یاری تەنگانە و هەواڵانی کاتی خۆشی

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  687 مشاهده

دوژمنایەتیم بکە! بەڵام لێت ڕوون بێ تا مردن دەست لە دۆستیت بەرنادەم؛ ئەگەر لە سەر تۆ بمبەنە پای ئیعدامیش. خراپ حاڵی مەبە! من هەر ئەو کەسەم کە ناسیوتم...».

نازانم بڵێم «مەم» چۆن دۆستێکم بوو...

***

- هاشم کوردی سابڵاغیش- کە لە هەولێر دووکاندارە- قەرزەکەی تۆی بۆ هێناوینەوە.

- قەرزی چی؟

- چۆن؟ گوتی سی دینارم قەرزی هەژار لە سەرە؛ لێم وەرگرتەوە. جگە لەو دوانە هیچ ئاشنا و برادەرێکت ئەحواڵی نەپرسیوین و هەروەک نەبووبێ وا بووە. بەڵێ جارێک عەبدوڵڵا هات، مستەفا و زاگرۆسی برد، عەکسی کێشان و پیاوەتی کرد.

ئەم عەبدوڵڵایە، یووسفی ڕیزوانی سابڵاغی بوو؛ لە دەست دەوڵەت هەڵاتبوو؛ هاتبووە بەغدا. ڕۆژێک کە دەگەڵ جەلالی شەریکم لە دووکانی عەکاسی بووین، جحێڵێک ڕەنگزەرد، زۆر بە کزێکەوە گوتی: کاکە ئێوە کوردن؛ منیش لێم قەوماوە. کارێکم بۆ پەیدا کەن خێرتان دەگاتێ.

دەنا لێرە لە برسان دەمرم.

- کاکە خەم مەخۆ! کاریشت دەدەینێ و تا ئێمە لە برسان نەمرین تۆش برسی نابی.

کردمانە شاگردی خۆمان کە هیچی لێ نەدەزانی، وردە وردە فێری عەکاسیمان کرد. دەستی دەگەڵ دەستمان بوو؛ چمان بخواردایە، چمان بپۆشیبا، ئەویش وەک برایەکی هاوبەشمان. پووڵی شاگردیشمان دەدایە؛ تا باش فێری عەکاسی بوو. ئەودەم گوتی: زۆرم زەحمەت داون. شوێنێکم دیتۆتەوە دەگەڵ عەکاسێک، دەمکاتە شەریکی خۆی.

- چ لەوە چاکتر؟ هەر کارێکت بە ئێمە بێ شەرم مەکە! برای خۆتین...

جا ئەو عەبدوڵڵایە بوو عەکسی بۆ کوڕەکانم گرتبوو، لاواندبوونیەوە و بە وەفادارم هاتە بەر چاو. زۆر زوو دیتمەوە و ئەحواڵم پرسی؛ گوتی: شەریکایەتییەکەم نەماوە؛ ئێستا شاگردم. کابرای وەستام زۆر دەم پیس و خەسیسە. خۆزگە نەجاتم بوایە و چیدی شاگردی ئەرمەنیانم نەرکردبا.

- کاکە ڕیزوانی هیچ خەم مەخۆ! دووکانێک پەیدا کە! مایە لە من و کار لە تۆ، بە نیوەیی.

- کاک هەژار چۆن لە چاکەی تۆ دەرچم؟ تا دەمرم نۆکەری کەوشەکانتم...

دووکانێکی لە «تەل محەممەد» کە زۆر دوور لە ماڵی ئێمە و لەو پەڕی بەغدایە پەیدا کرد. سەد و پەنجا دینار دەسمایەم دایە و خۆشم کارم دەگەڵ کرد. تا دووکان کەوتە کار. گوتم: ڕیزوانی تا شش مانگ هەرچی لێ پەیدا بوو بۆ خۆت؛ چونکە ستودیۆ لە هەووەڵەوە مشتەری کەمە. لەوە بەو لاوە ئەگەر منیش نەبووم، نیوەی قازانج بدە بە ماڵەوە کە من باوەڕیم بە تۆ هەیە.

ئەو لە سەر دووکانی بە نیوەییمانە، ڕۆژێک کوڕێکی پێ ناساندم بە ناوی «عەبدوڵڵای قالە سەرشکاو» کە باوکی مردووە و خەڵکی سابڵاغە و زۆر ئەمینە و دەسمایەیێکی بۆ پەیدا کە دووکانێک دەکاتەوە. سەد دینارشم بە بڕوا بە ڕیزوانی بۆ کابرا قەرز کرد. ماوەیەک هەڵسووڕا و دوایی ڕیزوانی گوتی: شێست دیناری زەرەرەکەی لە پای من...

زۆر لە خاترجەمی ئەمجار ماڵەوەم بەجێ هێشت. بە ڕیزوانیشم گوت چونکە من کارت دەگەڵ ناکەم، تۆ ئەگەر مانگێ دە دیناریش بدەی بە ماڵەوە ڕازیم و زیادی بۆ خۆت. دیسان زۆری ئیزهاری مەمنوونیەت کرد. چونکە بە قسەی ئەو، دووکان زۆری لەوە پتر لێ پەیدا دەبێ.