ئەجەل لە کوێم دەبینێتەوە؟

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 7 دقیقه  773 مشاهده

هەر چەند پێم وا بوو ناگەمە نیوەی ڕێگەی کەرکووک و پێشمەرگەی تۆبەکار بە گرتنم دەدەن، دیسان چاوم لێ قووچاند و هەر چی دەبێ با ببێ... چوومە مەیدان کە ماشێن بگرم بۆ هەولێر، کاک محەممەد مەولوود پەیدا بوو؛

- ئەوە لێرە چ دەکەی؟

- دەمەوێ بچمەوە شۆڕش. هاتووم ماشێن بگرم.

- کاکە هیچ قسەی لێ مەکە! من دەگەڵ مەحمووداغای خەلیفە سەمەد و حاجی محەممەدی شێخ ڕەشیدی لۆلان هاتووم؛ سبەی دەڕۆینەوە هەلێر. خۆ هیچیان ناتناسن؟

- نەخێر نەمدیون.

- وەرە دەڵێم ئەوە خاڵمە و دێ سەری خوشکی دەدا؛ کە دایکمە. دیارە دەگەڵ ئەو دوو جاشە زلانە کەس ناتوانێ لە ڕێگە ڕامانگرێ.

- ئویف چەند شتی باشە!

قەرارمان دا بەیانی بچمە ئوتێل و ڕەگەڵ کەوم. ڕۆژی عاشوورا بوو. تەواوی دووکان و تەنانەت نانەواخانەش داخرابوون. سەعات حەوت و نیوی بەیانی چوومە ئوتێل؛ کاک محەممەد گوتی:

- ئەوەیە خاڵە عەبدوڕڕەحمانم!

- زۆر بەخێر هاتی.

حاجی محەممەدی شێخ ڕەشید ڕەنگی زەرد ببوو؛ دەیناڵاند و دەستی بە زگیەوە بوو. گارسۆنی ئوتێل هات گوتی عاشوورایە؛ هیچ دەرمانخانە لەو ئاقارانە نییە.

گوتم: حاجی خێرە؟

- کاکە لە شەوەوە زگم زۆر کار دەکا و دێشێ؛ حەجمینم لێ هەڵگیراوە.

بە گارسۆنم گوت: قاوە و جەوهەری لیمۆتان هەیە؟

- بەڵێ.

دەمە کەوچکە چایییەکی چکۆڵە جەوهەری لیمۆم لە فینجانە قاوەیەکدا تواندەوە. دە پێشدا کەوچکێکم لێ خواردەوە نەوەک خەیاڵ بکا کە دەرمان داوی دەکەم. خواردیەوە؛ دوای نیو سەعاتێک گوتی ژانی زگم شکا و زگیشم وێستاوەتەوە. مەمنوون بۆ ئەو دەرمانەت.

دوو کامیۆنی سەربازی پڕ لە سەرباز و ئەفسەر هاتن. کاک محەممەد و من دەگەڵ مەحموودی خەلیفە سەمەد- کە جاشێک بوو زۆر دەبەنگ و کەر- کوڕێکی مەحموودبەگ سواری سوارییەک بووین. ڕانندەیەکی خۆیان لێی دەخوڕی. حاجی محەممەد و سێ کەس لە خزمانی لە ماشێنی سوارییەکی ترا. دوو ماشێنی تریش هەر چەکداری ئەوان لە بەغداوە بەرەو هەولێر هاتین. نیوەڕۆ گەیشتینە کەرکووک. لە ئوتێل «شرق الٲوسط» دابەزین. کاک محەممەد و من چووینە ژوورێک.

گوتی: با بچین لە ڕستووران نان بخۆین. گوتم: کاکە! من چەند ساڵ شاگرد عەکاس بووم لە کەرکووک؛ زۆر کەس دەمناسن. لەوانەیە پێشمەرگەی پەشیمانیش تووشم بن. تۆ بچۆ! گوتی باشە نانت بۆ دەنێرم. نانیان بۆ هێنام؛ لە ژوورەکە خواردم. لەسەر تەختێک ڕاکشام کە تا دەڕۆین بنووم. دەرگای ژوورەکەم کرایەوە. کابرایەک لە هەواڵانی حاجی محەممەد هاتە ژوور:

- کاک هەژار دەبێ عەفووم بکەی من تۆم نەناسیبوو!

- جا ئێستا بۆ دەمناسی؟! من تۆم قەت نەدیوە و هەژاریش نییم. لێت تێک چووە.

- ئەی بێقەزا بی! ئەو ڕۆژەت لە بیر نەماوە کە شەڕ لە سەر «سەفتێ» بوو؟ تۆ خۆت لە حەیدەربەگ و حوسێناغای مێرگەسووری تووڕە کرد، گوتت: نامووستان دە خەتەردایە. هیچ نەبێ ژن و خوشکی خۆتان بپارێزن تا جاش نەیبردوون... من چۆن تۆم لێ دەگۆڕێ؟

- باشە جەنابت بۆ لەوێ بووی؟

- ئەز غولام من لە شەڕی لۆلان بە ئەسیر گیرابووم لە بارزان دەست بەسەر بووم و ئەو ڕۆژە لە نزیک تۆ و بارزانییەوە چووبوومە بن بەردێک و سەیرم دەکرد. ناوم عەمەری شێخەوڵایە. حاجی محەممەدیش هەر تۆی نەناسیبوو.

- دەی جا ئێستە ناسیومی؟

- بەڵێ من پێم گوت!

- دە باشە بچۆ دەر! من دەمەوێ بخەوم.

عەمەر چوو. خوایە ئەجەل لە کوێم دەبینێتەوە؟ چۆن بە پێی خۆم کەوتوومە داوی مەرگەوە؟ مەحموودی خەلیفە سەمەد، مامی محەممەدی شێخ ڕەشید، کە بە شیعر و نەسر هەزار جوێنم بە باب و باپیری داوە؛ دەشزانن هاونشینی بارزانی بووم. ئێستا چ بکەم؟

چوومە سەر تەختەکەم، لە پەنجەرەی بڵندەوە ڕوانیم بەڵکوو بتوانم خۆم فڕێ دەم و هەڵێم، نەخێر نە دەگەمە پەنجەرەکە، نە دەتوانم باز دەم، پتر لە شێست میتر بەرزە تا عەرز. نا، باشتر وایە بە بیانووی دەست شوتنەوە بڕۆمە لای پلەکان و هەرچۆنێک بێ تا حاجی محەممەد نەمگەیوەتێ لە دەرگای ئوتێل دەرچم و بە ناو کۆڵاناندا ڕاکەم؛ بەڵکوو ڕزگارم بێ. لەو فکرانەدا بووم حاجی محەممەد هاتە ژوور:

- کاک عەبدوڕڕەحمان حەز دەکەی بڕۆین پێکەوە قەدەمێک لێ دەین؟

- بەڵێ بۆچی...

بە دڵمدا هات: لە کەرکووک زۆر شارەزام؛ بە پێچی کۆڵانێک هەڵدێم و خۆم ون دەکەم. دەرکەوتین. چوار سۆفیی چەکدار بە دوامانەوە و ڕاست بە سەر پردە تازەکەی «خاسە»دا

ڕۆیشتین کە ڕێگەی هەڵاتن نەبوو. لە ڕێ زۆر باسی شیعری کوردی کرد و بە قسەی خۆشی ڕابوارد، هیچ باسێکی تری نەکرد. لەوسەری پردەوە گەڕاینەوە ئوتێل. بردمیە ژوورەکەی خۆی. بە سۆفییەکی گوت، دوو کورسی هێنا سەر باڵکۆن کە دەیڕوانیە خەیابان. بانگی عەمەری کرد؛ سرتەیەکی دەگەڵ کرد. عەمەر پەنجەرەی پێوەدا و چوو لە دەرگای ژوورەکە وێستا. حاجی محەممەد لەپڕ سەری هەڵێنا و پرسی:

- تۆ هەژاری؟

- بەڵێ.

- تۆ دەزانی چەندت دڵی ئێمە ئێشاندووە و چەندت جنێو بە خۆم و بابم داوە و خەڵک چونکە شیعرە لەبەریان کردووە؟ ئاخر بۆ چی وات دەگەڵ کردووین؟

- حاجی! تۆ دەڵێی موسوڵمانم. ئەگەر بڵێن وا دوژمنێکی دین دەیەوێ مەککە و مەدینە وێران کا و هاوارت بۆ بێنن، دەچیە هاوارێ و بە دڵ دیفاعیان لێ دەکەی؛ ئەگەر کەسێک ڕێگەت لێ بگرێ و نەهێڵێ لە پارازتنی قیبلەکەتدا بەشدار بی و سەرکەوی، ئایا چاکەی دەڵێی؟ یان بەر لەعنەت و جنێوی دەدەی؟ من لە عەشیرەتی بارزان نییم. هەزارانی وەک منیش چەند تۆ کابەت لە لا پیرۆزە، کوردستانمان پتریش لە لا بە قەدر و پیرۆزە. ئازادیی دەپەرستین. بارزانیمان بۆیە خۆش دەوێ کە یاریدەمان دەدا قیبلەکە بپارێزین. تۆش و کەسانی تری وەک تۆ دەتانەوێ ئازادییەکەمان سەر نەگرێ و بەرەو پاشمان ڕادەکێشن. لێت ڕوون بێ ئەگەر شێخ ڕەشیدی بابت لە جێگەی بارزانی با و بۆ ئازادی حەولی دابا، بارزانیش شەڕی دەگەڵ ئازادیخوازان کردبا، ئەو جنێوانە بە بارزانی دەدرا و تاریفی بابتمان دەکرد. من لێرەدا حەق دەدەم بە خۆم، تۆش کەیفی خۆتە چۆنت پێ باشە وا بکە...

- ئێستا کە بەر چنگمان کەوتووی پێت وایە چت دەگەڵ دەکەین؟

- نازانم، بەڵام تۆ وەک پیاوێکی کوردی عاشیرەتی ببزوویەوە پیاوانە و پەسندە. مەمدەنە دەست دەوڵەت؛ بۆ خۆتان لەو دەشتە بمکوژن و گەردنتان ئازا بێ. بۆ کەوچکە خوێنێک ناپاڕێمەوە؛ ناهەقیشتان ناگرم. پیاو بە و مەمدە دەست عارەبان؛ دەشمدەی بڵێم چی؟

- ئەوە دیاری دا کە محەممەد مەولوود دەستی ئێمەی بڕیوە و تۆ خاڵی ئەو نیت. بەڵام پێم بڵێ بۆ کوێ دەچووی؟

- دەچوومەوە بۆ لای بارزانی، ئەگەر لە ڕێ دەرچووبام.

- کاک عەبدوڕڕەحمان! جگە لە عەمەر و من کەس نەیزانیوە تۆ کێی. بە عەمەرم گوتووە باست لای کەس نەکا. هەر خاڵی کاک محەممەد بە و لە هەولێریشەوە وا دەکەم بگەیەوە ناو پێشمەرگە و هێندێک ڕاسپێریشم هەیە پێت دەڵێم. عەمەر دوو قاوەمان بۆ بێنە!

قاوە خورایەوە. محەممەد مەولوود هاتەوە؛ حاجی بە چاوی ئەویشیدا نەدایەوە. دەوری سەعات چوار کەوتینە ڕێ؛ بەڵام ئەمجار کاک محەممەد و من لە ماشێنی حاجی محەممەدا سوار بووین. لە دەرکی ماڵی مەحموودبەگ، مەحموودبەگ گوتی: کاک عەبدوڕڕەحمان دەبێ میوانی من بی. حاجی مەحموود گوتی: با زوو بچێ چاوی بە خوشکی بکەوێ. کاک محەممەدیش وای پێ خۆشە. دەگەڵ کاک محەممەد هاتینەوە ماڵێ و لە ڕێ کارەساتەکەم بۆ گێڕاوە:

- کاکە دەڵێی چی هەڵێم؟

- نا، تازە نەجاتت بووە. هەڵێی خراپە. حاجی محەممەد بە پیاوێکی پیاو دەناسم، فریودان و درۆی نییە.