ئەجەل لە کوێم دەبینێتەوە؟

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 1 دقیقه  736 مشاهده

- باوەڕ ناکەم! هەستە بچینە لای عەلی عەزیز.

- چووینە ماڵەکەی، گوتی: بەڵێ ئەوە دوو شەوە بێسیم لە سەر بێسیم باسی تۆپی بارزانییە کە دەوری ڕەواندز دەدا.

شەوێک گوتم: زەبیحی! من هەر دەڕۆمەوە کێوان. لە کوێ ناسیام و گرتیانم تۆ سەلامەت؛ بەڵکو دەربازیش بووم...

گوتی: مەلا ڕێگە زۆر خەتەرە، وەرە دەگەڵ من بچینە تاران!

- یانی دەتەوێ عەجەم ئیعداممان کەن؟!

- نا، مەلا، سیاسەت زۆر گۆڕاوە. من خۆم جارێک چوومە تاران و میوانی شاهەنشا بووم. ئێستاش من خەبەر دەنێرم ماشێن دێتە سنووری خانەقین کە ڕێگەکەی ئەمینە، لەوێوە دەمانگەیەننە تاران!

گوتم: کاکە زۆر جار بە گاڵتە پێم گوتووی من لە تۆ نەترسترم، بەڵام بەڕاستی تۆ نەترسێکی سەیری! چوونە تارانی ئێمە ئابڕوو دە تای تەرازوو نانە، من ناوێرم شتی وا بکەم.