مەرەخەسییەک پاش چواردە مانگ

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 1 دقیقه  705 مشاهده

چاردە مانگ بوو لە ماڵە خۆم بێئاگا بووم. مەرەخەسیم ساند و لە ڕێگەی سولەیمانییەوە ڕۆیشتم. بوومە میوانی ڕەحمانە شێت. ڕەحمانە شێت لە سابڵاغ ناوی بە باشی نەڕۆیوە؛ بەڵام بڵێم چی؟! ماڵێکی لە سولەیمانی گرتبوو، هەر لێقەوماوێکی ئێرانی بچووبایە سولەیمانی، میوانی ئەو بوو. سەرەڕای نان و پێخۆری زۆر و تەسەل، ئارەقیشی بۆ دەکڕین. نیوە ئوتێلێکی هەبوو، هەرچی لە ماڵەکەی جێگەی نەدەبوو، دەیناردە ئەوێ کە بە مفت بخەوێ. بەڕاستی سەربازی گومناوێک بوو کە قەدری نەزانراوە. لە ماڵەکەی هاتمە دەر بچمە بازاڕ، لاوێک لە سەری کۆڵان وێستابوو؛ گوتی: هەژار! حیزب ڕازی نییە تۆ لەم ماڵە میوان بی. گوتم: تۆ بمبەوە ماڵە خۆتان. سەری داخست و ڕۆیشت.