وتووێژی ڕانیە و بڕیاری ئاگربەس

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  810 مشاهده

جەلال تاڵەبانی هاتە دۆڵەڕەقە کە چاوەنۆڕ بێ تا چاوی بە مەلا مستەفا دەکەوێ. لە سەربانێکی گوند هاتوچۆ و قسەمان دەکرد. دەستی پێ کرد کە بارزانی لە حیزبایەتی تووڕەیە و دوژمنی تەنزیمە، چەند کەس لە هەواڵانی حیزبی لە لای گەڵاڵە دەرکردووە. بە دوورودرێژی حیکایەتی کارە خراپەکانی حیزبم بۆ گێڕاوە کە دڵی بارزانی ئێشاندووە و هەموو گوناهێکیش لە برایم ئەحمەد دەزانێ. ئەگەر برایم ئەحمەد بە ڕەئیسی حیزب نەمێنێ و هیچ نەبێ وەک مستەفا کەماڵ ناوی بنێن باوکی کورد و لە ماڵە خۆی دانیشێ، بارزانی لە یاریدەدانی حیزب درێغ ناکا؛ قەول دەدەم حیزب بە تۆ دەسپێرێ کە تۆی زۆر خۆش دەوێ.

گوتی: ئەگەر ڕاست بکەی بە شەرەفم من هەووەڵ کەس دەبم کە دژی برایم ئاڵا هەڵکا و لە حیزبی لابا. دەبێ شەخسێک- هەرکێ بێ- بکرێتە قوربانی دە پێناوی مەسلەحەتی گشتیدا...

بارزانی گەیشتە جێ. شەوێک دوورودرێژ باسی هاتن و قسەی خۆم و جەلالم بۆ کرد. گوتی: من موافیقم برایم لادەن، جەلال لە جێگەی ئەو بێ و بە دڵ یاریدەی حیزبەکە بدەم.

جەلال بە دڵخۆشی و قەولی مەردانە ڕۆیشت؛ بەڵام نەک هەر هیچی لەو بارەوە نەکرد. بگرە لە دژایەتیی بارزانی کۆشاتر بوو. وەباڵ بەستۆی خەڵک، دەیانگوت جەلال عاشقی «هێرۆ»ی کچی برایمە و هێرۆ حەزی لێ ناکا. دیارە برایم قەولێکی پێ داوە. لە دواییشدا ئەمە وە ڕاست گەڕا. برایم هەڕەشەی لە هێرۆ کردبوو: ئەگەر مێرد بە جەلال نەکەی خۆم دەکوژم. ئێستا چەند ساڵە جەلال زاوا زێڕینەی برایمە...

هەباساغا تکای بۆ هاشم عەقراوی کرد کە لە خۆڕا بنکەی بێتواتەی چۆڵ کردبوو؛ هەڵاتبوو. بارزانی عەفووی کرد.

«سەیید عەزیزی شەمزینی» نامەیەکی بۆ «حاجی محەممەدی شێخ ڕەشید»- کە دوژمنی سەرسەختمان بوو- نووسیبوو: «تۆ وەرە با پێکەوە مەلا مستەفا لە ناو بەرین و تۆ سەرۆکمان بە!...». کاغەز گیرا و سەیید عەزیز و چەند کەسێکی دیکەی وەک عەلی حەمدی گیران. دوایی لەبەر خاتری سەیید عەبدوڵڵا ئەفەندی، سەیید عەزیز بەردرا. عەلی حەمدی کوژرا.

شەوێک دەگەڵ مەلا باقی و ئەحمەد تەوفیق لە «سپیاوێ» بووین کە گوندێکی چکۆڵەیە لە دۆڵەڕەقە. مەلا باقی هەر شەوی زۆر مابوو چای لێنا. خانەخوێکەمان (کوێخا ڕەسوو) شێتۆکەیەک بوو:

- مەلا باقی ئەوە چییە دەیخۆیەوە؟

- هەهوو چەند فزوولی! دەرمانە زگە و دوکتور بۆی نووسیوم!

- دە بە خوا منیش زگئێشەمە، لۆ منیش تێکە!

- زۆر بێسەلیقەی، دەرمانی نەخۆشێک بۆ یەکی تر نابێ!

- بە خودا دەبێ و دەبێ بۆم تێکەی!

ئەحمەد گوتی: مەلا باقی گەیشتوویە گون ڕەشی خۆت! بۆی تێکە تا بەو بەفر و سەرمایە دەری نەکردووین!

کوێخا دوانی خواردەوە و هەر دەیگوت: دەڵێی چای خۆمانە!

پێنجسەد چەکدارێک دەگەڵ بارزانی بوو ڕۆژانەش خێزەرەی میوان بۆ دیتی بارزانی نەدەپساوە. گۆشت و پڵاو و نوێنی هەباساغا بنەی نەدەهات و قەت نەمدی ڕووی گرژ بێ. زۆر ماینەوە و لەوێوە بەرەو ڕانیە هاتین. مەلا مستەفا مەدرەسەی سەنگەسەری کردە بنکەی خۆی. گوتیان خەڵکی ئەم گوندە زۆر برسین. بۆیان کەوتە سواڵی گەنم؛ زۆر زوو لە برسایەتی ڕزگاری کردن.