ماوەیەک لە قەڵادزە و چەند قسەی خۆشی ئەو سەردەمە

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  836 مشاهده

دەرکەوتم؛ لە حیرسانیش دەگریام... سواری جیپێکی کرێ بووم و چوومە ماڵە مام قادری باغەوان لە ڕانیە. سەعاتێک شەوی مابوو، لە دەرگایان دا. گوتیان هەژار وەرە کارمان پێتە. دوو چەکداری بارزانی بوون. خواحافیزی یەکجاریم لە ماڵە مام قادر کرد و لێم ڕوون بوو لە سەر ئەم بێئەدەبییەی دوێنێ گوللەبارانم دەکەن. گەیشتینە پشت ڕانیە. چوار جیپ لە دووی یەک وێستابوون؛ مەلا مستەفا وێستابوو. گوتی: هەژار تۆ لەگەڵ جیپی مەلا برایم سوار بە! چووینە «سەروچاوە» بووینە میوانی خێوەتی «ئەحمەد شاباز». پاش نانی نیوەڕۆ گوتی: حەرەس بە جیپەکان بڕۆنەوە دۆڵەڕەقە، ئەسپی من زین کەن و ئێسترە شینیش بۆ هەژار زین کەن! ئێمە بە سواری دێین.

لە ڕێگە تاوێکی چاک هیچ دەنگی نەکرد. لەپڕ بێدەنگی شکاند:

- هەژار تۆ هەر خۆت بە کورد مەزانە! زۆر پیاوی وا ماون کە گیانیان بە قوربانی ئازادیی کوردستان بکەن. من لە تۆ دەڵسۆزترم؛ چۆن بەجێم دێڵی و دەڕۆی و دەڵێی «هذا فراق بینی و بینک؟» قەرارمان وا نەبوو «لە سەر زوێڵە چەرم» بێ؟ لە بیرت چۆتەوە؟ هەژار تۆ نازانی! وەختێ هاتمە سەنگەسەر، چەند کەسێکم نارد لە حاڵی خەڵک بپرسن. تەنیا لە ژاراوە یەک تەنەکە گەنم لە ماڵێکدا هەبوو؛ کەسی تر نانی دوو ڕۆژی شک نەدەبرد. بەر لەوە شەڕ لە بارزان بوەستێ، مردوو لە مێرگەسوور لە برسان مردووە، کەس لە برسان هێزی نەبووە بینێژێ. من دەبوو نان بۆ ئەو هەموو برسییانە پەیدا کەم. ئیمزام کرد و گەنم و پارەی زۆریشم ساند و لە ئازادیی کوردستانیش واز ناهێنم، خەم مەخۆ!

ئەمجار کردیە گاڵتە و گەپ، گوتی: چۆن سوارێکم؟

- وەباڵ بەستۆم زۆر سوارێکی خراپی، هەر لێی نازانی!

- بۆ؟

- خۆت بە سەر زینەوە کووڕ کردۆتەوە و ئەسپت هەزار دینار دێنێ، وەرە من بە ئێسترە شین و تۆ بەو ئەسپەت گرێوە غار بکەین!

- نایکەم... دەی ئەو ڕۆژە بە عەرەبی قسەم دەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی میسری دەکرد بۆ چی لە بەر خۆتەوە بزەت دەهاتێ؟ وا دیارە پێت وایە عەرەبی نازانم؟ لە تۆی باشتر دەزانم.

- قوربان عەرەبی دەزانی؛ بەڵام لە سەر دەستووری نەحوی ناڵێی!

- جا نەحو چییە؟

- چۆن چییە؟ پیاو بچێتە ماڵێک و بڵێ لە دیوار باز دەدەم، دەرگا چییە؟! چۆن دەبێ؟ نەحو دەرگای عەرەبییە. جار جارەش کوردی تێکەڵ بە عارەبییەکەت دەکەی. هەموو کەس دەزانێ حەرب یانی شەڕ؛ تۆ لە بیرت چووبوو، هەر دەتفەرموو شەڕ!...

بەو وردە گاڵتانەوە چووینە دۆڵەڕەقە و گەشتێکمان بە لای بێتواتە و دێهاتی تردا کرد و هاتینەوە سەنگەسەر.