ماوەیەک لە قەڵادزە و چەند قسەی خۆشی ئەو سەردەمە

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 6 دقیقه  1001 مشاهده

زۆرتری وەختم لە قەڵادزە ڕادەبرد. دەگەڵ مستەفا و کاوە ببوومە هاومەنزڵ. خاوەن مەنزڵەکەی ناوی ئەحمەد هەرمێ بوو؛ گوتی من هاتمە کۆمەڵەی سابڵاغ و بوومە پێشمەرگە و لە سەربازخانە دەژیام. ڕۆژێک گوتیان نەیروو (لەشکری ئێران) دێتەوە. بەیانی کە وە خەبەر هاتم دیتم سابڵاغییەکان هەموویان لێم چووبوونە سەر ڕەشی هەووەڵێ! هەر ئەمن قوت لەو نێوە مابووم. بە خوا منیش ناچار هەڵاتم و هاتمەوە عێراق!

ئەحمەد تەوفیق و فایق موعینی و جەماعەتیان لە مەنزڵێکی دیکە بوون و هەمیشە هاتوچۆمان هەبوو. زۆر جاریش سەرم لە بنکەی مامۆستایانی مەکتەبی سیاسی دەدا. عەبدوڵڵا عەلی- کە باسم کرد و یەخەی لە دۆستایەتیمدا دڕی- گلەی لێ کردم کە بۆ ناچم سەری ماڵی نادەم؟

- کاکە عەوڵا! کوردە دەڵێ «نان ئەگەر لەت بوو یەکتر ناگرێتەوە»...

ڕۆژێک دەگەڵ مەلا شوکور مستەفا بە ڕێدا بەرەو هەولێر دەهاتین، گوتی: عەبدوڵڵا کانیمارانی دەڵێ هەژار زۆر بێوەفایە! گوتم: کاکە تۆ خوێندەواری! توخوا پێم بڵێ وەفا چییە و بە چی دەڵێن؟ مات بوو، گوتی: ئابڕووی خۆشمی تێدا دەچێ؛ کە تۆ ئەو هەموو چاکەت دەگەڵ کردم و لە بیرم نەما...

میرزا برایمی چاوشینی سابڵاغی بە شەو حیکایەتی ئەسکەندەرنامەی لە قاوەخانە دەگوت. بە ڕۆژ ئیعلاناتی حیزبی بە دەنگ بۆ خەڵک دەخوێندەوە. لە سابڵاغیان و هەموو ئێرانییان زۆر دوورەپەرێز بوو. ڕۆژێک ڕەحمانە شێتی جەلیل کەڵەباب- کە هاوشاریی کۆنی میرزا برایم بوو- دەچێ سڵاوی لێ دەکا و دەڵێ: ئاغا میرزا برایم! تۆ خۆشەویستی پێشەوا بووی؛ چۆن قبووڵ دەکەی حیزب بتکاتە زوڕنا!

- بڕۆ سەگباب! نابێ هیچ سابڵاغییەک بە لامەوە بێ!

شەوێ چەندێک لە سابڵاغییەکان چووبوونە قاوەخانەی «سەیید نەسیم» کە گوێ لە حیکایەت بگرن. میرزا برایم - کە ئەسکەندەری لە قەڵایەکدا بە گرتن داوە- داوای چایی کردووە، نەفەسێک بدا؛ لە دیتنی ئەو سابڵاغییانەش دڵی خورتە. پاش چایییەکە دەڵێ:

- جا ئەگەر حەزرەتی ئەسکەندەریان گا!

خەڵک پێدەکەنن، دەڵێ: تا ئەو هەتیوانە دەر نەکەن بۆتان ناڵێم!

ڕۆژێک لە قاوەخانەی قەڵادزە، مامۆستا تەوفیق وردی- کە زۆر چەور و چڵیک و چڵکن بوو- بۆی گێڕامەوە: لە بەغدا لە کار دەریان کردم. چوومە وەزارەتی ئامووزش و پەروەرش شکایەتم کرد. معاونی وەزیر گوتی: ڕەنگە تۆ وەزیری دەریاییی بارزانی بی!

گوتم: کاکە وردی! سیامەند و خەجت کردنە ئەرمەنی، دەنگمان نەکرد. چۆن بە سەفەرێکی تاران بۆ لای حیزبی توودە- کە ژنەکەت لە سەر دانا- وا فێری فارسی بووی کە نووسراوەی ماکسیم گورکی لە فارسییەوە بکەیە عەرەبی؟!

- نا کاک هەژار تۆ غەرەتی! فارسی زۆر باش فێر بوویمە!

دەچوومەوە مەنزڵ، وردی بە غار بانگم دەکا:

- کاکە ئەرێ بە فارسی «دیشب» مانای چییە؟

- یانی دوێشەو!...

ڕەسووی وسێنی سابڵاغی بوو، ماڵی چوبووە کۆیە. دوو کوڕی بوو کە یەکیان دڵشادی ناو بوو. لە پاش سێهەمی ناونجی، چووبووە دارولموعەلمینی موقەدیماتی بووە موعەلیم. لە پاش بیستی شەهریوەر هاتبوونە سابڵاغ. دڵشاد ڕەسووڵی- کە لە عێراقی خوێندبوو- لە نووسین و خوێندنەوەی کوردیدا زۆر لە سەر بوو؛ لە کۆمەڵی دێموکراتی سابڵاغ زۆر لە ڕوو بوو. لە ڕێی ورمێ دەگەڵ زەبیحی و قاسمی قادری گیرا و برایە حەبسی تاران و لە پاش سەرکەوتنی پیشەوەری بەردرا و لە سابڵاغ بەرگی ئەفسەری دە بەر کرا. مەقالاتی جوانی دەنووسی؛ سیوادی عەرەبیشی زۆر باش بوو. تۆزێک داوێن پیس و مەشرووبی بوو. شەوێک زۆر بە سەرخۆشی هاتە ماڵمان لە سابڵاغ. ویستی بڕوا، گیرفانی گەڕام نەوەک بە سەرخۆشی دزی لێ بکەن. وەرەقەیەکم بەر دەست هات کە پووڵێکی لە سەر حیزب جەعل کردبوو. حیزب بەخشی. دەگەڵ زەبیحی و سەیید ئەحمەدی سەیید تەها ڕایکرد بۆ عێراق. چونکە عێراقی بوو نەیانگرت و هاتەوە کۆیە. حیزبی پارتی لێی دڕدۆنگ بوو؛ لە قەڵادزە ڕۆژێک گوتیان مامۆستاکان وان لە دەعوەتی دڵشاد. ئیتر دەگەڵیا ئاشت بوونەوە و برایەکی عەزیز بوو! تێگەیشتم کە گۆشت قەلەموونە و پڵاو ئەگەر هەبێ، زۆر دوژمنت بۆ دەکا بە دۆست...

وەکیلی شێخ حوسێن بوسکێنی بوو کە ملیۆنێرێکی وەجاخ کوێر بوو. دەبوو وەکیلی تووتن فرۆشتنی پژدەریان. دەرامەدێکی زۆری هەبوو؛ بەڵام پیس فێرە قومار ببوو. ئەوسا کە لە قەڵادزە بووم زۆری کوردایەتی دەکرد. بەڵام لە پاشەڕۆژدا لە قومار خانووی دۆڕاندبوو؛ فەقیر ببوو؛ چووبوو ببووە جاش؛ جاش لای حکوومەت. چەند مەقالێکی دژی کوردان لە مەجەلاتی بێرووتیدا بڵاو کردەوە. ئاغایەکی پژدەری بە ناوی عەلیاغا شەوێک ڕفاندی و دایە دەست پێشمەرگە و ئیعدام کرا. جا تا ئەوانەی نەکردبوو، کۆنە هەواڵ و هاوسەنگەری شەڕی دەوری سەردەشتیشم بوو؛ لە قەڵادزە تەواو سەبووریم پێ دەهات. کە ڕفێنرابووش، لە خوار گوندی «سڵێ» لە ناو دەشت دیتم:

- دڵشاد بۆ وات کرد؟

پێکەنی گوتی: سەفەرێک بوو کردم...

گوتم: عەرەب دەڵێن هەموو جارێک جەڕڕە بە سەلامەتی لە ئاو نایەتەوە. من و ئەحمەد تەوفیق لە هەموو کەس بۆت ناڕەحەتتر بووین؛ لەبەر ئەوەی تۆ سابڵاغیت هەر لە ئێمەیان دەپرسی دڵشاد بۆ وای کرد؟ وەک خۆشکمان ڕەدوو کەوتبێ وا بوو...

کەچی هەر ئەو عەلیاغایەش لە دواڕۆژدا ببووە جاش و ئەویش ڕفێندرا و کوژرا!

زستانی ساڵی ١٩٦٤ سەرمایەکی زۆر سەخت بوو. کەمتر سەرمای وایان لە بیر بوو. جارێک چەند کەسێک چووینە «سندۆڵان»، گوتیان لاوان چوونە ڕاوێ. کە هاتنەوە گوتیان بە هەزاران ڕیشۆڵە و قاژوو سەرما بردوویە و هیچمان دەست نەکەوت. چیرۆکی کاری سەرما زۆر لە ئەفسانەی تێکەڵ کرابوو؛ بەڵام من بۆ خۆم دیم شاهۆیەک بە سەهۆڵی گۆلاوێکەوە نووسابوو، لاقی بەر نەدەبوو. خەڵکی زۆری لێ هاڵابوو، بۆیان ڕزگار نەکرا!

شەوێک لە قەڵادزە لە دەعوەتی ڕەسووڵ مامەند بووین. دەگەڵ دوکتور سدیق ئوتروشی و سەلیم فەخری چووینە دەر. کوڵەباڵێکی هەورامی بە زیپم دە بەردا بوو؛ دەتگوت لەشم دەرزی ئاژەن دەکەن. لام دایە مەنزڵی کاکە زیاد. پاش چارەگێک هاتن گوتیان دوکتور مردووە؛ سەرما سەکتەی پێ کردبوو.