پەیامی حاجی محەممەدی لۆلان بۆ بارزانی

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 9 دقیقه  893 مشاهده

حاجی محەممەد- کە سەیید عومەری کوڕی شێخ عوبێدیللاشی دەگەڵ بوو- دایمەزراند کە: برا زۆر بەداخەوە ماڵە لۆلان بوونە مەلعوونی تاریخی میللەتی کورد؛ بارزانیش بوو بە موقەددەس. نازانم بابم چۆن بوو، بەڵام خوا شاهیدمە من ئەوەندە بەو جاشەتییە ناڕەحەتم کە هەتا تماشای خۆم دەکەم بێزم لە خۆ دەبێتەوە. سۆفی و بارزانیش زۆر لە مێژ ساڵە دوژمنی خوێنی یەکترن و تا تووشی یەکتر بن، ئەگەر یەکتر نەکوژن لایان وایە کافر دەبن. ناتوانین و بە قسەشم ناکەن کە ئێمە دەگەڵ بارزانییان بین؛ بەڵام ڕێگەمان بدەن دەچینەوە وڵاتی لۆلان؛ یاریدەی شۆڕشیش بە ماڵ دەکەین. پیاوێکی بارزانیش لە ناومان بێ بۆ ئاگاداری لە ئیخلاسمان. دەگەڵ دەوڵەت بە شەڕ نایەین؛ بەڵام ناشچینە یاریدەی. تۆ ئەم پەیامەم بۆ بگەیەنە بە بارزانی و جوابەکەم بۆ بنێرەوە.

گوتم: حاجی محەممەد! وەک پەیامەکەم گەیاندبێ و جوابم هێنابێتەوە وایە. بارزانی هێندە ساویلکە نییە ڕێگە بدا ئێوە دۆستی حکوومەت بن و بچنەوە مەڵبەندی لۆلان، ببنە دیوارێک لە نێوان وڵاتی سۆران و بادیناندا و لێکمان بڕ بدەن. ئەگەر دۆستی دەوڵەت بی، ناچار دێتە سەردانت؛ تۆپ و تانک و زرێپۆش دێنن، پشتی هەڵگوردمان لێ دەگرن. ئەگەر ئێوە لە دیانا چەند ئەفسەرێک بکوژن و بڕەون، وەک دەڵێن پردان بڕووخێنن، بارزانی ڕازی دەبێ کە شەڕیشی بۆ نەکەن و لە ماڵە خۆتان دانیشن. بەڵام ئەگەر لە سەر ئەو مەبەستەی خۆت سوور بی، وتووێژی منی ناوێ و لە ئیستاوە بفەرموو بمگرن!

- بە خوا متمانەیان نایە کە ئەودەم بارزانی قڕمان ناکەن؛ بەڵام تۆ سەعیی خۆت بکە و بەڵکوو جوابێکی باشم بۆ بنێری.

- باشە تۆ هەرچی گوتووتە بە بارزانی دەڵێم و شەرتە زیاد و کەمی نەکەم و بیر و بڕوای خۆشم دەرنەبڕم.

سبەی بۆ پاشنیوەڕۆ ماشێنێکم لە دوو هات و چوومە ئەو گەڕەکەی حاجی و سۆفییەکانی لێ دەژیان. دەستێک چۆغە و ڕانکی دەلنگ فشی جاشانەی زۆر عالی- کە ڕەنگی سپی بوو- دەگەڵ پشتێندێک و دوو جامانەی سەری بەستراو- کە وەک عەمامەی ئاخوندی شیعە بە شەش مانگ بڵاو نابێ و ئەگەر بڵاو بوو دەبێ وەستاکار بۆت ببەستێتەوە- کرا بەرم. وەرەقەیەکی بە ئیمزای فەرماندەی فیرقەی کەرکووک و هەولێریان دامێ، نووسیبووی عەبدوڕڕەحماناغا لە فورسانە بەڕێزەکانی دەوڵەتە! مۆری پێوە نرابوو. تفەنگێکی یازدە تیریی تازەیان بە دوو ڕەخت فیشەکەوە لێ بار کردم؛ قەت جاشی وەک خۆم شیکم نەدیوە! سواری ماشێنێکی سواری بووم و عەمەری شێخەوڵا- بێ چەک- کە تفەنگ و فیشەکدانەکانم هی ئەو بوون، دەگەڵ سێ سۆفیی هەرکیی ڕیش پانی چەکدار دەگەڵما سوار بوون. ڕانندەیەکی کوردیش لێی دەخوڕی. ڕانندە دەبێ بچێتە بانزینخانە بانزین وەرگرێ؛ منیش لە پێشەوە سوارم. ئەی خودا! ئەی ئایەتولکورسی! کەسی ناسیاو نەمبینێ کە بوومەتە جاش! بەڵام نەخێر تووش بووم: برادەرێکی پێشمەرگە بە ناوی «یوونس عەقراوی»- کە زۆر پێکەوە هەواڵ بووین- جامانەیکی ڕەشی جاشانەی لە سەرە و لەسەر کورسییەک دانیشتووە سەیری بانزین وەرگران دەکا. لێرە چۆن نەجاتم دەبێ؟ بە خودا بێ و نەبێ یوونس بۆتە جاشی دەوڵەت؛ ئێستا خەبەرم لێ دەدا، منیش دەگرن و حاجی محەممەدیش تووش دەبێ. دڵم لەسەر سەت و بیستی لێ دەدا، یوونس چاوی بە من کەوت. هەستا و ڕووی کردە پشتی بانزینخانە و لە بەر چاوم ون بوو. نەخێر گیرام و تازە ڕزگارم نابێ. وەڕێ کەوتین؛ هەر ئاوڕ دەدەمەوە: لە کام نوختە دەمگرن؟ نازانم. گەینە نزیک شەقڵاوە بە عەمەرم گوت لامەدەن! گوتی: حاجی پێی گوتووم. لە خوار شەقڵاوە سەرباز ڕایانگرتین، ماشێنیان پشکنی، هێندێک شەککریان دۆزیەوە کە دووسەد گرامێک دەبوو. گرووهبانێک پرسی: ئەوە چییە؟

عەمەر گوتی: خۆت دەزانی ئێمە فورسانی دەوڵەتین. بارزانی شەککری نەماوە چای پێ بخواتەوە، ئەوەندەی بۆ دەبەین خێرمان دەگاتێ!

گروهبان گوتی: گاڵتەم پێدەکەی؟!

- ئاخر برا تۆ- بە قەولی بارزانییان- ئەو تۆزە شەککرە بە چوار پێنج جاش ڕەوا نابینی! من چ بڵێم؟

گوتی: بڕۆن! لە ڕێگە سۆفییەکانی پشتەوە بۆ خۆیان قسەیان دەکرد. یەکیان دەیگوت: مێزەر سوورێکم کوشت، خەزایەکی باش بوو! پاش نوێژی شەوانێکی درەنگ، زۆرمان نەمابوو بۆ شاری دیانا، لە دەشت عەمەر گوتی: بوێستن. بە منی گوت: دابەزە! بە ڕانندە و سۆفییەکانی گوت: ئێوە بچنە دیانا تا منیش دێم. ماینەوە عەمەر و من. وە دوای کەوتم کە بە شیوەردێکدا لە ڕێگەی لادا. تاوێک دوور کەوتینەوە، دەشتە و چۆڵ و تاریک و لە ڕێ بە دوور، وێستام؛ گوتم: عەمەر نیازم وایە بتکوژم! تفەنگم هێنا سەر پێ و ڕامداشتێ. عەمەر زۆر ترسا؛ دەمی تێک هاڵا؛ بە لەرزۆکی و کزی گوتی: خودێ تە من ناکوژی!

- بۆ ناتکوژم؟ دەشتی لەوە چۆڵتر نابێ. دەتکوژم و تفەنگەکەت دەبەم و بە پێشمەرگە دەڵێم سۆفییەکی شێخ ڕەشیدم کوشتووە؛ خەڵاتم دەکەن. هەلی وا بۆ کێ هەڵدەکەوێ؟!

- خودێ تە من ناکوژی!

- ئاخر بۆ چی ناتکوژم؟!

- چونکە تۆ لەوە پیاوتری کە من بە غەدر بکوژی.

- یانی هەر لات وایە ناتکوژم؟

- بەڵێ دڵم بڕوا ناکا تۆ من بکوژی.

- دە ئەگەر دڵت باوەڕ ناکا، ئەو بارە قۆڕەت بۆ بە من هەڵگرتووە؟ ها بگرە تفەنگی خۆت بۆ خۆت هەڵگرە، شانم هاتە خوار!

نازانی کە تفەنگەکەم دایەوە چەند وە کەیف هات! هەر دەیگوت پیس تووش ببووم. بەڵام دڵم باوەڕی نەدەکرد بمکوژی! گەیشتینە گوندێکی چوار پێنج ماڵی بە ناوی «سلێماناوا». چووینە ماڵێک، عەمەر سرتەی دەگەڵ ساحێب ماڵ کرد؛ دایانکردین و زۆریان قەدر گرتین. عەمەر ئەمجار دەمی کرایەوە:

- سەیدا! بە بێجان بڵێ ئەم حەفتەیە کەوش و قوماشەکەی بۆ دەنێرم؛ بە میرۆ بڵێ ئاگای لە شکارتەکەم ببێ؛ بە فڵان بڵێ کارم بۆ پێک هێناوە...

- عەمەر ئەوە تۆ وەک قڕژاڵ بە دوو سەر دەڕۆی: جاشی سۆفیشی و دۆستی پێشمەرگەش!

- با وا بێ!

عەمەر ڕۆیشت. شەو درەنگێک کابرایەکی کورتە باڵای بۆرەلۆکینەیان ڕەگەڵ خستم کە بمباتە گوندی گوان.

مانگ هەڵاتبوو، مانگەشەوێکی زۆر خۆش. کابرا لە سەر چنگان دەڕۆیی؛ دەتگوت سەی بۆرە!

- ئەوە بۆ وا دەکەی؟

- وست! لە سەنگەری جاشان زۆر نزیکین؛ دەمانبینن دەمانکوژن!

- هەتیو من دوو ئەوەندی تۆ درێژم. سپیم وەک کەڵک. دە پێشدا من دەبینن. هەستە لەسەر دوو پێ بڕۆ! دەنا قدیلکەم دێ و ناچارم پێبکەنم و جاش پێ دەزانن.

ڕاستم کردەوە؛ بەڵام بە ڕۆیشتنەوە دەلەرزی. گەیاندمیە گوندی گوان؛ تەسلیمی حاجی حوسێن ناوێکی کردم و گەڕایەوە. حوسێن گوتی: ئەمشەو لێرە بە! لەبەر تۆپان ناوێرم دەگەڵت بێم. سبەی شەو دەگەینە پێشمەرگە.

- کاکە گیان سبەی شەویش تۆپ هەر هەیە! وا بزانم هەر ئێستە خۆتم لێ خەلاس کەی باشترە. یان ڕێگەم نیشان دە! بە تەنێ دەڕۆم.

ناچار گوتی: با بڕۆین. نزیکەی سەعات و نیوێک پێ هەڵگەڕاین. لە بناری «زۆزک» پێشمەرگە دنگیان داین:

- کێن؟

- کاکە خۆمانین، دۆستین.

بێجان جندی گوتی: کاک هەژار خودێ من دەنگێ تە ناس کر، تۆ چۆن هاتی؟

گەیمە بێجان و کابرا گەڕاوە. لەبن دارێک دەگەڵ پێشمەرگەی بێجان مەجلیسمان گەرم کرد. یە لەو سەرگەرمییانەمان: تفەنگێکیان بەرەو پادگانی ڕەواندز داویشت، بە هەزاران فیشە و گوللە تۆپیان لە جوابی ئەو تاقە فیشەکەدا دەتەقاندەوە!

شەوم لەوێ ڕابواد. سەعیدی حەمەد عەلیاغامان دەگەڵ بوو؛ کە پێمان دەگوت «سەعیدە کوێر». هەتا تۆپ لە ڕەواندز داوێژرا، زوو پەتووی دە خۆیەوە دەپێچا!

- کاکە بۆ پێت وایە پەتوو زرێی دژی گوللە تۆپە؟!

نەقڵێکی گێڕاوە کە لە دەشتی شنۆ دەگەڵ ئێران شەڕمان بوو؛ ڕۆژێک چوومە دەم چۆم جل بشۆم، تەیارە هات. کۆنە ڕێوییەکم لە کەنداڵ بەدی کرد و خۆم خزاندە ناوی. پێلەقەیەکیان لە سەرم دا، شێخ سولەیمانی بارزانی بوو گوتی: پەکوو لێرەشم لێ ناگەڕێن؟!

بۆ بەیانی چووینە بنکەی بێجان. پێشمەرگەیەکی زۆر زوو ناردبوو کە خەبەر بدا و جیپێک بێ بمبا. تا ئێوارە عەسر خەبەر نەهاتەوە؛ گوتم خۆم بە پێ دەڕۆم تا تووشی کابرای ڕاسپاردە دەبم. شەوم بە سەردا هات و درەنگ بوو. لە پەنا ڕێوە لامدا ناو پنچکان و لە قەراغ چۆم ڕاکشام. سەرمایەک بوو هەڵدەلەرزیم. بەو حاڵەش هێندێک خوتم. تازە ئاسۆی عاسمان ڕوون دەبوو، هاتمەوە سەر جادە و ملم لێنا. گزینگ لە سەرانی دا گەیمە «بەرسیرین». بنگەی حەمەداغای مێرگەسووری لەوێ بوو؛ لەبن دارێک نان و چایان دەخوارد. ئەگەر ناشارەزا نەبوومایە شەو دەگەیمە بەرسیرین و ئەو سەرمایەم نەدەچێشت. لەوێ تا ئێوارە مامەوە. سوارێک هاتبوو لە دووم، بردمیە گەڵاڵە؛ عەبدوڵڵاغای پژدەری پێ ڕادەگەیشت. میوانی وەتاغەکەی ئەو بووم. چەقە و هەرایەک بوو دەتگوت حەمامی ژنانە. یەک دەڕۆیشت و دوو دەهات؛ خەوی چی و جەهەندەمی چی؟! سەعات دووی پاش نیوەشەو عەوڵاغا گوتی دەچمە فڵان جێ تا بتوانی بخەوی. ئەمجاریش نە خەو نە تەڕەماش. هەر دەهاتن: عەوڵاغا چی لێ هات؟!... نەخێر بێفایدەیە. پەتوویێکم هەڵگرت و لە دێ دەرچووم. بە دۆڵێکدا ڕۆیشتم، تووشی حەسەنی برای عەوڵاغا بووم لە سەر تاقە کانییەک دوو لبادی ڕاخستووە و نووستووە. بەهـ بەهـ! ئیتر حەسامەوە و گەرمای تاو خەبەری کردمەوە. چوار شەوان بۆ نان خواردن لای عەوڵاغا و بۆ نووستن من و لباد و پەتووی سەرکانی و حەسەن!