پاش ماوەیێک بە دڵساردی گەڕانەوە بۆ بەغدا

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 5 دقیقه  1099 مشاهده

«برووسکە» ناوێک پێشمەرگەی حەرەسی جەلال بوو، هەمیشە لە دوایەوە دەڕۆیشت. دیتم هاتە حەساری بنکەی سەنگەسەر؛

- کاک هەژار! بە بابەگەورە بڵێ: جەلال -هەی دایکی وا- زۆری خراپە دەگەڵ کردووم.

گوتم: برووسکە! جەلال تۆی زۆر خۆش دەویست. لای من پێی گوتی من پووڵت دەدەمێ، تۆ دەچی دەیدەی بە کەباب بۆ پێشمەرگان؛ ئاخر بۆ خۆشت شتێک بکڕە! ئێستا من پێنج دینارت بۆ وەردەگرم؛ بەڵام ناپیاوییە تۆ جنێو بە جەلال بدەی...

دیسان چوومەوە قەڵادزە. کاروبارێکم نەبوو. لەو سەفەرەی دواییدا سمایلی شەریفزادەم ناسی. لام وابوو ئەو لاوە ناسک و نازدارە ناتوانێ مانگێک لەو کێوە هەڵکا؛ کەچی زۆر زوو ببووە پێشمەرگەیەکی مەزبووت.

مەلا باقی لە سەنگەسەر کاروباری ئەو خەڵکەی- کە دەهاتنە لای بارزانی- بەڕێوە دەبرد. دیار بوو خەڵک زۆریان گلەیی دەرکرد کە ئیوا هەیە بیست ڕۆژ زیاتر مەحتەل دەبێ و جواب وەرناگرێ. بارزانی گوتی با هەژار یاریدەی مەلا باقی بکا. مەلا باقی تووڕە بوو. کارەکەی بۆ من بەجێ هێشت. سێ ڕۆژ من کارەکەم کرد. هەر کەس نامەی پێ بوو، بەیانی لێم وەردەگرتن، هەمووم لە ورەقەیەکدا خولاسە دەکردەوە: فڵان داوای پووڵ دەکا؛ فڵان ئێستریان لێ ساندووە؛ فڵان قەرزی نادەنەوە؛ فڵان... دەمبردە ژوور لای بارزانی، بڕم بە قسەی خۆی و میوانانی دەدا، یەک یەک بۆم دەخوێندەوە و جوابەکەم لێ وەردەگرت. سەعاتی چواری ئێوارە پێیانەوە دەگەڕام: بۆ تۆ پێنج دینار؛ تۆ بچۆ لای فڵان کەس؛ تۆ... بەو تەرزە هەمووم بە یەک ڕۆژ بەڕێ کرد. بەڵام دیتم کارەکە بڤڤەیە: بارزانی نەیدەزانی لە پێنج دینار کەمتر بۆ کەس حەواڵە کا؛ بۆ زۆرانیش دە و بیست بوو. دەمڕوانی لات و دەسبڕی قەڵادزە و ڕانیەش فێر ببوون هەر بە دو ڕۆژ بە عەریزەیەکەوە دەهاتن داوای پووڵیان دەکرد. بە یەکێکم گوت: تۆ دەڵاڵی بازاڕی؛ حاڵت خۆشە؛ پووڵت نادەمێ. گوتی: هیچ نەبێ ڕوبعێکم دەیە (پێنج تمەن). دامێ، چەقەنەی لێ دەدا! ئەوەشم دەرێنا! سەودام دەگەڵ دەکردن؛ پێنج دیناری بە نیو دینار ڕازی دەبوو. ئەو پووڵی بەرانبەر بە ئەمری بارزانی وەرمدەگرت، ئێواران هێشتا هەتا سەت دینارم دەگەڕاندەوە. گوتم: زۆر دەترسم فێری دزی کردن ببم؛ ئەو کارە ناکەم.

فەرمووی: دەست هەڵمەگرە! وەسوەسە مەکە!

- بە خوا نایکەم!

ناچار کارەکەمیان دا بە «تەها بامەڕنی» ئەفسەر و دوای حەفتا و دوو سەعات ئیستعفام دا.

لەو نامانەی کە دەهاتن. هەمووی من دەمخوێندنەوە، یەکێک نامەی دابوو بە حاچکی حەرەسی بارزانی کە ئەویش هەر دەبوو بیداتە دەست من. ئەوەم خولاسە نەکرددەوە، هەمووم بۆ بارزانی خوێندەوە: «هەژار بە تۆ خاینە؛ فەرقێ دەکا. پووڵی داوە بە ئایشە ناوێک کە ژنێکی سووکە لە قەڵادزە و سرتەشی دەگەڵ کردووە...»!

بارزانی فەرمووی: ئەو سەگبابەم بۆ پەیدا کەن! گوتم: ڕۆیشتووە؛ نایناسم. لە ڕاستیدا عەسڵەن قەت ژنێک نەهاتبوو تا پووڵی بدەمێ یان نەیدەمێ.

عەریزەیەک نووسیبوی: «من مەلا فڵانی سنەیی، دەمەوێ پرسیارت لێ بکەم؛ تاریخی کوردستان دەنووسم...». بارزانی گوتی: ئەوەم لە کۆڵ کەوە! هەر بە تاریخ نەمنووسێ؛ بە هەر چی ڕازی دەکەی ڕازیم! کابرام لە قاوەخانە دیت، چاویلکە بە چاوێکی ڕیش تۆپی ڕەش، مێزەڕ

ر سپی بە ڕیشو.

- ئوستاد با تەختەیەک بکەین!

لە بازیدا لێم پرسی: چۆنە تەشریفت لێرەیە!

- ئەڵێم تاریخ بنووسم.

- یانی تاریخ بۆ تاریخ، یان بۆ پووڵ؟!

- تاریخ چە باوا؟ پووڵم گەرەکە!

- پێنج تمەنت پێ بەم چۆنە!

- بەخوا نامگەینێتە سلێمانی!

- نیم دینار خاسە؟

- مەمنوونم!

- پووڵی چاییەکەشت خۆم ئەیدەم.

- فریە مەمنوون!

مەلام بەرنەدا تا بەڕێم کرد.

قانیع- کە حیزبی پارتی لە سلێمانییەوە دەریکردبوو- لە مەریوان بردبوویانە تاران و ساواک هەڵیپێچابوو کە تۆ چۆن لە شیعری خۆتدا گوتووتە خوسرەوی پەرویز گەواد بووە؟

- بە فەرهادی گوتووە کێو کون کە، ئەم ژنەی خۆمتە ئەدەمێ؟!

خراوەتە حەبسەوە. عیسا پەژمان گوتوویە: ئەمە لە عێراق دەریانکردوە؛ زۆر سووکە؛ ئەگەر ئێوە بیگرن دەبێتە پاڵەوانی میللی و قەدری بۆ پەیدا دەبێ. خستبوویانە ماشێنەوە و لە حدوودی عێراق بەرەڵایان کردبوو. ئەویش هاتە لای بارزانی، دووسەد دیناری دایە. قانیع گوتی: ئەمە بیدەم بە کێ؟

- بە کەس؛ هەر بۆ خۆت.

- دینم نەبێ ئەگەر باوەڕ بکەم! قەت لە حەیاتمدا چوار دینار پێکەوە نەکەوتوونە گیرفانمەوە!

کوڕێک دەگەڵمان لە چیای براندۆست بوو. کچێکی هەڵگرتبوو کە لە سەر بێشکە مارەی لە کەسێکی تر بڕابوو. بارزانی عەقیدەی وا بوو مارەی پێشووی نەهاتووە. چونکە بە ڕەزامەندیی کچ نەبووە و باوکیش بۆ مەسڵەحەتی خۆی، نە بۆ مەسڵەحەتی کچ ئەمەی کردووە. کچەکە لە ماڵە وەهاباغای حەمەدی عەلیاغا بوو. لە سەنگەسەر وەهاباغا دەیەویست کارەکە ڕووبەڕا بکا. مەلا مەعسوومی کۆیە- کە مەلایەکی بەناوبابگ بوو- هاتبووە دیدەنی بارزانی، نەقڵی بۆ مەلا مەعسووم گێڕایەوە و گوتی تۆ ئەو کچە لەو کوڕە مارە کە. مەلا مەعسووم گوتی: کوو ئیمانێ خۆ لۆ تۆ دەفرۆشم؟ مارەی لە مێردی پێشووی هاتیە و ئەو خواگیریەی ناکەم!

کە مەلا مەعسووم ڕۆیشت گوتم: قوربان تێکت دا! ئەگەر کوڕەکە بۆ خۆی بیست دیناری بۆ ببردایە دەیکرد. بەڵام خۆی لە لای تۆ بە دیندار هەڵدەگێرێتەوە؛ یانی ها بۆ خاتری بارزانیش شەرع ناشکێنم!

- باوەڕ ناکەم وا بێ.

- تەجرەبەی کە!

کوڕیان بە تەبێ ناردە کۆیە؛ بیست دایناری دابوو بە مەلا؛ ژنەکەی لێ مارە کردبوو!