باربوو بۆ شۆڕش

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  734 مشاهده

«عەبدولعەزیز حاجی مەلۆ» دۆستی بارزان بووە. ماڵە شێخی بریفکان لە سەر ڕەواندنی ژنێک کوشتوویانە. ماڵە حاجی مەلۆ بوونەتە خۆشەویستی بارزانی و بە وەفاداری بۆ عەبدولعەزیز مەڵبەندێکی گەورەیان پێ سپێراوە و تۆڵەیان بۆ لە ماڵە شێخی بریفکان کراوەتەوە و گوند سووتاوە و دانیشتووانی ئاوارە کراون. «غازی حاجی مەلۆ» لاوێکی زۆر نەترس و لە شەڕ ئازا بوو؛ بەڵام برای گەورەی- کە عەبدولواحید بوو- چەند جار ببووە جاش و گەڕابۆوە؛ دەیانگوت حیزیشە. چەند ئامۆزا و خزمی تری غازیش هەبوون کە زۆر کەیفم پێ نەدەهاتن. نزیکەی نەوەد گوندیان دەخوارد؛ بەڵام پێخۆریان نەدەدا بە پێشمەرگە؛ جلکیان بۆ نەدەکڕین. شەوانە لە مەجلیسیاندا، باس باسی جاشان بوو کە چەند خۆ دەژین و چەند پارە وەردەگرن: «بیستوومە فڵان جاش یەکجێ دوازدە کراسی کڕیوە، فڵانە ترومبیلی هەیە...».

شەوێک گوتم: ئێوە چونکە لە لادێ گەورە بوون و شارتان نەدیون نازانن پارەی زۆر لای کێ هەیە. ژنێکی گەوادە، پازدە ژنی خراپی لەبەر دەستدایە لە بەغدا، دەڵێن دە ملیۆن دیناری لە بانکدایە و چەندین قەسری هەیە. بۆ چی فکر لە کاری وا بە قازانج ناکەنەوە؟!

- ئای سەیدا هەژار! ئەوە بێشەرەفییە، چۆن وا بکەین؟

- گیانە! ئەو ژنە بە شەرەفترە لەو کەسەی نیشتمان و هاونیشتمانانی خۆی بفرۆشێ...

غازی دارکاریی پێشمەگەی دەکرد؛ نەمدەهێشت. وا دیار بوو زۆر لە من قەڵسە و لەبەر بۆکان نەیدەوێرا.

عەشیرەتی غازی (مزوری) لە هەموو عەشایری کورد ئازاتر و موخلیستر بۆ کوردستان بوون. هەر یەکەی بەرانبەر سەد غەنیم بوو. پێشمەرگەی چاک و ئاغای خراپ. چەند کەسێکیان خەبەرچینم بوون؛ هەرچی لە ناو ئاغایاندا ڕادەبرا دەمزانی. جاسووسێکی دەوڵەت بە ناوی «ساقی» گیرابوو. شەوێک غازی گوتی: ساقی هەڵاتووە. زانیمەوە کە بە دوو هەزار دینار بەرەڵدای کردووە. چەند گوزارشێکم دەربارەی ئەو کارە خراپانەیان بۆ بارزانی نووسی کە: «ئەوانە لە جاش بەزیانترن؛ چارێکیان لێ بکرێ باشە». جواب دەهاتەوە کە سەبر بکە و بمێنەوە!

بیست و حەوت هەزار دۆلارم پووڵ هێنابوو؛ خەبەرم بۆ تەحسین یەزیدی- میری یەزیدیان- نار کە دۆلارەکان بە دینار بگۆڕێتەوە. تەحسین جاشی دەوڵەت بوو؛ بەڵام لە بنەوە دەگەڵمان دۆست بوو. خەبەری بۆ ناردم کە دۆلار بە دووسەد و حەفتا و دوو فلسە. بۆم نارد. خەبەرێکی دیکەی نارد کە دۆلار دووسەد و شێست فلس. گوتم بیگۆڕەوە. دەبوو بۆ خۆم بچمە لای، حیسابەکە وەرگرم. ڕاشمسپاردبوو کە چەندی دەستی دەکەوێ بوزوی ڕانک و چۆغە بکڕێ.

ڕۆژێک دەگەڵ دە پێشمەرگە بەرەو دەشت وەڕێ کەوتین. نیوەڕۆیەکی زۆر گەرم بوو؛ لەدەم چۆمێک لاماندا. هەر کەسە بڵاو بووین مەلە بکەین. دیتم یەک دنیا تووتڕک لەوبەر چەم هەیە. جلەکانم نایە بن گیا و بە ڕووتی چوومە تووتڕک خواردن. لە پاش تاوێک دیتم هەر وا پێشمەرگەی مزورییە و دەست لە سەر پەلەپیتکەی تفەنگ ڕادەکا. بەرەو گرد دەچن و پەکوو پەکوویانە. لە نێو تووتڕکەکان هەرام کرد:

- چتانە؟!

- ئای ماڵت ئاوەدان! خوا ئەیزانێ گوتمان ڕفاندوویانە. ئەوە دوو سەعاتە بە شوێن تۆدا ڕادەکەین!

- کاکە تووتڕک زۆر خۆشە؛ لە بیرم چووبوو چەندم پێچووە. دە بڕۆنە ئەولا، ڕووتم، تا جلکان دەبەر دەکەمەوە.