شەڕی دۆڵی زوراران و چەمی چامە

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 5 دقیقه  834 مشاهده

چیای شیرین - کە بە سەر گوندی بارزاندا دەڕوانێ - هەوارگەی ماڵی شێخانە. چاڵەبەفری تەبیعی زۆری هەیە. مەڕ لە ئاوی بەفران پاڕاو دەبێ و ئەو چاڵەبەفرانە تا بەفری نوێ هەر دەمێنن. بە قسەی ڕەشاد - کە موهەندیسی جەنگەڵ بوو - لە هەزار و شەشسەد میتر بڵندی بەو لاوە دار ناڕوێ. ئەو شوێنەی ئێمەی لێ بووین کیفار و دڕوی زۆری هەبوو؛ داری نەگەیشتبوویە. شێخ نوورۆ ڕۆزنامەیەکی عەرەبی هێنا گوتی: پێم ناڵێی ئەو «کوناکەرێ»یە لە کوێیە؟! کۆناکەری لێ ببووە بە قوونی کەرێ!

لەپشت چیای شیرینەوە هاتین. ئێوارە عەسر گەینە «لێرە بیرێ» کە لێڕەوارێکی چوغور و چیایەکی بڵند و بنکەی بارزانی بوو. لە پێشمەرگەیەکی بارزانیم پرسی: کوا مەلا مستەفا؟

- چۆتە ئەو دیوی چیا؛ بە دووربین سەیری شەڕگە دەکا.

- وەرە کاکە! دانەدانە پووڵەکەم بۆ سەعید بژارد. هەناسێکی ئاسوودەم هەڵکێشا. خۆم لەسەر خۆڵ ڕاکێشا و کەیف ساز... نوێژی شێوان بارزانی هاتەوە؛ چوومە خزمەتی. فەرمووی: ئەو پووڵ بە سەعید دانەت لە چی بوو؟ گوتم: هیچ قسەی لێ مەکە! مارێک دە باغەڵمدا بوو، فڕێم دا. سبەی ئەو ڕۆژە کە لەو شوێنەوە چووبووینە جێگایەک دەیڕوانییە دۆڵی «زوراران»، فەرمووی: کە تێلگرافم بۆ کردی بێیەوە، لەبەر دوو شت بوو: یەکێک دەترسام غازی بەدزییەوە بتکوژێ؛ دووهەم عومەر دەبابە دەگەڵ یەکێکی ئێرانی کە ناوی جەلال بوو هاتبوون. مەکتەبی سیاسیی حیزب داوای تۆیان لێ کردووم کە بچی و لە ڕادیۆکەیاندا - کە تازەیان پەیدا کردووە - کار بکەی. خۆت حازر کە سبەی دەتنێرم.

پاش تۆزێک ماتبوون گوتم: ئەوە ئەمرە لێم دەکەی یان پرسە؟

فەرمووی: نەخێر تۆ ئازادی ئەگەر پێت خۆشە بچۆ. دەشزانی ئێرە چەندە خەتەرە و ئاگربارانە و هەموو ڕۆژ شەڕ و لێکدانە؛ من لەبەر تۆ دەڵێم.

- قوربان ناچم. ئەگەر تۆ ئەمرم پێ بکەی خۆم دە ناو ئاگریش داوێم؛ بەڵام بە خۆشی خۆم دەمەوێ لەم خەتەرەدا لە تۆ دوور نەکەومەوە. فەخر بەو مەرگە دەکەم کە لە نزیک تۆ بمگاتێ. یەکیش من کابرایەکی زمانشڕ و خوێنتاڵم، لێم ڕوونە دە ڕۆژ دەگەڵ ئەو مامۆستایانە ناژیم؛

مۆری جاسووسی و خەیانەتم لێ دەدەن و دەرم دەکەن. من خۆشم دەناسم و ئەوانیش دەناسم.

فەرمووی: بمێنەوە!

تەیارە بە ڕۆژ هیچ مەودای نەدەدا. بەیانی لە شوێنەکەی خۆمان دەگوێزتەوە و دەچووینە ڕووکاری دۆڵی زوراران- کە بەردەڵانێکی پڕ گاشە بوو- تا ئێوارە. شوێنەکەی خۆمان کانی و ئاوێکی لێ بوو. زۆر لە پێشمەگە لە ئێوارەدا لەوێ جلیان دەشوشت. بەیانییەک کە دەڕۆیشتین پێشمەرگەیەکم دیت لەبن دارێک لە نزیک کانی دانیشتبوو. گوتم تۆش وەرە بڕۆین! گوتی ئێرەم خۆشە و نایەم. ئەو ڕۆژە بۆمیایەک وە دارەکە کەوتبوو لە ڕەگ و ڕیشەی دەرهێنابوو؛ پێشمەرگەکە شەهید بوو.

ڕۆژێک شەڕی گەورە کەوتە دۆڵی زوراران. تەیارە و تۆپ و قرمەی تیربار و تفەنگیان گاڵەی دەکرد. مەلا مستەفا لە شوێنێکەوە- کە باوەڕ کە تفەنگی دەگەیشتێ- بە دووربین دەیڕوانییە شەڕ و تاریفی دەکرد:

- ئەها پیاوەکانی ئێمە لە فڵان شوێن شکان؛ هەڵاتن؛ خۆیان گەیاندە فڵان ئەشکەوت؛ ئەی ئافەریم! لە ئەشکەوت هاتنەوە دەر، هجوومیان کرد. ئەها چوار کەسیان کوشت، ئەها جاش هەڵاتن. (بە پێکەنینەوە) سەرباز هەر خۆ ناگرێ...

وەختی نیوەڕۆ لە بیری چووبوو نان بخوا؛ بە دووربین دەیڕوانی و شەرحی دەدا. ڕۆژێک ئیجازەم خواست لە چیا بچمە خوار و سەری بنکەی بێسیم بدەم. کاک شەوکەت و هەواڵانی لە دەم چەمی «چامە» کەپڕێکیان کردبوو. قولاپێکم لێ ساندن کە ماسی بگرم. قولاپم خستووە گۆم، ماسی پێوە نەدەهات. تەیارەش لە سەرمان دەخولایەوە. بە هەردووک دەست ئیشارەم بۆ تەیارە دەکرد، گوتیان: دەغیلە ئەوە خەریکی چی؟ گوتم: ماسیی سەگباب نایەنە سەر قولاپەکەم! دەڵێم تەیارە پێ بزانێ و بۆمبایەک باوێژێتە گۆم؛ ماسیان قڕ بکا و خڕیان کەمەوە!

مەسەلێکی کوردانە دەڵێ: «چاو ترسەنۆکە». بەڵام من بەعەکسەوە چاوم بەغیرەتە و ناترسێ، خۆم ترسەنۆکم و کەم وایە سەر کەوم. هەورازێک دەبینم، لام وایە زۆر هاسانە سەری کەوم، کەچی لە نیوەی ڕێ پەکم دەکەوێ. گۆمێک هەبوو هەر سووڕی دەدا و کەسک و شین دەینواند. بە چاو پێم وا بوو دەتوانم بە هاسانی بە مەلە لێی بپەڕمەوە. خۆم تێهاویشت و لە ناوەڕاستی گۆم کەوتمە پەلەقاژەی ماندوو بوون. پێشمەرگەکانی بێسیم غاریان دا پشتێندێکیان بۆ حەوا دام، گرتم و کێشایان و لە خنکان خەلەستم.

گیسکێک هەر باعەباعی بوو.

- ئەوە چییە؟

- لە خێڵ بەجێ ماوە و شەلە، دەمانەوێ چاک بێتەوە و بۆ خاوەنی بەرینەوە.

- بە خوا کاکی خۆم بە فتوای من بیخۆین بە خێری ساحیبی!

ئەویشمان خوارد!

چاییمان نەبوو. شەوێک لەسەر بەردێک ڕاکشابووم. گوتیان سبەینێ شەڕ دەکەوێتە ئێرە؛ دەبێ بگوێزینەوە. خەریکی سازبوون بووین، یەکێک هات گوتی: کاک هەژار! ئەیووب کوڕی شێخ بابۆ دەڵێ بێتە لای ئێمە چاییمان هەیە. گوتم: کاک شەوکەت ئەوا تۆم بە چایی گۆڕیەوە؛ خواحافیز! گەیمە بنکەی ئەیووب، هێشتان هەر شەو بوو. گوتی با لێرە بڕۆین لە شوێنێنکی باشتر چا لێ نێین. دنیا ڕووناک بوو. لەناو چەند پنچکێکدا کەتری وە سەر نرا. چووم لەبن بەردێکی کە سێبەری تا نیوەڕۆ دەمێنێ خۆڵەکەم ساف کرد و ڕاکشام تا چا دەگاتێ. بانگیان کرد: وەرە بڕۆین! دەچینە شوێنێکی ئەمینتر.

- کاکە بڕۆن من نایەم.