شەڕی دەشتی هەولێر و چیرۆکی برایم ئەفەندی

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 6 دقیقه  884 مشاهده

سێبەر شۆڕ ببوون، تەقە قەوما، غارمان دا سەربان. لە دەشتی خوار هەولێرەوە شەڕێک بوو کەس شتی وای نەدیوە: تەیارە بە بۆمبا و تیربار، تۆپ و تانک و عەسکەر، تەقە و گرمە و قرمەیە. دووکەڵ دەشتی گرتووە. تەیارەیەک پێکرا و لە نزیک ماڵان کەوت و گڕی لێ بەرز بۆوە. هەموو خەڵکی هەولێر، ژن و پیاو لە سەربانانەوە سەیریان دەکرد و دەنگی «ئافەریم پێشمەرگە» لە هەموو لایەکەوە بڵند بوو. منداڵە هەولێری هەر مەپرسە چ قیڕە و هەرایەکیان بوو هەر حەزت دەکرد گوێت لێ بێ. هەتا سێرە هەڵگیرا، شەڕ هەر بەردەوام بوو. شەو ماشێنێک لە دەرەکی ماڵ وێستا؛ حاجی محەممەد بوو. بەر لە هەر شت باسی ئەو شەڕەی گێڕاوە گوتی: کوڕە سەیر لەوەدا بوو سۆفییەکانی ئێمەش- کە دوژمنی پێشمەرگە و هەواڵی دەوڵەتن- لە سەربانەوە ئافەریم و چەپڵە لێدانیان بوو بۆ ئازایەتیی پێشمەرگەکان!

ئەمما چیرۆکی ئەم شەڕە چ بوو؟

«برایم ئەفەندی» کە سەردەستەی پێشمەرگەکانی ناو شاری هەولێر بوو- لە کێو بە کن ژن و منداڵی ئاوارەی پێشمەرگەدا تێدەپەڕێ، ژنان زۆری جنێو پێ دەدەن کە پێخۆرێکی وامان نییە و هەر خۆت قەڵەو دەکەی. برایم ئەفەندی دەزانێ شەوی عاشوورا لەبەر خاتری سەربازان- کە زۆربەیان شیعەن- گۆشت زۆر سەردەبڕدرێ بۆ ڕۆژی عاشوورا. شەو دەوری قەسابخانەی پادگان دەدا. دوازدە پۆلیسی لێیە، چەکیان دەکا و حەپسیان دەکا لە ژوورێکدا و دەرکەیان لەسەر گاڵە دەدا. کەلاکی شێست مەڕ، بیست مانگا و گا، دوازدە گامێش لە کامیۆنی قەسابخانە بار دەکا و دەچێ دەڵێ ئەوە پێخۆر و دابەشی دەکا. سبەی ئاشپەزخانەی پادگان چاوەنۆڕی گۆشتە و نییە. کە دەچن جێ تەڕە و گامێش نەماوە! پۆلیس حەپسن و قەساب بە ساتوور و کێردەوە دەگەڵ کامیۆنە گۆشتان براون کە کەلاکان شەقوپەق کەن. لەشکر لە برایم ئەفەندی دەنگ دەدەن، دەچنە سەر «بنە سڵاوە» کە بنکەی پێشمەرگەیەتی و ئەو شەڕەی ئێوارە قەوماوە کە پتر لە شێست سەربازی دەوڵەت کوژراوە، دوو تانک شکاوە و تەیارەیەک بە تیرباری گرینۆف پێکراوە و سووتاوە و لەشکری دەوڵەت بە سەرشۆڕی گەڕاوەتەوە.

حاجی محەممەد گوتی: بە دووربین دەمڕوانی. تانکێک کەوتە سەر پێشمەرگەیەک. پێشمەرگە لە بەری هەڵات؛ لە زورکانێک خۆی هاویشتە کەنداڵێک و دامەزرا و بە بڕنەو تەقەی لە تانک کرد. تانک لە بەر کابرا هەڵات و لە پشتەوە پێشمەرگە ڕاوەدووی نا!

ئەگەر بۆ گەلانی بێکەسی وەکوو کوردیش وەک گەلانی خوداپێداو تاریخ بنووسرابا، ناوی برایم ئەفەندی لە ڕیزی ئازا و کارزاناندا بە ئاوی زێڕ و بە درشتترین خەت دەنووسرا. بەڵام ئاخ و سەد داخ کە ئەو جۆرە پیاوانە ناویان لە بیر دەچێتەوە و کەس ئاوڕیان وەسەر نادا... بەڵام ئەوەندەی من لێی دەزانم زیانی نییە تۆش بیزانی و جاروبار وە بیرت بێتەوە:

برایم ئەفەندی بە دەرەجەی ستوان دوو لە ڕشتەی پۆلیسدا بوو؛ هاتبووە ڕیزی شۆڕش. هەولێری بوو. پیاوێکی بە قەڵافەتی چاو و برۆ ڕەشی جوان چاک. لەوەتا هاتبووە کۆڕی خەباتەوە، ناوی برایم ئەفەندی زراوی ئەفسەر و چەکداری دەوڵەتی عێراقی بردبوو. دورژمنانی کوردی نیوەشەو لە ماڵە خۆیان دەردێنا و دەیڕفاندن و کەس هەستێ پێ نەدەکرد. جارێک دە پاش نوێژی شێواندا، پۆلیس هەموو ڕێگەی هەولێر - شەقڵاوە، هەولێر - کۆیەی بەستووە و هەموو ماشێنان دەپشکنێ؛ زۆر کەسان دەگرێ؛ تا بەیانی نەزانراوە کە ئەو پۆلیسانە پێشمەرگەی برایم ئەفەندی بوون و جل و زمانیان گۆڕیوە!

سەرهەنگێکی عەرەبی ئەستێرە لەسەر شان دەگەڵ دوو ستوان لە جیپێکی دەوڵەتیدا، دوو کامیۆنی زیلی سەربازی بە دواوە، سەرباز و پۆلیس و جاشە عەرەبی عەگاڵ بە سەر تێدا، تەرجومانێکی کورد دەگەڵ، بە ناو مەڵبەندی عەشیرەتی گەردیدا دەگەڕێن. لە هەر دێیەک خەڵک کۆ دەکەنەوە: فەرمانی شەڕ دەگەڵ بارزانی دەرچووە؛ کێ ئامادەیە بێت. سەرهەنگ دەڵێ و کابرای کورد تەرجەمە دەکا.

- قوربان من ئامادەم! ئەوەش تفەنگم.

- بڕۆ لاچۆ تۆ بە کار نایەی، ئێمە پیاوی سابقەدارمان دەوێ. خۆ پووڵی دەوڵەت بە خۆڕایی نییە!

- قوربان وەڵڵا گەنمی پێشمەرگەم سووتاندوە؛ لە فڵانە جێ شەڕم کردووە؛ شایەتم هەیە...

- دە بڕۆ سوار بە!

بیست و هەشت دانە جاش لە ئاغایانی گەردی کۆ دەکەنەوە و بەرەو هاوینەهەواری سەلاحەددین بە شۆسەدا دێن. هەر کەسیش سوار بووە، پۆلیس تفەنگی لێ ورەگرتووە و هەڵیپەساردووە کە لە مەیدانی شەڕدا وەریدەگرنەوە. لە سەلاحەددینەوە لادەدەن بەرەو هیران.

- قوربان دەچینە سەر بنکەی کام پێشمەرگە؟

- قوربان و سندان جاشی سەگباب! دەتانبەمە تەویلە! من برایم ئەفەندیم!

ئەو دەمە دەگەڵ میران لە هیران بووم، ئاغا جاشەکان لە تەویلەوە داوایان لە من کردبوو تکایان بۆ بکەم لە تەویلە دەرکەون. بڕیار درا هەر یەکی شازدە عەڵبە گەنم بدەن و لە جێ مەدرەسەیکدا حەبس بکرێن.

دەوری وانێتێک لە ژوورەوەدا بە تەلیسە خۆڵ هەڵچنراوە؛ پێشمەرگە سەنگەری تێدا گرتووە. پاشەوپاش بۆ سەر سەنگەرێکی پڕ لە جاش چووە و تەقەی لێ کردوون و جاشی گرتوون. وانێت، سەربازان هێنابوویانە هەولێر، منداڵە ورکە بە شوێنیەوە هەرایان دەکرد: حوکمات تانکی برایم ئەفەندی گرتووە!

ماوەی پتر لە چوار ساڵ، نیوەی بێسیمی ڕەمزی دەوڵەت، داد لە دەستی برایم ئەفەندی بوو. تا وای بە سەر هاتبوو شەوانە تووشی ئەفسەری خۆشیان بوونایە، دەیانگوت برایم هات و هەڵدەهاتن.

جارێک تاریفم کرد کە پیاوێکی ئازا و بە جەرگ و فێڵزانی. گوتی: بە خوا من نییم، کوردی هەولێرن ئەو کارە دەکەن. شەوانە هەموو ماڵێک دەرکەی کراوەتەوە. هەر گۆشتەکەی عاشوورا، قەسابی هەولێر خەبەریان بۆ ناردم و دەگەڵیان بار کردم. ئێواران بە سواری دووچەرخە بۆ ئارەق خورادنەوە خەڵکی هەولێر دێنە دەشت و خەبەری ناوشارم دەدەنێ...

بەداخەوە ئەو پاڵەوانە تاقانەیە بە دەستی جاشی پژدەریان کوژرا کە چووبوو ناوبژیی شەڕیان بکا. بە سەتان حیکایەتی سەرسووڕێنەر لە ئازایەتیی برایم ئەفەندی لە هەولێر و مەڵبەندەکانی تری عێراقا لەبەر کراوە و من ئەمانەم بۆ نموونە باس کرد.