نەیژی کورد بوو فامی نەو ...!

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 5 دقیقه  785 مشاهده

دەبوو پاش نیوەشەو بچینە ماڵی تەحسین؛ چونکە تا ئەو دەم ئەفسەری عێراقی میوانن. چووینە ماڵی میری یەزیدییان. مریشکی سوورەوەکراو بەپێی فیلان بوو. بە ئەدەبیات گوتن گوتم: میرم تۆ کە لە ناعیلاجی بوویە فورسان... گوتی: نا، ئەز بوومە جەحش؛ مەبێژە فورسان!

پیاوێکی لە لا بوو؛ میرزای بوو (عەلی چۆقی) لە بەغدا بۆی ببوومە واسیتە، حقووقی مانگێکم زیاد بۆ ساندبوو؛ هەواڵی حیزبیش بوو. بە سرتە گوتی: تۆ تووتن و پەڕ دەکێشی، داوای جگەرە بکە و حەقت نەبێ. دانیشتەوە، گوتم: کاک عەلی! پاکەتێک جگەرەم بۆ بێنە. هەر ڕاستەوە بوو، دوو گڵۆسی جگەرەی «گریفن ئەی» بۆ هێنام. لەبەر خۆوە گوتی: ماڵی ئەو جاشە سەگبابانە بۆ تۆ باشە!

حیسابمان کرد، پەنجا دەست بوزووم وەرگرت و باقیی دیناری عێراقی؛ لە قەراری دۆلار بە دووسەد و شێست فلس.

میر تەحسین فەرمووی: وا من لە گیرفانی خۆم سێسەد دینار دەدەم بە شۆڕش.

گوتم عەلی چۆقی میداد و کاغەزم دەیە.

گوتم: میرم! دەڵێن کابرایەکی گوندی چۆتە لای پینەچییەک لە بازاڕ گوتوویە: دۆشاوت هەیە؟ پینەچی ئاوی کەوشانی داوەتێ، نانی تێ کوشیوە و خواردوویە. پاشان گوتوویە: نەڵێی کابرا کوردە نەزان بوو. دۆشاوەکەت خۆی نییە! مەلا مستەفا بە منی گوتووە نابێ تەحسین بەگ بڕەنجێنن؛ چەند جارێک ڕووتە و پووتەی عەشیرەتی «زێدکی» گوتوویانە با دەستێک بە میردا بێنین، نەمهێشتووە. تۆ دۆلارت دا بە دووسەد و حەفتا و دوو فلس؛ کە ئاگام لە نرخی هەیە. یانی دەگەڵ ئەو پووڵەی تۆ بە دیاری دەمدەیەی، سێسەد و بیست و چوار دیناری فەرقە. ڕۆنی خۆم دە سەری خۆم هەڵدەسووی، هێشتا تەواویش نا! نەچی بڵێی هەژارم فریو دا!

تەحسین هەر ناوی «زێدکی» بیست، ڕەنگی پەڕی؛ دەیزانی چەند دز و دڕ و خوانەناسن. دەمی تێک هاڵا و ملی لە سوێندان نا کە: من وا موخلیسم و وا دەکەم و وا بچێ؛ زێدکی زۆر بەرازن، پیسن؛ نزیکیان مەکەوە! فەرمووی: پەنجا باریش گەنم، دوازدە تەنەکە ڕۆن و گەلێکیش نیسک و دانەوێڵەتان بۆ دەنێرم.

- ئەی ماڵت ئاوا!

گوندی «باڵەتە» لە جێ خەوەکەمەوە ڕێگەی سێ چارەگە سەعات بوو. عەبدوڕڕەحمان قازی، ڕەشاد بالتەی موهەندیس، ناجی باڵەتە- کە دوکتوری ئازمایشگا بوو- و حافز مستەفا قازیی موهەندیس لەوێ دەژیان. شەوانە پاش سەرێک خەو کردن، ملی چیام دەگرت و دەچوومە لایان؛ بە قسەی قۆڕ ڕاماندەبوراد. وا فێر ببوون، لێفەی منیان ڕادەخست تا ئەگەر درەنگ چووم جێم هەبێ.

شەوێک لەو شەوانە لە خەو هەستام، ڕوانیم کابرایەکی بڵندباڵای بۆشناخ، تفەنگ بە شانەوە لە کۆڵانێکی باڵەتەوە ڕادەبرێ. دەنگم دا:

- کێی؟

- ئەز غولام، ئەز جەحشم!

- کوڕە قسەی باش بکە! دا وەرە بزانم!

هەواڵانم گوتیان بەڵێ ئەوە جاشی یەزیدییە؛ پیاوی چاکە. هەرچییەکمان بوێ لە مووسڵ بۆمان دەکڕێ.

پێڵاوەکانم «شەکال» بوون. یانی لاستیکی ترومبیل سەریان بە بەند چندرابوو. وەک کاڵەی خاو، بە بەن بە لاقەوە دەپێچران. هەموو ڕۆژ دەبوو تا و تایان کەم؛ خوار دەبوون. پاش پانیەم بریندار ببوو. گوتم: کاکی جاش! بوزوی ڕانک و چۆغەیەکی خەت خەت بە چەندە؟

- چوار دینار.

- ئەی کەوشی نەرمی کەتانی کە وەرزشکار دە پێی دەکەن؟

- دینارێک، کەمتریش.

- دەی ئەو پێنج دینارە بەرە و ئەو دوانەم بۆ بکڕە!

پاش چوار ڕۆژ ڕانک و چۆغەکەی بە یەکێکدا ناردبوو؛ دینارێکی دەگەڵ بوو. گوتبووی: کەوشەکەم دەس نەکەوت. ئەوا ئەمشەو دەبێ بچینە شەڕ دەگەڵ ئێوە؛ نەمتوانی بێمەوە، بمبەخشن!

جاشی وا ئەمینم پێ زۆر سەیر بوو!

خەبەرمان وەرگرت کە چەند ستوونێکی دەوڵەتی و جاشی زۆر لە چەند جێوە هجووم دەکەن. دەبوو بە پەلە خەبەر بە هەموو بنکەکانی ناوچەکە بگا و هووشیار بن. من بڕیارم دا خەبەر بۆ بنکەی «ئەلقوش» بەرم. بە ڕۆژ سەفەرکردن لەبەر تەیارە- کە هەمیشە بە عاسمانەوە خولیان دەخوارد- نەدەکرا. لە سەری شەوەوە دەگەڵ دوو پیشمەرگە- کە من سواری ئێستر بووم- ڕۆیشتین. تاو هەڵات گەیشتینە بنکەی پێشمەرگە. هاتن بە پیرمانەوە. لە ئێستر دابەزیم و چوار تەیارەی بۆمبا هاوێژمان وەک جندۆکە گەیشتنە سەر. زمبوڕمب بکوتە! دنیا بوو بە تۆز و خۆڵێک هەر تاریک داهات. سەد بار خۆڵمان بە سەر و چاو هەڵپڕژا. هەشت بۆمبایان هاویشتبووینێ؛ بەڵام کەسمان لێ بریندار نەبوو. هەر تۆز بوو بەرز ببۆوە. بەڕاستی پێشوازییەکی گەرم بوو! لەبەر خۆڵی چڕوچاومان ڕێگەی کونە بن عەرزەکەمان نەدەدۆزیەوە. ئاویش زۆر دوور بوو. پاش تاوێک چاو هەڵگڵۆفین و قرخەقرخ کردن، ئاو هات و دەموچاومان شتەوە.

چووینە کونە ڕەشەوە گوتیان: چا بوو ئەمڕۆ هاتی! ئەمشەو چووینە ئەوبەری بەشی عارەبی جاش، کامیۆنێکمان بار کردووە، ١٦ مەڕی قەڵەو، هەموو دەرمانی دەرمانگایەک کە لەوێ بووە؛ بیست و حەوت پارچە تفەنگ و دەمانچە، زۆر کەلوپەلی تریش. خاوەن کامیۆنمان هێناوە هەتا بن ئەو گردە؛ کامیۆنەکەمان پێ فرۆشتۆتەوە بە شێست دینار. جا ئێستا کەیفە؛ گۆشت مەڕ مشەیە! بێ تۆ ناخۆش نیوەڕۆژەیەکی شاهانەمان کرد.

شەوێک دوژمن لە لای «چەمانکێ»وە هجوومی کردبوو. پاسەوانەکانی پێشمەرگە نوستوون و خافڵگیر کراون. پێشمەرگەیەک «بەحری» ناو ڕادەپەڕێ؛ دوژمنیان گەیشتۆتە سەر. هەرا دەکا و دەیکاتە تەقە. پێشمەرگە دێنە دەست و پاش دوو سەعات شەڕ، دوژمن دەشکێنن. بەحری زۆر بە برینداری هێنرایەوە «خورکێ». باسک و سنگ و سەر و چاوی پێچرابوو. یەکێک گوتی: لەوانەیە نەژی.