لە بەغداوە تا گەیشتمەوە ناو شۆڕش

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  724 مشاهده

بڕیارم دا هەر چۆنێک بێ دەگەڵ تەرەفدارانی بارزانی لە بەغدا کار بکەم و یارمەتی و دەرمان بۆ لەشکر کۆ کەمەوە و بە دوور لە چاوی دەوڵەت و پۆلیس بژیم.

لە بیست و سێی مانگی مارسدا، خودا کوڕێکی دا. بەر لەوە ببێ ناوم دۆزیبۆوە: ئەگەر کوڕ بێ ناوی دەنێم «پیرس» یان «پیران»؛ ئەگەر کچ بێ ناوی دەنێم «چامە» بە یادی ئەو ڕۆژانەی کە لە بارزان بووم. ئەو شەوەی کە منداڵەکە دەهاتە سەر دنیا، ناوی «خانی» مێشک و دڵی ئاخنیم: هەر دەبێ ناوی خانی بێ... «چوزانی کچ نابێ؟ نەخێر کوڕ دەبێ و خانی بێ...»

باوەڕ کە بە دەم خەوەوە هەر دەمگوت: خانی. کوڕ بەرەبەیان هاتە دنیا و ناوی بوو بە خانی؛ بە ناوی ئەحمەدی خانییەوە. نەمتوانی تێر کوڕی تازەهاتووم ببینم؛ پۆلیسی سڕڕی لە دەوری ماڵەکەم دەسووڕا تا بزانن چ دەکەم و هاتوچۆی چ کەسانێک دەکەم. ئەمەش دووکاندارێکی کۆنە ئیستیواری عەرەب «ئەبوو یاسین» ناو کە بەرانبەری ماڵمان بوو پێی گوتم. نیشانیی کابرای دامێ کە دەڕوانێتە دەرگای ماڵمان. ڕۆژێک بەیانی لە ماڵ دەرچووم. کابرای تاین وردە وردە بە دوومدا هات و لە دوورەوە گومی نەدەکردم. چوومە ئێزگەیەکی ئوتووبووس. ئەو چووە ئێزگەیەکی پێشتر لە من کە لێک دیار بووین. من سواری ئوتووبووس بووم؛ تا ئەویش هات سوار بوو. لە فرسەتێک خۆم هەڵداشت و گورج بانگی تاکسییەکەم کرد و مەودای ئەوم نەدا دابەزی، دوور کەوتمەوە؛ خۆم گەیاندە ماڵەکەی زەبیحی. بیست ڕۆژێک شەوانە لای ئەو بووم و ڕۆژانە لە جەنگەی پاش نیوەڕۆدا دەهاتمەوە ماڵ؛ کە دەمزانی پۆلیسی سڕڕی بەغدایە حەوسەلەی نییە بەو گەرمایە لە کۆڵان ڕاوەستێ. بەڵای گەورە لەوەدا بوو کە لەو ئاگربەس و ئاشتییەدا، زۆر پێشمەرگە چووبوونەوە لای دەوڵەت و لە سەر ڕێگایان داندرابوون هەرکەسیان بناسیایە، بە گرتنیان دەدان. خۆ منیش وەک گای قەشان وا بووم؛ پێشمەرگە نەبوو نەمناسێ.

خەبەری چەند کەسێکم زانی کە چووبوون لە بەسراوە بە عەرزی ئێراندا هاتبوونەوە کوردستان، هەر لە ترسی ئەو ناساندنە. بەر لەوە خۆم لە ژوورەکەی زەبیحی بشارمەوە، ڕۆژێک کوڕێکی سابڵاغی (عەلی عەزیز)- کە لە موخابەراتی پۆلیسی گشتیدا بوو- گوتی: دەڵێن بارزانی بە تۆپ لە ڕواندزیان داوە. بۆ زەبیحیم گێڕاوە، گوتی: درۆیە؛ تا مامۆستایانی پارتی بە ئێران نەڵێن، ئێران فیشەکێکیش نادا بە بارزانی. گوتم: کاکە با هێندە سادە فکر نەکەینەوە. ئەگەر ئێران یان غەیری ئێران یاریدەی کورد بدا، لە خۆشەویستی کوردەوە نییە؛ بۆ مەسڵەحەتی ڕۆژە. ناسر و زۆر لە عەرەبان دەڵێن خووزستان عەرەبستانە و دەی ئەستێنین. ئێرانیش بەبێ خووزستان ناژی. ئێستا یاریدەی هێزێک دەکەن کە لەشکری عێراقیان بۆ مەشغوول کا و عەرەبستانیان لە بیر بەرێتەوە. ئەو هێزەش ئەمڕۆ بارزانییە؛ نە ئەوانەی هەڵاتوونە تاران و هەمەدان.