کێشە دەگەڵ مەلا مستەفا

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  801 مشاهده

دیسان گەڕاین. ڕووناکییەکم لە ملە گۆزەیەکەوە دیت کە دە دیوار گیرابوو، ڕوانیم هەواڵەکانمان بوون. بە خاوەنی ماڵەکەم گوت: ئەرێ من نیشانەم کردبوو، بۆ نەمابوو؟

- کاکە نیشانەی چی؟ بەیانی من بووم فەرەنجیم دە خۆمەوە پێچابوو، سەیری حەیوانانم دەکرد!

- باشە ئەدی ئێرە ماڵە مام نەبی نییە؟

هەموو لە قاقای پێکەنینیان دا: ئەو کوڕە یەک مانگیلەمان ناوی نەبییە، چۆنە تۆ ناوی ئێمەت لە بیر چووە ئەوەت لە بیر ماوە؟!

- کاکە گیان زیرەکییەکم سەر دەکا!

ئاوی خەڵکی گوند و گاڕان و خۆشمان (میوانەکان) گۆماوێک لە بارانیدا وێستاو بوو؛ کەلاکە کەرێکی تۆپیویشی تێدا بوو.

شەوێک لە «گربداغ» کۆ ببوونەوە. مەلا مستەفا قسەی کرد و زۆر بە گژ حیزبی پارتیدا چوو، کەس لە مامۆستایان قسەیان نەکرد. لە خۆمەوە خۆم تێ خست، گوتم:

- شتێکی کە مەعلوومە حیزب بۆ سەرکردایەتی و شارەزاکردنی گەل لە خەباتی ئازادیخوازیدا زۆر لازمە و بەبێ حیزبێکی ڕێکوپێک هیچ کار بەڕێوە ناچێ. ئەگەر بارزانی لە حیزبی پارتی و سەرکردەکانی تووڕەیە، با بیانگۆڕێ؛ بەڵام حیزبێک هەر دەبێ دامەزرێ. با نێوی پارتی نەبێ؛ حیزبی تەنەکە بێ! ناو شەرت نییە؛ ناوەڕۆک پێویستە...

کاکە زیاداغا هەستا و تەسدیقی بیر و بڕوای منی کرد. بیستم کە مەلا مستەفا لە دوایە بە کاکە زیادی گوتبوو: هەژار فێری کردی ئەم قسانە بکەی و لە سەر برایم و جەلال وە جواب بێی.

حاشای لەوە کردبوو، گوتبووی قسەکانیم بە باش زانی و تەسدیقم کرد.

کە لەو مەجلیسە دەرچووین، سەلیم فەخری- کە ئەفسەرێکی ڕوتبە سەروانی عەرەب بوو دەگەڵ شۆڕش کەوتبوو؛ کوردیش زۆر باش فێر ببوو؛ پێمان دەگوت کاکە حەمە- گوتی: بە شەرەفم پیاوی وەک تۆ لە حەق گوتن ئازاترم نەدیوە. ئەوانە کەسیان نەیانوێرا دیفاعێک بکەن؛ تۆ وا بە دەم بارزانیدا چوویەوە...

جەلال کە دەگەڵمان بوو گوتی: کاک هەژار! بەڕاستی پیاوانە دیفاعت لە حیزبی خۆت کرد؛ ئێمە بە خۆڕایی تۆمان بە دژی خۆمان دەزانی.

گوتم: مام جەلال! ئێستاش حیزبی خۆم نییە؛ چم بە چاک زانی گوتم. ناشمەوێ کەس مەمنوونم بێ...

شەوێک لە «بەردەسپیان»ی لای قەڵادزە دیسان کۆ بوونەوە. ئێستا نازانم قسێکی چۆن بڵاو کرابۆوە کە دژی بارزانی و شۆڕشەکەی بوو؛ مەعلوومیش بوو چ کەسانێک بڵاویان کردۆتەوە.

بارزانی ئەو شەوە زۆر تووڕە بوو؛ فەرمووی: دەبێ ئەو کەسەی ئەو قسەی بڵاو کردۆتەوە پەیدای کەن و جەزای بدەن.

گوتم: قوربان ئەگەر پەیدا کەم قەول دەدەی بیکوژی؟

- کێیە؟ ئەگەر دەیناسی بۆ ناڵێی؟

- من هەژار ئەم قسەم بۆیە هەڵبەست تۆ باقی کەمەوە. هەر کەس خراپەت دەگەڵ دەکا گورجێ عەفووی دەکەی. خراپی وامان لێ پەیدا دەبێ سەد جار ئێعدام کرێ تۆ خەڵاتی دەکەی! بەڵێ منم گوناهبارەکە. دە بفەرموو با بمبەن لەسەر بەفر و دوو گوللەم پێوە نێن، فێری تەنبێ کردنی خاینان ببی!

گوتی: تۆ ئەمشەو زۆر تووڕەی؛ چیتر لە سەر ئەو باسە ناڕۆم.

ڕۆژێک لە گوندی «سارکێ» لای بارزانی بووم. ڕادیۆ باسی ئاغایانێکی لای دهۆکی دەکرد کە چاویان بە تاهیر یەحیای سەرۆکوەزیر کەوتووە و بوونە جاشی دەوڵەت. ناوی غازی حاجی مەلۆ، عەبدولواحیدی برای و چەند کەسێکی گوت. سەرم بردە بن گوێی هەباساغا گوتم:

- برادەرە خۆشەویستەکەی مەلا مستەفاش (مەحمووداغای چەمانکێ) ماوە؛ گوێ بگرە!

بارزانی پرسی: چییە؟

گوتی: قوربان قسەی خۆمانە.

لەپڕ ڕادیۆ مەحمووداغای چەمانکێ قسە دەکا. تاهیر یەحیا گوتی: جا بتبینم چۆن بە گژ ئەو سەرکەشانەدا دەچی و چۆنیان دەترسێنی.

هەباساغا گوتی: هەژار باسی ئەم پیاوەی دەکرد کە لای وابووە جاشە و تۆ هەر پێت پیاوی باش بووە.

ئەوانە زۆریان خراپە کرد. لە ئاخریدا مەحمووداغا کوڕێکی کوژرا، ماڵی سووتا و هاتەوە بەر دەستمان و تۆبەی کرد. غازیش چاوێکی بە گوللە کوێر کرا و ئەویش هەر هاتەوە خۆی کردەوە پێشمەرگە.