سەگی کوڕی سەگ لە سەگ نەجیبترە!

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  833 مشاهده

- خەبەرمان داوە بە بارزانی، بچۆ لە گوندی «بن دایزا» بیبینە و ئەسپ حازرە.

ساڵح بامەڕنی، یەکی تۆپنەی زۆر قەڵەو کە لە دەزگای بێسیمدا کاری دەکرد و دەمناسی و جەوانێکی بیست و دوو سێ ساڵە بوو؛ بە خەیاڵیش چەند ساڵ بوو عاشقی «مریەمێ سابڵاغی» بوو کە لە ڕادیۆوە ماملێ پێی هەڵگوتبوو! هاتە لام:

مام هەژار کارێکی زۆر دژوارم کەوتۆتە تۆ؛ چارم لێ بکە! ماینەکەم منداڵە؛ بە قسەم ناکا. منیش دەگەڵ تۆ دێم. تۆ پێی بڵێ بڕوا؛ شەرم لە تۆ دەکا!

ئەی بەسەر چاو!

ڕۆژی دووهەم بوو کە لە گەڵاڵە بووم؛ تەیارە بۆمبایەکی هاویشت؛ لە مێرگێکی دا. شەفیعی ئەحمەداغای نزیکەی سێ میتر فڕێ دابوو؛ دە قوڕی چەقاندبوو؛ بەڵام چی لێ نەهات!

دەگەڵ ساڵح و ماینەکەی چووینە «بن دایزا». شەو چووم بارزانی ببینم، کۆڵان زۆر تاریک بوو، سەرمان دە سەری یەکتر کوتا؛ یوونس عەقراوی بوو. جا وەوە و پێبکەنە؟

یوونس کە تۆم لە بانزینخانەی هەولێر دیت لە ترسان ڕۆحم پێ نەما!

ئاگات لە من نییە، کە تۆم دەگەڵ سۆفییان دیت گوتم ئێستا بە گرتنم دەدا!

لە تفەنگی بەتاڵ دوو کەس ترسابوون!

بارزانی لە جوابی پێشنیاری حاجی محەممەد هەر وەک خۆم بە حاجیم گوتبوو، وای گوت کە هەتا خۆی دەگەڵ دەوڵەت نەکاتە دوژمن، هیچ ناکرێ؛ بەڵام فەرمووی کاری چاکی هەر ئەوە بووە گە تۆی ڕزگار کردەوە. جوابی حاجی بە حەمەداغای مێرگەسووردا بەڕێ کرایەوە.

ئەو شەوە لەناو قساندا باسی جاشێک کرا کە لە باوکی خۆی خراوترە. بارزانیی گوتی: کابرایەک تووتەڵە سەگێکی دەگەڵ سەگێکی گەورە بردبووە بازاڕ، دەیگوت: زەلامەکە بە پێنج درەم، تووتەڵەکە بە دە درەم.

یانی چە؟

ئەم زەلامە هەر سەگە، ئەمما چکۆڵەکە سەگی کوڕی سەگە و نەجیبترە!

ئەو نوکتەیەم بیر کەوتەوە کە گۆیا حەمەڕەزا بە ڕەزاشای باوکی گوتبوو: تۆ هەر شای، من شای کوڕی شام؛ دەبێ لە تۆ سەخیتر بم!

ماوەیەک لەو ناوە مامەوە. شەوێک لە گوندی «شێخ وەتمان» میوانی مەلا تەها بووم کە پیاوێکی زۆر قسەخۆش بوو. بەیانی کە دەڕۆیشتم گوتی: برا مەلایەک میوانی مەلایەک ببوو؛ بەیانی کە ڕۆیشت دەیبۆڵاند و تفی لە ڕدێنی خۆی دەکرد: ئاخر ئەگەر ئەو مەلایەت نەدەناسی خۆ خۆت دەناسی؟ چۆن بوویە میوانی مەلا؟ تۆش ببوورە ئەگەر خزمەتت نەکراوە، خۆشت مەلای!

لە کتێبی «ئەلئەغانی»دا باسی شاعیرێکی عەرەب دەکا کە ناوی «ئیبنولحەمام» (کوڕی کۆتر) بووە. لە گوندێکی لای حەڵەب لادەداتە ماڵێک؛ خاوەن ماڵ دەڵێ: میوان ڕاناگرم.

-تۆزێک ئاوی ساردم دەیە.

-ئاوکێشی بابت نییم!

-لێمگەڕێ لەبن سێبەری دیوارەکەت بحەسێمەوە.

-دیوار بۆ نەناسان بەرز نەکراوەتەوە!

دیارە تۆ من ناناسی! من ئیبنولحەمامەی شاعیری بەناوبانگم.

-بڕۆ یەخەم بەردە و کوڕی قەلەڕەشە بە!