مەشقی پەڕینەوە لە پردی سیڕات و چەند نوکتەی تر

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  1015 مشاهده

لە چیای هەڵگورد بارزانی گوتی: دەیانگوت هەژار نایەتەوە شۆڕش. من لام وا بوو هەر دێیەوە. ڕۆژێکی دیش کە تازە هاتبوومەوە پرسی: زەبیحی چ دەکا؟

گوتم: موخالیفی تۆیە!

- دەڵێن بردووتە ماڵە خۆت؟

- بەڵێ ڕەفیقی چەند ساڵەم بووە؛ نەخۆش بوو. بەڵام لێت ڕوون بێ نەیتوانیوە فکری من بگۆڕێ...

ڕۆژی دوایی من و مەلا باقی بەر لەوانی تر داگەڕاینە سەر جادەی لای «چۆمان». دنیایەکی چۆڵ بوو. لەبن دیواری کۆنە قاوەخانەیەک خۆمان دابووە بەر سێبەر. کوڕە جحێڵەیەک هات ڕابرێ، ئیشارەی بۆ لایتەکەی مەلا باقی کرد کە دە بەرگی خاکی گیراوە و بە پشتێندیدا شۆڕ بۆتەوە:

- مامۆستا مەلا باقی ئەوە چییە؟

- هەهۆ هەهۆ! لاو وایە سیلاحێکی سیڕڕیم پێیە؛ بڕۆ!

گوتم: بۆ دڵی دەشکێنی! جحێڵە؛ دڵتەڕە؛ وایزانی زوڕنات پێیە و ئەگەر حەیرانێکی بۆ لێدەی دڵی خۆش دەبێ!

زیرەکییەکی خۆم: تازە لە بەغدا دووکانم دانابوو. دەگەڵ دانشجوویێکدا بە ناوی مەزهەر دۆست بووین. چەند ساڵێک بوو لێک هەڵبڕابووین. ڕۆژێک کوڕێک هاتە لام. زۆر بە گەرمی چاک و خۆشی دەگەڵ کردم.

- ئای کاکە چۆنی؟ خەبەری کاک حەمیدی برات؟

- حەمیدی چی و برای چی؟!

- کاکە تۆ مەزهەر نیت؟

- های قسەی قۆڕ چەند پێکەوە هەواڵ بووین؟ چۆن نامناسیەوە؟ کوڕی شێخی دارەخورمام!

- ئای ڕاست دەکەی؛ ببەخشە!

- بە خوا دڵم زۆر لێت ئێشاوە. ئیتر نەچی ئەوجار منت لە بیر بچێتەوە!

- نەخێر خاترجەم بە!

ڕۆژێک لە ئیدارەی مەبانی عام یەکێک هاتە لام. لە دڵی خۆمدا گوتم: بڕوانە من چەند نازیرەک بووم. ئەوە مەزهەرە چۆنم لێ گۆڕابوو. هات سەلامی کرد، کۆکایەکم بۆ بانگ کرد.

گوتم: کاکە چۆنی! خەبەری کاک حەمیدی برات چییە؟

هەستا گوتی: شەرتە کۆکات ناخۆمەوە! تۆ دیارە دەتەوێ من ئاشنات نەبم، گاڵتەم پێ دەکەی! پێم گوتی من کوڕی شێخی دارەخورمام! ڕۆیشت و نەگەڕاوە.

لە شۆڕشدا ڕۆژێک لە شەقڵاوە نانی نیوەڕۆم خوارد. کوڕێکی مەسیحیشم کردبووە میوانی خۆم. گوتیان پووڵەکەتان ئەو ئەفەندییە داویە. لێم ڕوانی بە پێکەنینەوە هات:

- کاک هەژار چۆنی؟

- جارێ توخوا پێم بڵێ تۆ کوڕی شێخی دارەخورما نییت؟

- یانی چی؟ ئەگەر وا بێ نامناسیەوە. من مەزهەرم!

- دەی کاک حەمیدی برات چۆنە؟!

- زۆر باشە و سەلامت لێ دەکا.

نەقڵی خۆم و شێخی دارەخورمام بۆ گێڕاوە. تێر بە زیرەکییەکەم پێکەنی!