محەممەدی مەولوود «مەم»

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  761 مشاهده

لە سلێمانییەوە گەیمە کەرکووک و گەڕامەوە بۆ هەولێر کە کاک محەممەد مەولوودی هەواڵم ببینم. پیاوێک بە ناوی مەولوود لە ساڵی گرانیدا لە شنۆوە چۆتە شەقڵاوەی عێراق، زوو مردووە. منداڵێکی ساوای بە ناوی محەممەد و بێوەژنێکی لە پاش بەجێ ماوە. ژن فەقیری کردووە و مناڵە هەتیوەکەی کوڕی پێگەیاندووە. پێی خوێندووە، بۆتە نووسەرێکی داستانی کورد کە هێندێک داستانی بە عەرەبی و ڕووسی و ئینگلیسی چاپ کراون بە ناوی (مەم)؛ بەتایبەتی چیرۆکی «پەنجا فلس» کە زۆری ناو پەیدا کردووە. پوختەی ئەمەیە:

بە هەتیوی و زۆر نەداری، لە ڕێگەی مەدرەسە، پەنجا فلسییەکی دیوەتەوە، بە لایەوە گەنجێکی زۆر بەنرخە. موعەلیم لە پۆلدا ڕاستی دەکاتەوە و لە سەر کەشفی ئەمریکا پرسیاری لێ دەکا، بە دەنگی بەرز دەڵێ: پەنجا فلس!

لە شەقڵاوە، لە ساڵی ١٩٥٥دا ناسیم. زۆر خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە تا ئێستاش کە دەکاتە نۆزدە ساڵ، تووشی ڕەفیقی لەو ڕاستتر و بەوەفاتر و مەرد و مەردانەتر نەبووم. ئەو ساڵە لە شەقڵاوە مونشیی فەرمانداری بوو. دوایی لە هەولێر دەژیا و کارمەندی ئیدارەی شەهرداری بوو.

من بیر و بڕوام وایە پیاو دەبێ زۆر دۆست بگرێ. ئەگەر لە هەزاریان یەکیان دەگەڵت ڕاست و بەوەفا دەرچێ و ئەوانی تر هەمووی خواروخێچ و فێڵباز بێ، هێشتا تۆ قازانجتە. محەممەد بارتەقای هەزار دۆست پتر دەهاتەوە...

محەممەد مەولوود گوتی: ماڵەوەتان شوکور ساغن؛ خەبەرم پرسیون. چی تریشی نەگوت. دایکی منداڵان گوتی: لەوەتا تۆ چوویە شۆڕش، هەموو سەری بورج کاک محەممەد مەولوود هەر کە حقووقی وەرگرتووە، نەچۆتەوە ماڵە خۆی؛ ڕاست هاتۆتە بەغدا، لەگەڵی بەش کردووین و مانگێ پازدە دیناری نیوەی حقووقەکەی بەجێ هێشتووە. کرێی ڕێگەشی لە گیرفانی خۆی داوە...

«مەم» کە ببووە هەموو کەسوکارێکی من، لە ڕۆیشتنم بۆ کێو- هەر چەند دەست کورتیش بوو- لە یاریدە و سەردانی ماڵ و منداڵم درێغی نەدەکرد. جارێکیان کە ماوەیەک بوو لە شۆڕش بووم، نێوانی حیزبی برایم و جەلال دەگەڵ بارزانی تێک چووبوو. ئەوان لە دژی تەرەفدارانی مەلا مستەفایان دەنووسی و ئێمەش لە دژی ئەوان. نامەیەکی کاک مەم هات؛ نووسیبووی: «زۆر لە کۆنە برادەران گلەیان لێت هەیە. لایان وایە بوویە شاعیری دەرباری بارزانی و گەلی کوردت لە بیر نەماوە و زۆر شتی تریش. زۆر بەوە ناڕەحەتم کە بە خراپە باست بکەن...»

لە جوابی نامەکەیدا نووسیم:

«کاکە نازانم چۆن سوپاسی ئەو هەموو چاکەیەت بدەمەوە کە تۆ تا ئێستا دەگەڵ منت کردووە. بەڵام تۆ دەزانی ئەمڕۆ ئاشنایەتی دەگەڵ من، ئەویش بۆ کەسێکی وەک تۆ خاوەن منداڵ کە لە دەزگای دەوڵەتا دەژی، بەڕاستی خەتەرە و من باش دەزانم هەرچی لە شارانن و منیان دەناسی، ئێستا نایانەوێ بمناسن و نایانەوێ دەوڵەت بزانێ کە دۆستی شاعیرێکی نزیک لە بارزانین؛ کە هەرچی خراپە، بە دەوڵەت و دۆستانی دەڵێ. تکایە تۆش منت لە بیر بچێتەوە؛ وا بزانە نەتناسیوم. ئەگەر کەوتینەوە بێترسی، یەکتر دەگرینەوە و ئێستاش کە خۆتم لێ نەناس و بێگانە بکەی، زۆر ڕازیم و هیچ گلە ناکەم. با کۆنە برادەرانیش لێت دڕدۆنگ نەبن و لە سەر من نامەوێ تووشی هیچ تەگەرە و بەرهەڵست ببی...»

زۆری نەبرد نامەیەکی هات، دەڵێ: «هەژار! تۆ ناهەقت نەبوو کە ئەمەت بۆ من نووسیوە. چونکە هەر کەس تۆ ناسیوتە و بە مەردت زانیون، لە لێقەوماندا دیتووتن کە هەواڵی لێقەوماوان نیین. بەداخەوە منت نەناسیوە! من خۆم لە خەڵکی تر بە مرد و خاوەن قەولتر دەزانم. کە گوتووشمە خۆشم دەوێی، ڕاستم گوتووە. تۆ کەیفت لێیە جنێوم بۆ بنووسە! خراپەم بڵێ!