گەڕانەوە بۆ بارزان، خوایە هەر ئەمجار بژیم!

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 10 دقیقه  838 مشاهده

دوو کوڕی عەبدێ پێشمەرگە بوون و زۆریش ئازا. یەکیان کە ناوی دەروێش بوو، دوای هاتنەوەم بۆ خورکی هاتە لام، نامەیەکی دامێ؛ جوابی باوکی بوو لە دەوڵەتەوە بۆی هاتبوو کە هەر وەخت بێی چاوەنۆڕتین. گوتم بابت دەبێتە جاش؛ چارێکی لێ بکە. خەبەرم بۆ بارزانی نارد. ناردیە شوێنی کە وەرە کارم پێتە. عەبدێ پاش چەند ڕۆژێک هاتەوە. تفەنگێکیشی خەڵات کرابوو. لام وایە پووڵێکیشیان دابوویە. دوایی کە چوومەوە بارزان لەم کارە ئیعتیرازم کرد. دیسان ناردیان هاتە بارزان. ماوەیەک مایەوە و چۆوە ماڵە خۆی و چووبوو ببووە جاش و لە شەڕێکی نێوان خۆی و جاشی عەرەبدا کوژرا.

تێلگرافێکم بە بێسیم بۆ هات کە هەژار بێتەوە بارزان. من کە خەریکی خۆ سازکردن بۆ سەفەر بووم، ڕادیۆ بەغدا کردیە هەرا کە بارزانمان پاکسازی کرد و سەری مارمان پاک کردەوە و مەلا مستەفا کوژراوە. خەبەرێکی زۆر دڵتەزێن بوو؛ بەڵام چونکە زۆرم درۆ لە بەغداوە بیستبوو کەوتینە پێ و شوێنی. نەخێر بارزانی شوکور ساغە و تەنیا دەوڵەت لە چیای پیرس هاتۆتە خوار و بەری ڕۆژاوای زێیەی لە جێ شەڕەکە داگیر کردووە و شەڕ بەردەوامە.

لە زەمانی قاسمدا، مامۆستایەکی کوردی سووریا بە ناوی «محەممەدعەلی خۆجە» زۆر پیاوێکی موحتەڕەم! پێنج هەزار دیناری شۆڕشی درابوویە کە شمەک بۆ پێشمەرگە بکڕێ. حەمەعەلی خۆجە چووبووە حەڵەب و پووڵی خواردبوو، نەهاتەوە...

ئەی خودایە! من پێنج هەزار و چەند دینارێکی شۆڕشم لایە؛ جگە لە فیشە و بوزوی کە کڕیومە. دنیاش وا شێواوە خۆ ئەگەر ئەو پووڵە نەگاتەوە خاوەنی شۆڕش و حەتتا لە ڕێگەدا بشکوژرێم، ئابڕووم دەچێ و دەڵێن ئەویش وەک حەمەعەلی خۆجە خواردوویە. خوایە هەر ئەمجار بژیم تا ئەمانەتییەکە تەسلیم دەکەمەوە. چەند پێشمەرگەیەکم دەگەڵ دەهات. هەشت ئێسترمان لە فیشەک بار کرد؛ ئێسترێک من سواری بووم. لە باڵەتەشڕا ڕەشاد باڵەتەیی موهەندیسی جەنگەڵبانی و دوو سێ پێشمەرگەی ترمان ڕەگەڵ کەوتن.

جا هەتا لەو ڕێگە دوور و سەختەداین با ئاوڕێک بدەمەوە لای خورکی. کە هاتبووم، مەلا مستەفا فەرمووی نەچی توخنی «عەبدوڵڵا شەڕەفانی» کەوی کە جاشێکی زۆر پیس و نامەردە و دەتکوژێ. بەڵام تەماحی من بۆ گەدایی کردن دەڕێی شۆڕشدا لێم نەگەڕا. لە لایەن خۆمەوە کەسێکم ناردە لای؛ زۆری بەخێر هێنابوو؛ پەنجا تەنەکە ڕۆنی دابوویە؛ چل سندووق فیشەکی پێ فرۆشتبوو؛ دە سندووقیشی بە پێشکەشی شۆڕش دابوو. بە کابرای سپاردەی منی گوتبوو: بەڵێ من جاشم؛ دوژمنی بارزانیشیم؛ بەڵام دەزانم لە سایەی ئێوەیە کە دەوڵەت پووڵم دەداتێ. هەر گا ئێوە نەمێنن، دەوڵەت ئەگەر نەمکوژێ- وەک تاژی لە ڕاو کەوتە- خوێڕیم دەکا. ئەوا بە ڕەعیەتی خۆشم گوتووە تا پێشمەرگە گەنمیان لازمە نابێ کەس دنکە گەنمێک بەرێتە مووسڵ. ماڵی جاشی وا هەر ئاوا!

چەند جارێکیش فیشەک و خوێمان لە حەرەس قەومی کڕی؛ کە بە کامیۆنی خۆیان دەهاتنە دەشت و قاچاغ فرۆشییان دەکرد.

مەلا عەزیزە منداڵەکەی دهۆکی زۆر پاڕانەوە دەگەڵ خۆمی بەرمە بارزان. دەیگوت غازی هەموو ڕۆژ دارکاریی دەکردم؛ لەوەتا تۆ لیرەی ئاسوودەم. بەڵام نازانم بۆچی دڵم نەهات دەگەڵ خۆمی بەرم. منداڵ بوو؛ دەترسام شتێکی بەسەر بێ. بارزانی ڕایسپاردبووم کە ئاگات لە «مەحمووداغای چەمانکێ» بێ؛ زۆرم خۆش دەوێ. ئەو خۆشەویستییەش وەفادارییەک بوو کە وەختێ قاسم عەفووی بۆ پێشمەرگە دەرکردووە- جگە لە بارزانی- بارزانی فەرموویە: کێ دەڕواتەوە ماڵە خۆی بڕواتەوە. مەحمووداغا گوتوویە: من بەجێت نایەڵم. دەمەوێ کە کوژرام تۆ پەلکی چاوم بە پەنجەی خۆت لێک بنێی. بەڵام کە ڕوانیم لە ڕاستیدا زۆر پیاوێکی خوێڕی و پووڵەکییە. ئەوەندە داهاتی دەغڵ و موڵکانە هەبوو دەیتوانی هەزار پێشمەرگە بەخێو کا؛ دەشیدیت کە من سواڵی گەنم و پێخۆر لە جاشان دەکەم، لەبەرم دەپاڕاوە دە تەنەکە گەنمی بدەمێ. ئەگەر لەبەر بارزانی بموێرایە، ساف لە سافم تاڵان دەکرد.

لە گەڕانەوەمدا دوای دوو ڕۆژ تووشی خێوەتێک بووین لە سەر ڕێگە هەڵدرابوو. مەحمووداغای مبارەک دوو ڕۆژ بوو لەوێ چاوەنۆڕم بوو:

- دەبێ هیچ نەبێ دوو هەزار فیشەکم بدەیەی!

- مەحمووداغا: یەک فیشەکیشت نادەمێ؛ دەیبەمەوە بارزان کە ئەو شەڕە گەورەیەی تێدایە.

وەک چەرچیی مەیدانی مەنگوڕان هەر ئەو دێتە خوار و من دەڵێم نا. هاتبووە سەر سێسەد فیشەک ئەویشم نەدایە!

جاری پێشوو کە بەرەو دهۆک دەهاتم، لە «دووپردێ» میوانی بنکەی پێشمەرگە بووین کە حەسۆ میرخانی پێ ڕادەگەیشت. پاشنیوەڕۆ لە چۆم چوومە ئەوبەر. پردەکەی دوو کاریتە بوو. پەڕینەوە کاری تەنافبازان بوو. سێبەرە بەردێکی خۆشم پەیدا کرد کە لە زۆر بەرزییەوە دەیڕوانیە زێ. پەتوویەکی تەنکم هەبوو، دامە بن سەرم و نووستم. حەسۆ دەگەڵ چەند پێشمەرگەیەک هات؛ گوتیان: سەیرە هەڵنەدێراوی لەسەر ئەو لێوارە باریکە بەردە چۆن دەنووی؟ خەتەرە؛ هەستە! حەسۆ پەتووەکەی لێ وەرگرتم. «هورمز چەکۆ مەلەک»- کە لە فەرماندە هەرە ئازاکانی شۆڕش و سەرۆکی پێشمەرگە مەسیحییەکان بوو- لە حەسۆی وەرگرت. یەکی تر لە هورموزی وەرگرت کە چۆن جەنابت هەڵیدەگری؟ هێندەی دەستاودەست کرد تا پەتوو ون بوو. ئێستاش نەمزانی چی بەسەر هات! قەرار درا تا دێمەوە بۆم پەیدا کەنەوە. ئەمجارە کە هاتمەوە:

- کاک حەسۆ کوا پەتووەکەم؟

- بە خوا نەدۆزرایەوە. کاکە نەوەک شیعرێکم بۆ دروست کەی، ئەم چەقۆ سینگرەت بدەمێ چۆنە؟!

- ڕازیم!

حەسۆ میرخانی دوپڕی لە حەسۆ میرخانی ژاژۆکی جیایە؛ کە دوایی لە قەڵادزە حوکمی دەکرد و دزێکی زۆر پیس بوو. حەسۆ میرخانی دوپڕیم زۆر وەبەر دڵ کەوت. هەم عاقڵ، هەم زۆر ئازا. هەم زۆر بە نەزم و تەرتیب. تۆبەتێیەکی سەختی بوو؛ دەرمانیان بۆ هێنا نەیخوارد؛ ناردی بۆ پێشمەرگەیەکی نۆبەتێداری هەواڵی!

زۆربەی شەوانە لەناو چیا و لێڕەوار دەماین. ئەگەر ئێوارە بگەیبانە بنکەی پێشمەرگە، میوانی دەبووین. پووڵە ئەمانەتییەکەم کردبووە ناو چەمەدانێکی چکۆڵەی ڕیش تاشین کە زۆر کۆن و بەدنوما بوو. دەمگوت ئەمەم بۆ بخەنە سەر باری ئێسترێک. بۆ خۆشم چەمەدانێکی باشم بە دەستەوە قفڵ دابوو، هەمیشە بە باوەشمەوە بوو؛ کە هیچی تیدا نەبوو. تا ئەگەر تەماحیان کردە پووڵەکە، ئەمەی دەستم بدزن. کەس بیری چەمەدانی ڕیش تاشینەکە نەدەبرد.

تاریف ناکرێ ڕێگامان چەند سەخت و بەرداوی و هەڵەمووت بوو. پێم سەیر بوو ئێستر چۆن دەردەچن. ئێوارەیەک بە کێوێک هەڵگەڕاین هەمووی دەتگوت پلیکانی دێوانە، ماوەیەکی زۆر کەممان بە پێنج سەعات بڕی. چووینە گوندێک بە ناوی «هەنارە». ماڵی لێ نەمابوو. بنکەی هورموز لەوێ بوو. شەو درەنگێک گەینێ.

- ئای بەخێر بێن. وەختێکی باش هاتوون!

- خەبەر چییە؟

- سێ ڕۆژ لەمەوبەر بە سەر گوندێکی جاشانماندا داوە، شەشسەد مەڕی دەوڵەتی و ئاغامان هێناوە. دوازدە سەرباز و ئەفسەر و چوار جاشمان کوشتووە؛ پەنجا مریشکیشمان بە تاڵان هێنا. مەڕەکانم بە سەر بنکەکاندا بەش کرد و دووسەدم ناردە بارزان؛ بیست سەرم بۆ خۆمان گێڕاوەتەوە. دادەی کوڕە گۆشت سوور کەنەوە! بەڵام بەداخەوە خوێمان نییە!

- کاکە هورموز ئەدی مریشک کوا؟

- بەخوا هەموومان خوارد!

گوتم: دە جا وەرە فەلە بکەوێتە سەر مریشکی جاشی موسوڵمان چۆن ئینسافی لە لا دەمێنێ؟!

جەمێک گۆشتی بێخوێمان خوارد. بەری بەیانی پێشمەرگەیەکی هورموز هاتەوە و خوێی هێنابوو. هورموز بە لیوان بەشی کرد و هێندێکیشی وە لا نا بۆ بنکە؛

- ئەم نیوەڕۆیەش میوانی منن!

بێ تۆ ناخۆش ئەو جەمەش لە گۆشت جاش مڕ بووین. پاشنیوەڕۆ گوتی: هەستن بڕۆن!

- نا، تۆ بە سەری مەلا مستەفا و مەسیح با ئەو شەویش میوانت بین!

- دەڵێم هەستن بڕۆن کارتان هەیە، نەڕۆن دەرتان دەکەم!

چاری ناچار دیسان دەم لە پووش وە چیا هەڵگەڕاین. سەرت نەیەشێنم دوازدە شەو و ڕۆژی برد تا گەیشتینە ڕووکاری زێی بادینان، لە باریکاییی دۆڵێکی تەنگەبەردا لە وڵاتی زێباریان.

تا ئەوەشم لە بیر نەچووە: خۆشترین مەڵبەندێ کە من دیتوومە دۆڵی «نەهلە» بوو کە گوندی مەسیحییە کوردەکانی لێن. دێهات هەمووی لە بەردی تاشراو، خاوێن، وڵاتێکی پڕ لە دەغڵ و دان و بەرەکەت؛ هەر دەبوو سەیری بکەی. لە هەموو ئاقاران ڕەز و باغی میوە بوو.

هەموو دژواریی سەفەرەکە بەو تاوە نەدەبوو کە لە سەر چیاوە بەرەو زێ سەرەولێژ هاتینە خوار. زۆر جار دەبوایە بە دوو کەس یاریدەی ئێستر بکەین کە لە بەردی ڕێگە باز بدا. ڕەشاد باڵتە دەیگوت: نەحلەت لە بابی ئەو کەسەی هەووەڵ جار ئێرەی کردۆتە ڕێ! شەو درەنگێک چووینە گوندێک لە سەر زێ. ناوەکەیم لە بیر نەماوە؛ بەڵام حەیدەر بەگ ناوێکی بە سەر ڕادەگەیشت کە دەمناسی. دوو سەعات شەوی مابوو؛ دەبوو بپەڕینەوە. جانتای پووڵەکەم حستە ناو چەمەدانە گەورەکە. هاتینە سەر زێ. کەڵەکی بە کوولەکە سەراوی، جێگەی دوو کەس بە حاڵ دەبێتەوە. ئاو زۆر خوڕە، کەڵەک ئاو دەیبا و لە دوای دوو کیلۆمیترێک وردە وردە کەڵەکەوان دەیباتە بەری ئەوبەر. نۆرەی من و ڕەشاد باڵەتە پێکەوە هات.

کەڵەکەوان گوتی: نابێ چەمەدانت پێ بێ؛ دوایی بۆت دێنم.

گوتم: یان خۆم و چەمەدان بە تەنیا بپەڕینەوە، یان نایەم.

ناچار قبووڵی کرد. ڕەشاد و منی لە سەر چینچکان لە سەر کەڵەک جێ کردەوە و چەمەدان لە پێشمە. گوتی: نابێ هیچ ببزوون؛ خەتەرە. کەڵەک وەڕێ کەوت. ڕەشادی ممبارەک دەیەوێ حورمەتم بگرێ، خۆی لادا گوتی: ئەزبەنی جێگاکەت ناخۆشە! کەڵەک لارەوە بوو، ئاو هاتە سەر پشتێندمان؛ بەڵام کەڵەکەوان زۆر ماهیر بوو؛ وە خۆ کەوت و بە سەوڵ لێدان و لە سەر یەک ڕاستی کردەوە. زۆری خۆ تووڕە کرد کە سەیر بوو نەخنکان! پەڕینەوە. تەڕ و تلیس، سەرمای بەربەیان، دنیا تاریک، کەوتینە پەل کەوتن. هێندێک چیلکە و پڕوپووشمان کۆ کردەوە و ئاگرمان دا. ڕانک و دەرپێ داکەنە و بە گونی ڕووت لە دەوری ئاگر خۆت وشک کەوە و هەڵیشلەرزە. هەواڵانی تریش پەڕینەوە و ئێستر بەجێ مان؛ کە بە دەراوێکی دیکەدا بۆمان بنێرن. بە چیای شیرین هەڵگەڕاین. تاوهەڵاتێ گەیشتینە هەوارگەی ماڵی شێخ ئەحمەد لە «بێرکی بەستریان». «شێخ نوورۆ»ی کوڕی شێخ ئەحمەد لەوێ بوو. بەرچایییەکمان خوارد و هەر کەسە لەسەر بەردێکی پان خۆمان لەگەز دا و تێر نووستین. پاشنیوەڕۆ ئێسترەکانیان بۆ هێناین. شێخ نوورۆ تەماحی کردبووە بوزوی ڕانک و چۆغەکان، بەڵام ئەو زۆری فەرموو من کەمم جواب داوە و گوتم تا نەیدەمەوە بە بارزانی کەس نایانبینێ. ئەو شێخ نوورۆیە زۆر پیاوێکی خوێڕی و بەتەماح بوو. لەو هەموو لێقەومان و شەڕانەدا هەر خەریکی قاچاغچییەتی خۆی بوو.