لەسەر ئەو حاڵە، ئەم حاتەمییەم کەیف نایگرێ!

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  787 مشاهده

ڕۆژێک بارزانی فەرمووی: هەژار بەینی خۆمان بێ! هیچ پووڵمان نەماوە. هەرچی هەیە ناگاتە سەد دینار؛ بەڵام خوا ڕێکی دەخا...

پاش نوێژی ئەو ڕۆژە یەکێک لە لای زاخۆوە هاتبوو. بارزانی حاڵی «ئەحمەد ناڵبەند»ی شاعیری پرسی؛ گوتی حاڵی باش نییە. سی دیناری بۆ نارد؛ فەرمووی: بە ئەسعەد خەبەر دەدەم ئاگاداری بکا. بارزانییەک هاتە لای، لێی پرسی: حاڵت چۆنە؟

- ئەز غولام! ئەم بێ سەروبەرین.

پێنج دیناری دایە. گوتم: لە سەر ئەو حاڵەڕا، ئەم حاتەمییەم کەیف نایگرێ.

فەرمووی: مەلا ناڵبەند شاعیری کوردە. ئەمەش ئەگەر هیچی شک بردایە نەیدەگوت بێ سەروبەرم. خودا تۆڵە دەکاتەوە مەترسە!

ماوەیەک دوای ئەوە خەبەری سەرکەوتنی پێشمەرگە لە چیای مەتینا هات کە بە جارێک هەنگێکی دەوڵەتیان لە ناو بردبوو. بەڵام بەداخەوە مەلا ئەحمەدی ناڵبەند هەر کە دیتبووی جاش هجوومیان کردۆتە گوندەیان، بە کێرد ورگی خۆی دڕیبوو؛ خۆی کوشتبوو.

قەرار وا بوو دەوڵەت لە جێگەیەکەوە هێرشێکی بەرپان بکا. مەلا مستەفا چەند سەرقۆڵەیەکی کۆ کردبۆوە بۆ تەگبیر لەو شەڕە.

فەرمووی: لە هەر قۆڵەی بەجەرگترین پیاو هەڵبژێرن کە بیست و پێنج تا سی کەس ببن؛ بێدەنگ لە بن ملەی کێو خۆ مات دەن! دەوڵەت بەر لە هجووم پێشە خۆی بە تۆپان دەکوتێ تا خاترجەم دەبێ کەسی لێ نییە؛ ئەوسا هجووم دەکا. ئەو کەسانە ئەوەندە خۆڕاگر بن، گوێ نەدەنە تۆپبارانەکە. تەنانەت ئەگەر خوا نەیکا یەکێ بشکوژرێ، ئەوی تر بۆی نەچن و لە جێی خۆ نەبزوون و خۆ مات کەن. هجوومی پیادە کە هات، لە نزیکەوە دایانگرن. هەر لەشکرێک لە جەبهەدا هەووەڵ جار نۆ یا دە کوشتەی دا، دەشکێ.

هورموز گوتی: من یەکێک دەبم لەوانە. فەرمووی: نا، تۆ بە کاری ئەوە نایەی. زۆر ئازای؛ بەڵام زوو هەڵدەچی و هەر مل پێوە دەنێی. پیاوی زۆر بەسەبرم دەوێ.

هەر کەسە ناوی چەند پێشمەرگەیەکی گوت؛ هێندێکی پەسند کردن. ڕاستیش ئەوە بوو ئەو هجوومە کرا و دەوڵەت زۆر پیس شکا. لەشکری سووریاش هاتبووە یاریدەی لەشکری عێراق و شەڕی دەگەڵ دەکردین. جەبهەی لای سووریا هورموز گرتبووی، پەتپەتێکی بە لەشکری سووریا کرد بە داستان بیگێڕنەوە. چەند جاری ڕاونان و کوشتنی و تاڵانی لێ گرتن. بەڵام هورموز پیاوێکی ئەوەندە نەترس بوو گاڵتەی بە شەڕ دەهات. سەنگەری نەدەگرت؛ بە پێوە بەرەنگاری دوژمنان دەبوو. بەداخەوە لە شەڕێکدا شەهید کرا؛ کە بارزانی زۆری بۆ خەمگین بوو. تا بەمدیوەشدا هاتین، منداڵ و خوشک و دایکی هورموزی وەک کەسی زۆر نزیکی خۆی چاوێری دەکرد.

هجوومێکی زۆر گەورەی دیکەی حکوومەت لە لای مێرگەسوورەوە کرا. شەڕی تەن بە تەن و بە نێزە قەوما. عەمەراغای دۆڵەمەڕی ئاوقای جاشێکی یەزیدیی تەژەی زەلام ببوو. جاشەکە پڕی دابووە گونی و بایدابوو؛ بەڵام جاش کوژرابوو. عەمەراغایان بە گونی بادراوەوە گەیاندە دوکتور مەحموود. لەو شەڕەدا جگە لە سەتان سەرباز و ئەفسەر، سەت و چوار کەلاکە جاش لە مەیداندا بەجێ مابوو. ئیتر لەو شەڕەوە دەوڵەت کەوتە پاشەکشە و زمانلووسی کە با گفتگۆی ئاگربەس بکەین.