کۆبوونەوەی «گربلاغ» و «بەردەسپیان»

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  748 مشاهده

لە بەغداوە پیاوی دەوڵەت بە سەرۆکایەتیی حاجی عەبدوڕەزاق ناوێکی ئەستانداری مووسڵ هاتنە ڕانیە بۆ وتووێژ کردن. سەرەتای گفتوگۆ دامەزرا و درێژەی کێشا و حیزبیش لە وتووێژدا بەشدار بوون و لە ئەنجامدا گەینە بڕیاری ئاگربەس و دەوڵەت قەولی زۆر شتی دا؛ جگە لە خودموختاری. بەیانییەک لە هەردوو لا بڵاو کرایەوە و بڕیار درا بارزانی و سەرانی شۆڕش کۆ بنەوە بڕیار بدەن کە بچنە بەغدا و حەقی خۆیان داوا کەن و بیخەینە سەر قاقەز و مۆر کرێ. من کە مامۆستای حیزبی نەبووم و لە وتووێژی سیاسیدا بەشم نەبوو، نازانم درێژەی قسەکان چۆن بوون؛ تەنیا چەند شتێکم لەو بارەوە لە بیرە کە خۆم ئاگاداری بووم: شەوێک لە گوندی «دووگۆمان» کۆبوونەوەیەکی گەورە لە مزگەوت پێک هاتبوو. قسە لەوە دەکرا کە کێ بچیتە بەغدا؟ چەند کەس بن؟ کێ دەچێ و کێ ناوێرێ بچێ؟ یازدە کەس بن یان نۆ؟... من لە خوار مەجلیسەوە هەڵمدایە:

- پێشمەرگە سەربازە، هەر کەستان پێ باش بوو ناتوانێ بڵێ دەچم یان ناچم. یازدە و نۆ و حەوت لە حیسابدا فەرقێکی وای نییە، ئێوە ڕوونی کەنەوە چیتان لە دەوڵەت دەوێ، داوای چی بکەن و لە سەر چی پێک بێن. مەسەلەن داوای نیوەی نەوتی کەرکووک بکرێ، بەڵام بە چوار یەکی ڕازی بن و لەوە نەیەنە خوار. هەروەها هێزی چەکدار و هەموو شتی تر کە خۆمان بۆ بە کوشت داوە...

کاک برایم گوتی: ئەوەی تۆ دەڵێی دەبێ دە پێشدا بە گشتی و بە تەفسیل هەدەفی حیزب ڕوون کەینەوە و ئەمەش هیچ نەبێ سێ مانگ وەختی دەوێ و دەو پەلەپەلەدا ناکرێ.

گوتم: عەجایب دەمێنم لە حیزبێکی سیاسی کە چەند ساڵە کار دەکا و ئەوە سێ ساڵە شەڕیەتی، هێشتا ئامانجی خۆی دیاری نەکربێ و نەزانێ تەواو چی دەوێ...

بارزانی دەمەتەقەکەمانی بڕی، گوتی: یازدە بێ و نۆ بێ بڕوا ناکەم هیچیان لە دەست بێ. دەی قسە بکەن کێ بچێ.

«دووگۆمان» دێیەکی خێڵەکیان بوو کە هەر لە پاییزەوە ئاوەدان و لە بەهارا چۆڵ دەکرا. ماڵەکانی هەمووی بە وشکەبەرد داندراوی وەک یەک دەچن. دەگەڵ میرانی ساڵح بەگ و چەند برادەرێک لە ماڵێک دامەزرێنرابووین. بەیانی کە لە ماڵ دەرچووم، بۆ ئەوە لە گەڕانەوەدا لێم تێک نەچی، قیتایییەکم لە سەربانێ کردە نیشانە. شەو درەنگ کە ویستمان لەکن بارزانی هەستین، میران گوتی: پێشمەرگەکانم دەوێن بمبەنە ماڵەکە.

- بێقەزا بی منت دەگەڵم، شارەزام!

ڕۆیشتین، نیشانەم نەدیتەوە. سەرم بە حەسارێکدا کرد و لە دەرگای ژوورەوەم دا، گوتیان ئێمە هیچ میوانمان نییە.

- ئاخر ئەدی ماڵە مام نەبی لە کوێیە؟

- مام نەبی لەم دێیەدا نییە!

میران تووڕە ببوو: ئابڕووت بردووم!

میران بەو تاریکە کەس نەیدیتووی، دەنگیشت نەکرد تا بتناسن و لە ڕۆژنامەدا بنووسن ڕێگەی لێ تێک چووبوو!