڵام ئەمەی خۆش بوو هەر کەسی لێم دەپرسی چۆنە، دەیگوت: پێرێ یان دوێنێ دیتوومە. نۆ ڕۆژ ڕابرد، تاریخ لە لای ئەو نەگۆڕا!

چەند جارێک چووینە کوێستانی جەمالەددین بۆ ماڵی حاجییاغای مەحمووداغا. ئێوارانە دەگەڵ کاک سەعد دەگەڕام و شەوان و ڕۆژانمان بە گاڵتە و جەفەنگ ڕادەبرا. عەونی یووسفی کۆنە وەزیری قاسم لە کوێستانی جەمالەددین بوو. ڕۆژانە دەچووە سەر ڕێی قەلەڕەشەی سوێسنیان، هەر کەر و بارێکی کوردی ئێرانی دەدیت، تاریفی شاهەنشای لە لا دەکرد. گوتیان ئەوە چۆتە تاران میوانی ساواک بووە؛ ڕۆژانە سێ بوتڵ ویسکی لێ دزیون. لە سەر ئەوە دەریان کردووە. ئێستا کە تاریفی شا بۆ کەرداری سوێسنی دەکا، بە هومێدە شا بێتەوە و دووبارە بچێتەوە سەر ئەو ئاخوڕە چەورە!

حەسەنی کوڕی ڕەحیمی قازیم دی تازە ببووە پێشمەرگە، لای وا بوو پێشمەرگە دەبێ پیس و چڵکن و ڕووت بێ. کاڵە شڕەیەکی دە پێدا بوو سەگی لێ دەتۆرا! بە هەزار گیڕە کەوشەکانی خۆمم دایە کە هەر لە کاڵەکانی چاکتر بوو. چووبوو لە قەڵادزەوە جووتێک کەڵاشی تازەی هەورامی بۆ ناردبووم.

ڕۆژێک لە کوێستانی جەمالەددین بووم. کاک یووسف میران- کە ڕوتبەی سەرگوردی لە ئەرتەشدا بوو- دەگەڵ بابەکر پژدەری هاتن لە کێو دیتیانم. گوتیان: حیزب دەڵێ کارمان دەگەڵ بکا. گوتم: نەهاتوومەوە بۆ کار کردن؛ دەمەوێ بێکار ڕایبوێرم. گوتیان مەئموورین هەر دەگەڵ خۆمانت بەرین.