دەست پێ کردنەوەی شۆڕش و حاڵی من

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  698 مشاهده

هەر وا وردە وردە نێوانی بارزانی و حکوومەت ناخۆش و ناخۆشتر دەبوو. کابرایەکم دەناسی بە ناوی خەلیل، دەڵاڵی ناو بازاڕی گەورە و کەرکووکی بوو. پێم گوت: خەلیل ترس و لەرز پەیدا بۆتەوە. من بەتەما نییم بچمەوە شۆڕش؛ بەڵام ڕەنگە لێرەش بمگرن. چت بە خەیاڵدا دێ؟

خەلیل دوای دوو ڕۆژ پێی گوتم: مودیر پۆلیسێکی هەولێری هەیە کە تۆش لە زەمانی دانشجووییەوە زۆر باش دەناسێ. باسی تۆم بۆ کردووە کە فەقیری خۆی دەکا و کاری بە کاری کەس نەداوە. ئاگات لێ بێ؛ با لە هیچ و خۆڕایی گێچەڵێکی تێ نەهاڵێنن. زۆری سەلام لێ دەکردی، دەیگوت ئەو تانجی سەری منە؛ کەس باسی ناکا. بەڵام ئەویش دەبێ ئەگەر مەعلووماتێکی بەفایدەی لابێ، بە منی بڵێ و یاریدە بدا!

گوتم: خەلیل من ئەو کەسە نییم کە بیرتان بۆی چووە. خەیانەت بە کورد کاری من نییە. سەد جار بمرم و منداڵم لەبەر چاوم لە برسان بمرن، ئەوی تۆ و فواد دەڵێن لە من بەدوورە...

زۆر دڵم گەرم داهات. شیعری هەڵۆکەم هۆندەوە کە لە دیوانەکەمدا چاپ کراوە. لە ناو ترس و لەرزیشدا، کاسبی خۆم هەر دەکرد و چاوەنۆڕی قەزا و قەدەر بووم. مانگێک و دە ڕۆژ لە زستانی ١٩٦٥ ڕابردبوو، شەڕ دەس پێکرایەوە. منێکی کە خەیاڵم کردبوو تازە ناچمەوە هەرا و ئاوارەییی چیا و بۆ منداڵی خۆم دەژیم، وەک نۆبەتی دارێکی سەخت، گەرم داهاتم؛ هۆش و حەواسم پێ نەما؛ خەوم لێ نەدەکەوت. شەو لە سەر جێگە هەر جینگڵم دەدا... مەعسووم هەستی پێ کردبوو لە چ حاڵێکدام؛ گوتی: لام وایە ئەگەر نەچیەوە شۆڕش خراپ نەخۆش دەکەوی... دیسان هەر دوودڵ بووم: زۆر حەیفە ئەگەر کوشتن و ماڵوێرانیش بێ، دەگەڵ ئەو هەموو خۆشەویستانەم نەبم کە ئەو هەموو دەردەمان پێکەوە دیوە. ماڵ و منداڵیشم لە بێکەسی و وڵاتی غەریبایەتیدا زۆر جێگەی بەزەیین؛ ئەویش لە بەر دەستی دوژمندا. ناشکرێ بیانبەمە ناو شۆڕش کە دەبنە بارێکی گەورە بە سەر خۆم و شۆڕشەوە. لەناو ئەو خۆف و ڕەجایەدا دەژیام؛ بەڵام ژیانی سەگ...