چۆناوچۆنیی ئایینی یەزیدییان

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  1456 مشاهده

ئەو عەمەرە دڵسادەیەکی قسەسەیر بوو. جارێک گوتی: من دەڵێم خودا پیاوێکی فێڵزان بووە. زوو خۆی لە عاسمانان جێ کردۆتەوە و حوکم لە ئێمە دەکا!

ڕۆژێک دەگەڵ زەبیحی بە ڕێدا دەڕۆن؛ دەڵێ: لەکن ئێمە یەزیدییان هەر دوو شت پیسە: قەرزداری و موسوڵمان!

یەزیدی خۆیان دەڵێن دوو کتێبی عاسمانییان هەیە کە یەکیان «مەسحەفا ڕەش» و ئەوی تر «جلوە»یە. مەسحەفا ڕەش لای بابەشێخە؛ ئەگەر لە سندووق بێتە دەر، تاعوون هەموو کەس قڕ دەکا. جیلوەم دیوە؛ چەند حیکایەتێکی کەراماتی شێخ هادییە کە لە زۆر کتێبی باسی مەشایخاندا خوێندوومنەوە. دەڵێن مەسحەفا ڕەش کرمانجییە؛ بەڵام جیلوەکەی من دیومە بە عارەبییە. بە قسەی مەلا خەلیل کە چل پەنجا ساڵ جیرانی بابەشێخ و نێوان خۆش بوون، مەسحەفا ڕەش درۆیە و هەر نییە.

ژنە یەزیدی زۆر ناحەزن؛ لە عەرەبی دەشت دەکەن؛ کراسیان سپییە. کە قەتیش خۆ ناشۆن، دەڵێن بۆگەنیویان لێ دێ. قسێکیان هەیە دەڵێ: «ئەم ئێزدینە، جل سپینە، بوهیشتینە. هەرچی فڵنە لە ژێریا مەنە. ئەمما موسڵمان: مان و مان!».

ئارەق خواردنەوە لە ناو پیاوانیندا زۆر عادەتە. من شێخ ناسرێکم لە جزیرێ دەناسی هەمیشە مەست؛ هەمیشە بەتحە عارەقی لە باخەڵدا بوو؛ پیاوی ئایینیش بوو. ڕۆژێک لە دەم کانی نوستبوو، مار پێوەی دابوو. مارەکە ڕەق هەڵاتبوو، شێخ ناسر وە خەبەر نەهاتبوو! گوتی: هەژار ئەوە جەددی من مارەکەی کوشت!

- بەڵێ یا شێخ ئەو جەددەت کە لە ناو گیرفانت دایە! خوێنت بۆتە ژەهر!

لالەش چەند زیارەتێکی جگە لە شێخ هادی لێیە: شەمسی تەبریزی، نەزەرگەی بارزان و مەلا ئۆبەکری جزیری؛ کە دەبێ زیارەت بکرێن. شێخ عەدی وەک دەڵێن ئەمەوی یان سەر بە ئەمەویان بووە. دوژمنانی مریدەکانی کە ناویان ناون یەزیدی، بۆیە بووە کە بە یەزیدی بنی معاویەیانەوە بنووسێنن کە بە ڕابردنی زەمانی زۆر، خۆیان (یەزیدیەکانیش) ئەم باسەیان لێ بووە بە ڕاست. ناوی یەزید و معاویە لە ناویاندا زۆرە. ناوی عومەر، عەلی، حەسەن و حەسۆش زۆرە؛ هەر محەممەد ناویان نییە. بەیتی سیامەند و خەجێ بە کرمانجی قەووالی یەزیدی دەیڵێن. لە وێدا دەڵێن: سیامەند خۆی گەیاندە قەتەنە و بۆ شەڕی حوسێن ڕەگەڵ لەشکری یەزید کەوت. ئەگەر سیامەند نەبوایە حوسێنیان بۆ نەدکوژرا! جلکی ئاغا و دەوڵەمەندەکانیان عارەبییە و عەگاڵ و چەفتەیان بە سەرەوەیە. جلکی خەڵکی ڕەمەکی، کوردی و ڕانک و چۆغە و جامانەیە.

دوای سێ شەو بەهەشتی لالەشمان بەجێهێشت. چووین لە چیایەک میوانی عەبدێ زێدکی بووین کە ڕەئیسی زێدکیان بوو. تەواو شکڵی موزەفەرەددینشا ببینە و عەبدێ بە جووتە سمێڵەوە ببینە! زەلام و چوارشانەیەک بە دیمەن زۆر بەسام. ماڵەکەی لە ئەشکەوتێکدا بوو کە پێنج وەتاغی زۆر ڕێک و جوان لە بەرد تاشراوی لێک و لووس کراوی تێدا و جێ حەوزە ئاوێکی تێدا. ڕەنگە هەزاران ساڵ لەمەوبەر ماڵی پادشای دەوری بەرد بووبێ و لە شوێنەوارە کۆنەکانە. ئەو عەشیرەتە زۆر کەمن؛ بەڵام بە دز و دڕ مەشهوورن. عەبدێ هەموو سەر و بنی قسەی داوای پووڵی لێ دەکردم. هێندەی گوت تا عەبدوڕڕەحمان قازی جنێوی پێ دا: تۆ بۆ هێندە خوێڕی؟!

شەو کە جێگەیان بۆ ڕاخستین، کوڕێکی عەبدێ بە ناوی فەتتاح- کە لاوێکی پازدە ساڵانە بوو- دوو سەنیری زۆر گەورەی بۆ دانابووم گوتم من یەکم بەسە.

دەڵێ: بەخوا بالگەهەک تنێ تێرا کەلەخێ تە ناکا!