شەڕی دۆڵی زۆراران و چەمی چامە

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  730 مشاهده

مەلا عەوڵا ناوێک بارزانی هات گوتی: ئێستا دەبێتە هجوومی دەوڵەت، ئێرە زۆر خەتەرە! گوتم: تا جاش پیلم نەگرن و ڕاستم نەکەنەوە دەست لە خەوی ئەم بن بەردە بەرنادەم. ئیتر لە سەری مەڕۆ! تاو کەوت و تەقە پەیدا بوو. لە عاسمانەوە بۆمبابارانی دوازدە فڕۆکە، لە هەموو لایەکەوە گرمەی تۆپان، دەنگی تفەنگ و تیربار وەک برێشکەی سەر سێڵ، دووکەڵ دنیای پڕ کرد. باوەڕ دەکەی یا ناکەی کەیفی خۆتە! لەو تەقە و هەرا و دووکەڵەدا خەوم لێکەوت و ماوەیەکی زۆر باش نووستم. خەبەرم بۆوە؛ گرمە و هەرا زۆر توندترە. هەمیشە ئەو دیمەنە جوانەم دێتەوە بەر چاو کە شەش منداڵی چکۆڵەی چوار پێنج ساڵانە نیشانە بەردیان داکردبوو، گەمەیان دەکرد. هەر کە تەیارە دەهات کیژێکیان دەیگوت: «ڕوونێن»! هەموو دادەنیشتن. هەر تەیارە دەچوو هەڵدەستانەوە گەمەی خۆیان دەکرد. پیرێژنێک لە نزیکمەوە تێپەڕی هەر دەیگوت: جەرگم ڕەش بێ بۆ ئەو هەمووە گەنجانە کە بە کوشت دەچن. تووشی پیاوێک بوو، گوتی: خەبەر چییە؟

- دنیایەکە کڕە! (یانی بێدەنگ و سەدایە).

ژنەکە گوتی: هەی داوەشێی! ئەو پیاوانەمان شەڕ دەکەن تۆ لێرە چ دەکەی؟ گوتی: دایە هاتووم ئاویان بۆ دەبەم.

تا تاوم هاتێ لەبن بەرد نەبزووتم. ئەوسا پاشنیوەڕۆ چوومە بنکەی مەلا عەوڵا لە دەم چەم. جێگاکەی تەیارە نەیدەدیت. نانێکم خوارد، مەلەم کرد. نەقڵی چای ئەیووبم بیست، ئەو ڕۆژە پتر لە دە جار جێگەی گوێزتبۆوە و ئۆقرەی نەگرتبوو. ئاخر جار کەتری وەسەر ئاگر نراوە کە ئەمجار هەر دەبێ چایی بخواتەوە. ئەی گوللە تۆپ تۆ وەرە ڕاست لە کەتری بدە و ئاگر هەڵپڕژێنە؛ چا ئێستاش نەخورایەوە!

بۆمبای ماسییانیان دە چۆم هاویشت. منداڵە بارزانی- کە هەموویان وەختە بڵێم وەک ماسیی مەلەوانن- خۆیان دە ڕووباری شێتە هاویشت و دنیایەک ماسییان گرتەوە. زۆرم شەڕ دیتن، بەڵام شەڕی دۆڵی زوراران و شەڕی چەمی چامەی ئەو ڕۆژە دیتم لە سینەماشدا مەنزەری وام نەدیوە. بریا فیلمی لێ گیرابا و بتدیبا!

تەنگی نوێژی شێوان بوو خرمەی سواران هات. چوومە سەر ڕێ. مەلا مستەفا بوو جێگەی لێرە بیری دەگوێزتەوە. گوتی هەژار وا ئێسترت بۆ دەنێرم؛ لێرە بە!

منداڵێکی دوازدە ساڵانە بەخێراتنی مەلا مستەفای کرد. گوتی: ساغ بی زیخۆ (یانی ئازا).

پاشان فەرمووی: ئاغا چت لە من دەوێ؟

- ئەزبەنی تفەنگ!

فەرمووی: بیدەنێ، کوڕی بابی خۆیەتی.

ئەوان ڕۆیشتن و منیش بە چیا هەڵگەرام. زۆر سەرکەوتم. خرمەی سواران هات و دەنگیان دام. بارزانی فەرمووی: ئێسترم بۆ ناردی تووشت نەببوون. یەکێک دابەزێ با هەژار سوار بێ.

گوتم: هێندەم نەماوە سەرکەوم، بە پێ دێم.

گوتی: یەکێک دەگەڵی بگەڕێتەوە، زۆر تاریکە و ڕێ نازانێ.