چەند قسەی خۆشی تر

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 5 دقیقه  794 مشاهده

گوتم: ئەحمەد من لە مار ناترسم؛ بەڵام لە دووپشک ڕۆحم دەچێ.

گوتی: لە چاو من ڕۆستەمی! نازانی من چەند لە دووپشک دەترسم!

دووپشکێکی تر لە پشتمانەوە لە کەنداڵ دەرچوو بەرەو ئاگر. نەخێر یەکی دی و یەکی دی؛ ناشوێرین بڵێین ترسەنۆکین! ئەحمەد گوتی: ئێمە فێر نەبووین لە نزیک ئاگر بنووین، دەچینە ئەولا! دایانە تای کەلامەڵڵای دەبێ هەر لە جێی خۆتان بن؛ چۆن جێگەتان لە لای سەروو نەبێ؟! چاومان لێ قووچاند و نووستین و خۆمان تەسلیمی دووپشک کرد. بەڵام وا دیار بوو دووپشک بە پیاویان نەزانیبووین؛ پێیانەوە نەداین و ئێمەش لە ترسان نەخەوتین! بەرەبەیان هەستاین بڕۆین، گوتیان تا چای نەخۆن نەڕۆن. گوتم: کاکە دووپشکەکان ڕازی نیین لێرە بین! خۆمان گەیاندە بنکەی میرانی ساڵح بەگ. پێشمەرگەیەکی هاتەوە، گوتی: میران لە بەر ماران جێگەم پەیدا نەکرد؛ هەموو مارن!

گوتم: مەرگی ئەو سەر و سمێڵەت بێ! پیاو چۆن لە مار دەترسێ؟!

میران گوتی: کوڕە ئەو بە ماڵ دەڵێ مار! چووبوو بنکە پەیدا کا، دەڵێ ماڵ زۆرن؛ شوێنی چۆڵ نییە!

دیسان بارانی پاییزە دایدایەوە. دەگەڵ کاوە و مستەفا و مام عەلی بایەزیدی بە کێو هەڵگەڕاین شوێنێک بدۆزینەوە. کەلێنە بەردێکمان پەیدا کرد، باران نەیدەگرتەوە. کەلێن تەسک بوو؛ دوو کەس ئەگەر وەک کاکڵە بادام تیکوڵێک خۆیان پێکەوە بنووساندایە، تازە نەدەبوو هیچیان ببزوونەوە. مام عەلی بۆ خۆی جێگایەکی تایبەتی پەیدا کردبوو، ئێمە مابووین سێ کەس. کونێک لە بنەبانی کەلێنەکەدا بوو؛ تۆ بڵێی گورگێک، ڕێوییەک، خوانەخواستە پڵنگێکی تێدابێ؟ گوتم من تاقی دەکەمەوە و بۆ خۆم ڕاکشام و لاقم بەڕێ کرد. تا ئەستوراییی ڕانم جێگەی بۆوە؛ کردمە جێگەی خۆم. ئەوانیش با پێکەوە بچەسپێن. باران زۆری هێناوە، غارمان داوە دەرەوە. کۆڵکەڕەزی کۆنی لەبن بوو- کە بە دەست هەڵدەقەنران- زۆرمان کۆ کردووە و لە بەر دەرکی کەلێن ئاگرمان دا. تەلیسێکمان پێ بوو، هەر تاو ناتاوە تەلیس لە کۆڵ، دەچووینە کۆڵکەڕەز کۆکردنەوەی بە نۆرە. چا و شەککرمان پێ بوو، کەتریمان وە بەر چۆڕاوکەی ئاوی بارانە دەدا؛ کە لە بەر دەرکەوە دەهاتە خوار؛ چامان لێدەنا. سێ ڕۆژ و شەو باران وچانی هەر نەداین. لە دووکەڵدا دەتگوت خنکاین. نانمان خەلاس ببوو؛ لە وردکەی ڕەقهەڵاتوو دەگەڕاین بە چای بخۆین. بەڵام ئەو سێ شەو و ڕۆژە بە قسەی قۆڕی کاوە پێکەنین.

ڕۆژی سێهەم تاو هەڵات. گوتم: وا من دەڕۆم شوێنێکی باشتر پەیدا دەکەم؛ ئێوەش بە دوومدا وەرن بۆ گوندەکانی بۆتێ. لە کێو داگەڕام؛ بەرەو دێ چووم. تووشی کانییەک بووم کە چەند ژنێکی لێ بوو. لە دوور وێستام تا دەڕۆن و بچمە سەر کانی. ژنان هەر فڵقوهۆڕیان بوو! یەکێک بانگی کرد: هەژار! ئەوە بۆ نایەیە سەر کانی خۆت دە ئاودا ببینی؟! چوومە سەر ئاو، ڕوانیم تەواو قولەڕەشەیەکی زۆر پیس، هەر چاوم بزەی دێ! تۆمەز سێ شەو و ڕۆژ دووکەڵ وای لێ کردووم و ئێمە پێمان نەزانیوە. تاوێک هەر ڕەشاو لە چڕوچاومەوە هات. گوتیان بەو شکڵەی تۆ پێدەکەنین!

ژوورێکم لە نهۆمی سەرووی خانوویێکەوە پەیدا کرد گاشەبەردێکی زۆر زەلام لە سەربانی کونکراوڕا کەوتبووە بەر هەیوانەکەی! تەیارە بۆمبایەکی بە ماڵێکی نزیک ئەو ماڵەدا دابوو، کردبوویە چاڵێکی زۆر قووڵ. بەردی بناغەی خانوو، سەربانەکەی ئەم ماڵەی کون کردبوو؛ کەوتبووە بەر هەیوان. خاوەن ماڵ لاوێک بوو تەهای ناو بوو؛ مۆدنەی کەوەتی دەسمی و نەخش دەکرد. گوتم: تەها نەخشەکان جوان نیین!

- وەڵڵا کاکە دە پێشدا هی زۆر جوانم دەزانی، لەوەتا ئەو بۆمبایە هاوێژراوە لەبیرم چوونەوە!

- دەی ئەمجار نەخشی بۆمبا و تەیارەکەی لێ بکە!

پیرێژنی دایکی تەها وەختی خۆی دەگەڵ بازانییان هاتبووە شنۆیە. یەک لە نەقڵەکانی ئەوە بوو کە لە شنۆیە گوتوویانە بۆ نوێژ ناکەی؟ گوتوومە نوێژ ناکەم، خودای عالەمێ (شێخ ئەحمەد) شفاعەتم دەکا! کاوە زۆر سەیر لاسای ئەو پیرێژنەی دەکردەوە.

ڕۆژێک لە «بن گەریان» تایەکی زۆر سەختم هەبوو؛ گوتم: حەمەدەمین هێندێک ئاوم فریا خە! تینوومە.

گوتی: مام هەژار تەیارە بە عاسمانەوەیە، ناوێرم!

گوتم: ڕاوەستە! لێفەیەکی سوورم هەبوو، بردم لە دەشتاییی ڕووتەن- کە لە تەیارە دیار بم- ڕامخست و لە سەری درێژ بووم. هاواری لێ بەرز بوو. گوتم: تا ئاو نەهێنی لێرە نابزووم! بە غار خۆی گەیاندە کانی و ئاوی هێنا. چووبوو حەولی دەرمانی دابوو، لەتێک حەبی ئیسپرینی دەس کەوتبوو؛ بۆی هێنام!

دەرمان لە لای دوکتور مەحموود هەبوو؛ بەڵام دوور بوو؛ نەیدەگەیشتینێ. بەڕاستی دوکتور مەحموود نیعمەتێکی گەورە بوو. بارزانی وایان عاقیدە پێ پەیدا کردبوو کە هەر بریندارێک بگاتە دوکتور مەحموود نامرێ. لە باتی تەختی بیمارستان گەڵای بەڕووی ڕادەخست. ڕۆژ و شەوی نەبوو. کەسی وا بە سەبر و ڕازی بە هەر جۆرە ژیانێکم نەدیوە. ئێوارەیەک دەگەڵ عەبدێ زێدکی- کە سمێڵی بە قەد باسکی من دەبوون- لە سەر کەنداڵێک هەڵتروشکابووین. غەیبەتی ئەوانەی دەکرد کە لە تەیارە دەترسن و خۆی لە بەر دەشارنەوە. لەو دەمەدا خوتوخافڵ تەیارەیەک بەر تیرباری داین. عەبدێئاغا لە تاوان ڕێگەی نەدی. دەمەوڕوو کەوتە کەنداڵ و چەپکێک پڕ و پووشی لە سمێڵی هاڵا:

- ئەشەدەمبیللا تۆ لە تەیارە ناترسی؛ بەڵام ڕەنگە دەستنوێژت سووک بووبێ!

ڕۆژێک بەردی چەخماخم نەمابوو:

- حەمەدەمین بچۆ سەر ڕێگە بزانە بەردێکم بۆ سواڵ بکە!

جارێک هەرای کرد:

- مام هەژار ئەوە ڕێبوارێکە، دەڵێ جغارەکەی بنێرێ بۆی داگیرسێنم!

- با بڕوا!

ئەمجار هاتەوە، بەردە چەخماغێکی بۆ لە یەکی تر سواڵ کردبووم.