حەمەدئەمینی پژدەری

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  873 مشاهده

گۆیا جارێک زەمانی شێخ سەدیقی برای، حەوت مەڕ لە شێخ بابۆ دزراوە. دزە گیراوە. شێخ بابۆ بەزەی بە دزدا هاتۆتەوە، چوار دیناریشی داوەتێ! گوتوویە: ئەم کابرایە دەستی کورت بووە بۆیە دزی کردووە. چونکە ماڵی دزییەتی بووە دیارە بە هەرزانی فرۆشتوون. ڕەنگە بەشی ئیحتیاجی خۆی نەکردبێ!

حەمەدەمین ناوێکی خەڵکی وڵاتی پژدەر- کە ژنی خۆی کوشتبوو- لە بارزان دەست بە سەر بوو؛ کرا بە خزمەتکارم. زۆرم کەیف بە ساویلکەیییەکەی دەهات. پاش چەند ڕۆژێک، بن دارەقەزوانێکم خۆش دەکرد، گڵم لێ ڕۆ کرد و تەختم کرد و کردمە جێگەی یەکجاریم. شەو مانگەشەو بوو. گوتم: کاک حەمەدەمین بزانە بەردێکی نەرمم بۆ پەیدا کە، دەیکەمە سەنیر!

زۆری پێ چوو نەهاتەوە. هەرام کرد: ئەوە چت لێ هات؟

- وەڵڵاهی ئەگەر مەلا مستەفا بەر گوللەم دا تازە خزمەتی تۆ ناکەم، دەستم لە هەزار بەرد داوە هیچی نەرم نییە!

- کاکە! مەنزوورم بەردی لووس بوو کە سەرم نەقرینجێنێ!

جگە لەو دارقەزوانە، دوو دارقەزوانی تریشم کردبووە هی خۆم! جەنگەی قەزوانی فەریک بوو. ڕۆژانە زۆرم میوان دەهات. دەمگوت: کاک حەمەدەمین هێندێک قەزوانی جوانیان بۆ بێنە! ئێوارانە چەند پیر و پاتاڵی بارزانیم لێ کۆ دەبوونەوە، مانای شیعری مەلای جەزیریم بۆ لێدەدانەوە و حەقی فێر کردنیش ئەوە بوو کە بە دەنگ بیخوێنننەوە. ئیتر گەڕەلاوژە بوو! ڕۆژێک ئیدریس بارزانی هاتە لامان. گوتم: گوێ بگری، دەبێ بە گۆرانیش بیڵێی! زۆری حەول دا، عەفوو نەکرا. ناچار شتێکی بە دەنگێکی زۆر ناخۆش بۆ خوێندینەوە!

ئێوارەیەک حەمەدەمین وێڕای شێوی برینج، کوتە گۆشتێکی نەرمەی زلی هێنابوو. بنی چەمەدانی ڕیش تاشینەکەم گەڕام، چوار قلە سیرم پەیدا کرد. گۆشت و سیرمان هەنجنی و تێکمان هەڵپشاوت، بە لکە دارێکماندا کرد و بەیانی بە ئاگری پۆلوانمان برژاند؛ کەم شتی وا خۆشم خواردووە.

مێزەرێکی ڕەشی گوڵ گوڵم هەبوو؛ ئەویش وەک قوتووە تووتنی مەلا باقی، عاسای مووسا بوو؛ شەوانە لێفەم بوو، بە ڕۆژ لە سەرم دەنا، ئێواران بە لای تاومەوە دەگرت بۆ سێبەر. ڕۆژێک باران دایدا، لەبن دار ڕۆیشتم کەلێنێک پەیدا کەم. پێ هەڵگەرام، ئەشکەوتێکم دیتەوە کە پتر لە کونە ڕێوی دەکرد. لە سەر بستوێ وە زۆرم بانگ لە حەمەدەمین کرد کە وەرە! نەیبیست. ڕوانیم تووتن و پەڕ و ئاگرم پێیە. چیلکەم کۆ کردەوە و ئاگرم کردەوە و شەو تا بەیانی ڕامبوارد. بەیانی کە دەڕوانم هەر وا پیاوە و بەولا ولادا ڕادەکا. هەرام لێ کردن، گوتیان ئەمشەو هەر لە تۆ گەڕاوین؛ حەمەدەمین گوتوویە نازانم چی بە سەر هات.

ئەحمەد تەوفیق- کە هەمیشە لە سەفەردا بوو- لە لای قەڵادزە و سنووری ئێرانەوە بە چەند بارێک چا و خام و خاکییەوە هاتەوە و مستەفا و کاوەشی دەگەڵ بوون؛ دیسان لێک کۆ بووینەوە. شەوێک نازانم چۆن بوو هەر ئەحمەد و من لە پشت چیای شیرین بە ڕێدا دەڕۆیشتین. دنیا تاریک و قوڕ بوو؛ ڕێگەمان هەڵە کرد. لە ماڵێکی دەم ڕێگەمان پرسی، کچێکی زۆر جوان فانووسی هێنا. فانووسەکەی بەرانبەر دەموچاوی ڕاگرتبوو؛ کە با نەشزانێ کێین، بزانین جوانێک هەیە... ڕێگەی شان داین و هاتین. بە سەر کەنداڵێکدا کەوتین. پازدە پێشمەرگە لە بن کەنداڵ دەوری ئاگریان دابوو؛ بووینە میوانیان. بردیانینە لای سەرووی مەجلیس. دەبوایە پاڵ بە کەنداڵەوە دەین کە تازە داڕوخێنرابوو. دووپشکێکم دیت بەرەو گڕی ئاگر دەهات؛ کوشتمان.