لە چیای هەڵگورد، چاو پێکەوتنەوەی سەلکە ڕێواسان؛ پاش بیست و چەند ساڵ

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  944 مشاهده

مەلا مستەفا لە کوێستانی «کیکان» بوو؛ لە چادری مام تەها ناوێک. نووری ئەحمەد تەها گوتی: دەگەڵ سەرهەنگ مودەڕڕیسیی ساواکی- کە ناوی خۆی نابوو عەلی- بە ڕێدا دەچووین، گوتی:

دەتناسم، تۆ هەژاری! گوتم: دیارە ساواکییەکی زیرەکی!

مەلا باقی سەرەتانی بوو؛ ناردبوویانە تاران. ساواک دەوریان دابوو، خستبوویانە بەر پرسیارانەوە. مەلا مستەفا خەبەری دانێ کە دەبێ دە بیست و چوار سەعاتا بیهێننەوە.

مەلا باقی گوتی: هەژار! لە تۆیان لێ پرسیم؛ گوتم ئەو لە لێوژەیە و ڕۆزنامەمان بۆ دەنووسێ.

- جا بۆ ڕاستیت گوت؟

- کاکە زۆرم درۆ لەبۆ کردن؛ گوتم با ڕاستییەکێشی تێدابێ!

لە لێوژە لاوێکی زۆر باڵا بڵندی بە سەر و سیمایان ناردبووە لام کە ئێرانیی کرماشانییە و پەنای هێناوە؛ ناوی داریووش بوو. پاش چەند ڕۆژێک ڕۆیشت. دەفتەرێکی لێ بەجێ مابوو؛ بە خەتێکی زۆر ناخۆش چەند خاتراتی خۆی نوسیبوو کە سەر و بنی خاتراتی مەدحی دەزگای شاهەنشاهیی ئێران و گاڵتە بە گەلی کوردی ڕووت و کەسیف بوو. پاش قەدەرێک گوتیان داریووش گیراوە و ساواک داوای دەکاتەوە. گوتم: ئەو خێر و بەرەکەتەیان بدەنەوە؛ ڕەنگە خۆیان حەز بکەن نەیاندەنەوە!

پێویستە ئەمەش بڵێم: دوای جیابوونەوەی برایم و هەواڵانی، حیزب کۆنگرەی بەست و سەرلەنوێ مەکتەبی سیاسی و تەنفیزی و مەرکەزی پێک هێنا. چەند کەسێکی باشی وەک دوکتور مەحموود و حەبیب محەممەد کەریم و هی تری تێدابوو. بەڵام زۆربەیان پیاوی بێکارە و ئامرهێزی عەسکەری بوون. «لەبەر بێ مەلایی بە کەڵەشێر گوترابوو بولقاسم...»؛ چونکە- وەک باسم کرد- زۆربەی ڕۆشنبیران و پیاوانی لێزان لە دووبەرەکییەکە ڕەنجابوون و شۆڕشیان جێ هێشتبوو.

ڕۆژێک لە «بن دایزا» دەگەڵ دوکتور مەحموود و سمایل عارف و ڕۆزنامەچییەکی ئامریکایی میوانی ماڵێک بووین. سمایل- کە لام وایە لە هیچ هەڕاجە بازاڕێک بە پووڵە سووتاوێکیان نەدەکڕی- ملی بە باسی حیزب جەلال و برایم نا کە زۆر کەر و نەزان بوون... گوتم: هەر ئەوەندە کە تۆیان بە ئەندام قبوڵ کردبوو بەسە بۆ شایەتیی ئەحمەقییەکەیان!

دوکتور گوتی: خۆ ئێمە بۆ مەکتەبی سیاسیمان هەڵبژاردووە!

دەگەڵ بارزانی چووینە سەیرانێکی چیای هەڵگورد. لە خوارەوە گەرما و لەو بەرزە سەرمایەکی زۆر سەخت بوو. پاش بیست و چەند ساڵ تووشی ڕێواسان بووم کە وەک زەمانی فەقێیەتیم بۆ خۆم هەڵکەنم. فرمێسکێکم لە چاو داوەری و بیری زەمانی جوانی و منداڵیم وەک فیلمی سینەمایی هاتەوە بەر چاو...

نیوەڕۆ بوو، لە سەرمان دەلەرزیم. غارم دا ناو کونە چارداغێکی چۆڵ. جلە ماینێکم دیت، پاڵووەکەم کردە ملمەوە و جل وەک پەستەک پشتی داپۆشیم و ڕاکشام. مەلا مستەفا سەری کێشا؛ وای دیتم زۆر پێکەنی.

- قوربان سەرمامە؛ ئیجازە بدە بڕۆمەوە!

داگەڕام گەیمە بەرانبەری «ناوەندێ». خەڵکی دێ هاتبوونە پێشوازی بارزانی. چڵەدارێکی خواری باریکیان بە سەر ڕووباردا ڕائەنگاوتبوو، پێت لە سەر دادەنا دەلەرزی، دەبوو ئەوسەری بگرن تا دەپەڕیەوە. بارزانی و هەواڵانی گەیشتینە سەر ڕووبارەکە و بە سەد دەرد و ئەڵڵا ئەڵڵا پەڕینەوە. بە مەلاکەی ناوەدێم گوت: مامۆستا ئافەریم بۆ تۆ! مەشقی پەڕینەوە لە پردی سیڕاتت پێ کردین!