هەڵاتنی مامۆستایانی حیزب بۆ ئێران!

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 6 دقیقه  862 مشاهده

ئاخری هەر کاک محەممەد مەولوود چووبووە سەری، جوێنی پێدابوو، گوتبووی: دەزانم تۆ دەگەڵ پیاوی ئەمنیی بەغدا کار دەکەی؛ بەڵام من هەژار نییم قاچاق بم. وا دەکەم زنجیرت کەن و بتدەنەوە بە ئێران. جا خۆت دەزانی... خولاسە بە قیڕەی کاک محەممەد، سەت و پەنجا دیناری مایەکەی هەووەڵی دابۆوە؛ کە دووکانەکە ئەودەم شەشسەد دیناریشی دێنا. چەندم پێ سەیر بوو کە لەم حیزبی دێموکراتی دواییەی ئێراندا ڕیزوانی هاتەوە و گورجێ کردیان بە سەرپەرستی هەموو مەڵبەندی هەوشار و قەرار وا بوو بیکەنە وەکیل لە مەجلیسی شورای ئیسلامی! دەبێ کام سیحری کردبێ کە وا لەبەر چاویان ببووە مەلایکەت؟! ئێستاش نازانم چکارەیە.

دەمەو پاییز هاتمەوە شۆڕش. شەو لە نزیک چوارقوڕنە، جیپ دە قوڕ گیرا و بە تاریکی بە ڕێدا دەهاتین. لاقم دە قوڵکەیەک کەوت و وەرگەڕا. قەدەرێک بە کۆڵ هەڵیانگرتم. قوڕ خلاس بوو. سواری جیپیان کردمەوە. لاقم تا ئەستووراییی ڕانیشم هەڵمسا؛ وەک مار پێوەی دابێ. گەیینە حەساری بنکەی سەنگەسەر، بارزانی دیتمی، گوتی بیگەیەننە قەڵادزە.

- قوربان کاغەزم بۆ هێناوی!

- کاغەزم ناوێ؛ بە پەلە بیبەن!

مام حارسی بارزانیشی دەگەڵ ناردم کە شکەستەبەندێکی زانا بوو. بۆ بەیانی ئەحمەد شابازیش هات. لاقیان هێنامەوە جێ؛ بەڵام نزیکەی دە ڕۆژان کەوتم.

لەم بەینەدا زۆر شت ڕووی دا کە ئێستا بۆم ناچنەوە سەر یەک. ئەوەم لە بیر ماوە کە ڕۆژێک لای بارزانی لە سەنگەسەر، برایم ئەحمەد و جەلال و سەیید عەزیز شەمزینی و عومەر دەبابە و چەندێکی تر لە مامۆستایان کە لە بیرم نەماون- ها، یەکێکیشیان عەلی مام ڕەزا بوو- لەوێ بوون. سەیید عەزیز گلەیی کرد کە چەند ڕۆژە لە قەڵادزەی! بۆ نەهاتوویە لامان؟ گوتم: من لاقم وەرگەڕابوو، کەس لە منی نەپرسی؛ بێمە چی؟

مەلا مستەفا گوتی: هەژار بۆ گۆشت مریشک نەبێ نایە، دەعوەتی بکەن دێ!

- بەڵێ سبەی لە تاهیری برای عومەر دەبابە میوانی...

زانیم قسەی مەلا مستەفا مانایەکی دیکەی هەیە. سبەی پێش نیوەڕۆ چووم. قسەیان دامەزراند:

- بارزانیی دوژمنی حیزبە؛ وەتەنی فرۆشت؛ هەربینا بە یەکجاری خۆی تەسلیمی دەوڵەت کرد و چەکی دانا و شۆڕش لە بەین چوو...

هەر کەسە قسەی خۆی دەکرد. عەرزم کردن:

- برا! من ناڵێم وا نییە؛ ناشڵێم لە کاری ئێوە ڕازییە. ئەگەر ئێوە کوردستانتان خۆش دەوێ و ناتانەوێ شۆڕشەکەی لە ناو بچێ، وەرن شتێک بکەن: ئێوە گوێتان بۆ بارزانی شل کردبوو؛ هەر دەتانگوت بەڵێ قوربان وایە. کەس ئێعترازێکی نەبوو. هەستن بچینەوە لای بارزانی، بڵێن کاکە ئێمە بۆیە شۆڕشمان دەکرد لامان وا بوو خزمەتێکمان پێ دەکرێ، ئێستا کە تۆ لێمان ناڕازیت، گوندێکمان بۆ دیاری بکە لێی دادەنیشین. کێ لە جێی ئێمە دادەنێی ڕازین. وەک خۆشتان دەڵێن، هەزاران پێشمەرگەی سەر بە ئێوە هەیە و هەزاران پارچە سیلاحتان لایە. ڕاسپێرن دوو هەزار تفەنگ و تیربارێک بشارنەوە و پاشقلی دەن، وڵاتی سلێمانی بە قسەی خۆتان هەمووی سەر بە ئەمری ئێوەیە و بە هاسانی ئەو کارە دەکرێ. بارزانی بەبێ ئێوەی هێندە بەتەجرەبە، کاروباری سیاسی بۆ هەڵناسووڕێ، هیچ دوو مانگی پێ ناچێ بانگتان دەکاتەوە و دەڵێ بۆ خۆتان تەنزیمی حیزب و پێشمەرگە بکەن. ئەگەر- وەک ئێوە دەڵێن- خۆی و چەکی تەسلیمی حکوومەت کرد، چەکی وەشاردووتان و پێشمەرگەی هەواڵتان وەکار کەونەوە و مەهێڵن ئاڵای شۆڕش بکەوێتە عەرزی. ئەگەر خۆتانی ئێستا لێ یاغی کەن، وە بزانن شۆڕش فەوتا...

عومەر دەبابە و عەلی مام ڕەزا و بابەکر پژدەری گوتیان قسەی هەژار بەر دڵ دەکەوێ. سەیید عەزیز شەمزینی گوتی: قسەکانی زۆر خراپە و ئێمە چەندین فەوج پێشمەرگەی بە بیر و باوەڕ و فیداییمان هەیە کە دەتوانین جوابی مەلا مستەفا نەدەینەوە و دەریکەین. جەلال گوتی: سوێند و ئیمزای پێنج هەزار پێشمەرگەم لەو باخەڵەدایە. برایم ئەحمەد کەمی قسە کرد. کە چووبوومە دەر، گوتبووی: ئێوە هەژار ناناسن؛ هەرچی دەیڵێ ژەهرە بڵاوی دەکاتەوە. دوژمنی سەرسەختی حیزب هەژارە...

هاتمەوە لای بارزانی، ئەو قسانەم بۆ نەگێڕایەوە؛ بەڵام گوتم: پێم زۆر ناخۆشە کە دووبەرەکایەتی بکەوێتە شۆڕش. تا نەڕۆیون تۆ دڵیان خۆش کە! دەترسم بڕۆن و کارمان بە یەکجاری تێک چێ...

- پێت وایە کەنگێ دەڕۆن؟

- لەوانەیە ئەمشەو، سبەی بڕۆن. تا نەڕۆیون چارێک بکە!

- با بڕۆن بزانم چ دەکەن؟!...

بەرەبەیانی ئەو ڕۆژە، زۆر لەو مامۆستایانە ڕۆیبوونەوە بنکەی خۆیان لە ماوەت. لە سەر ڕادیۆکەیان بەیانێکی حیزبی و ڕەسمی دەرچوو کە بارزانیمان لە حیزب دەرکرد و کەس نابێ بە قسەی بکا. بارزانی بەوە زۆر تووڕە بوو و گوتی: دەبێ ئەو پاتەختەیان لێ تێک دەم و خەزێنەکەیان بدەم بە فەقیران. لوقمانی کوڕی بە دووسەد بارزانییەوە ناردە سەریان. هەر هەستی خەتەریان کرد، شێوابوون. قەراریان دابوو هەڵێن بۆ ئێران. بە سەتان سندووقە چا و تەلیسە شەککریان دە چۆم هاویشتبوو. بە سەتان تفەنگی بڕنۆ و کڵاشینکۆفیان شکاندبوو؛ دە ڕووباریان خستبوو. بابەکر گوتی: لەو دەست و پێ ون کردنەدا، گوتم: کاک برایم پێم وایە قسەی هەژار ژەهر نەبوو؛ گوتی: بەڵێ بریا بە قسەی ئەومان بکردایە. بەڵام تازە هەموو شت چوو...

مامۆستایان بە سەتان پێشمەرگەوە گەیبوونە سنووری ئێران؛ چەکیان تەسلیمی ساواک کردبوو. گەورەکانیان لە تاران و چکۆڵەکانیان لە هەمەدان دامەزراندبوون. ئەو هەزاران پێشمەرگەی جەلال دەیگوت سوێند و ئیمزایان لە باخەڵمدایە، دەستە دەستە دەهاتن، هەر یەکەی پێنج دینار و دە دیناریان لە بارزانی وەردەگرت و بۆ کوێی دەناردن، دەچوون. زۆر پیاوی ڕۆشنبیر و دوکتور و پیاوی زۆر دڵسۆز لەو لەبەریەک هەڵوەشانە دڵیان لە شۆڕش سارد بۆوە و چوونەوە ماڵی خۆیان؛ یان چوونە خاریج. بەڕاستی بەڵایەکی زۆر گەورە بوو بە سەر ئەو شۆڕشە گەورەیە هات. زۆرم لە بەر گران دەهات کە پێشمەرگەی- بە قسەی برایم، دڵسۆز و ڕۆشنبیر- هەتا دوێنێ، هەموو گیانیان ئیخلاس بوو بۆ سەرانی حیزب، دەهاتن جنێویان بەو مامۆستایانە و تەنانەت بە حیزبی پارتی دەدا. هەر بۆ ئەوە چەند دینارێک وەرگرن...