قەرارمان وا نەبوو «لە سەر زوێڵە چەرم» بێ؟

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  854 مشاهده

حیزب بڵاوی کردبۆوە کە بۆکان کوردستانی بە چەند سندووق پرتەقاڵ و چەند کراسێکی دیاری عەبدوڕەزاقی وتووێژکەر فرۆشت. وای لێ هاتبوو ئەگەر پارەمان دەدا بە دووکاندارێک دەیگوت بۆنی پرتەقاڵی لێ دێ! بەڕاستی منیش ئیمزای ئەو ئاگربەسەم زۆر لا گران بوو. ڕۆژێک لە سەنگەر دەگەڵ مەلا مستەفا لێمان بوو بە کێشە. گوڕڕە وای لێ هات کە حەرەسی بارزانی هاتە ژوور؛ وەیزانی شەڕی بەڕاستە. بارزانی بە حەرەسەکەی گوت: بچۆ دەر!

گوتم: کاکە! تۆ زۆر ساڵت زەحمەت کێشاوە؛ بە پاڵەوانی ڕێگەی ئازادیی کورد ناسراوی؛ پیر بووی. زۆر حەیفت کرد ئەو ئیمزایەت کرد. ئەگەر بتگوتایە بیست ملیۆن دینار حەقی ئیمزا کردن ئەوێ، دەیاندایەی. من چاوەنۆڕ بووم ئەگەر نەسلی دوای ئێمە پرسییان ڕێگەی ئازادی بە کوێدایە؟ لە عێراق جێ قەبری تۆی نیشان دەن و لە تورکیە قەبری شێخ سەعید و لە ئێران قەبری قازی محەممەد. قەبرتان نیشانگەی ڕێگەی ئازادیخوازان بێ؛ نەک بچی ئیمزای ئاگربەسێکی وا بکەی کە خەڵک گاڵتەی پێ بکا و بڵێن کوردستانی فرۆشتووە...

لە تووڕەیییان گوتی: کوردستانی چی؟

گوتم: کوردستانی هەموو شت. من و هەزارانی وەک من بۆیە تۆ وەک بت دەپەرستین کە خەمخۆری کوردستانی. وەک لە قورعاندا دەڵێ: لە ئێستاوە جیایی نێوان من و تۆیە؛ خواحافیز! هەر ئەمڕۆ دەڕۆمەوە بەغدایە و فەقیری خۆم دەکەم...