لەگەڵ ئاغاواتی دهۆک

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 5 دقیقه  793 مشاهده

کۆمەڵێ ئاغاواتی لای دهۆک هاتبوونە بارزان. بارزانی فەرمووی دەگەڵ ئەوانەت دەنێرم کە چاوەدێر بی و نەهێڵی کێشە لە ناو خۆیاندا بنێنەوە. تەحسین یەزیدی هەر چەند جاشە و مەعاش لە دەوڵەت وەردەگرێ، بیپارێزە و کارێکت بۆ شاران دەبێ بۆت دەکا.

نیوەڕۆژە گۆشتمان هەبوو. سفرەیەکی خامی دوورودرێژ ڕاخرا. بارزانی پاڵی بە تاشە بەردێکەوە دابوو. ئاغاوەت لە هەر دوو بەر ڕیز ببوون. دەستیان بۆ خواردن برد. مارێکی جنجیر- لام وایە میترێک درێژتر دەبوو- بە ناوەڕاستی سفرەدا هات، ڕاست بۆ ئەوسەر، بەرەو بارزانی. قەت یەک لە ئاغاوەت نەما، هەموو هەڵاتن! گوتم: بیگرم و بیکوژم؟ فەرمووی: نا. مار لە پێش بارزانی لای دا و چووە بن بەردەکەی پاڵەوپشتی. بانگی کرد وەرنەوە نانەکە سارد دەبێتەوە! زۆر بە خەجاڵەتی گەڕانەوە.

دەبێ ئەوە بزانین کە لە بارزان جگە لە «کۆڕە مار»- کە مارێکی سەر سێ سووچی پیسە و بۆرەڵوکەیە و لای کلکی زۆر باریکە و سەممە- هیچ مارێک ناکوژن. نەخوازا ماری ڕەش- کە پێوە نادا- لە زۆر ماڵان وەک پشیلە ئازادانە دەگەڕێ و مشک ڕاو دەکا و منداڵ گاڵتەی پێ دەکەن؛ وەک ئەسپاببازی. ڕاوەکەویش بە تفەنگ ناکەن. کەو لە پیاو ناترسێ. کە گوتیشم بیگرم، بۆیە بوو هەر بە لاوەتی فێر ببووم: ملی مار تا ئەندازەی چوار قامک و پتر ڕەقە؛ ئەگەر ئەوێ بگیرێ لە پێوەدان دەکەوێ. زۆر جار لە تەرەغە دەمگرتن. لاشم وا بوو مارگران هەر ئەو فێڵە دەکەن و دوایی ددانی ژەهریان دەکێشن.

پاشنیوەڕۆ ئێسترێکی شینیان دامێ کە زۆر ئێسترێکی چاک بوو. دەگەڵ ئاغایانی سوار و هاوڕێیانی پیادە ڕۆیشتین. شەو لە شیوێکی بن چیای پیرس ڕامانبوارد کە چەند بیرێکی کەم قووڵی کوێستانچی لێ بوون. تاوهەڵات بە چیا هەڵگەڕاین. ڕێگەیەکی یەکجار سەخت و بەرداوی و دژوار بوو. جێگەی وا هەبوو دەبوو ئێستر نزیک میترێک خۆی هەڵاوێتە سەر بەردێک؛ یان باز داتە خوارێ!

بە نزیکەی سێ سەعات سەرکەوتین. ئاغاکان گوتیان: ئێمە هەر چاومان لە تۆ بوو دابەزی تا ئێمەش دابەزین. سەیرە کە ملمان نەشکا و هەپروون بە هەپروون نەبووین!. گوتم: باوەڕ کەن منیش هەر چاوم لەوە بوو ئێوە دابەزن تا دابەزم؛ بەڵام گوتم ئەگەر من دابەزم دەڵێن شارستانی و ترسەنۆکە. مل شکان لە گاڵتە پێ کردن چاکترە!

لە بیرم نەماوە چەند شەو لە ڕێگە ماینەوە. ڕۆژێک گەیشتینە گوندی «نەسرێ» کە لە پەنا گوندی «ڕەبەتکێ»یە. موڵکی «حاجی مەلۆ» بوو کە غازی و عەبدولواحید خاوەنی بوون و دەگەڵمان بوون. شەو تا پاش نیوەڕۆی سبەی لەوێ ماین و ڕێ کەوتین. لە ڕێگە پێشمەرگەیەک هەر تماشای دەکردم و دیار بوو کارێکی پێم هەیە. خۆم دوا خست:

- ها برا چت دەوێ؟

- کاکە! دیتم قەند لە دەمت دەنێی، چایی بە سەردا دەکەی. بیکە بە خاتری خودا خەڵکی ئەم وڵاتە فێری ئەو کارە مەکە!

لە شاری کۆیە خەیاتێک کراسێکی نیوقۆڵی لە فاسونیای ئەفسەری بۆ درووبووم؛ گیانێکم بەوە بوو. لە ڕێگە زۆرمان ئارەق دەکرد و تۆز دەخوارد. دەگەیشتینە هەر دەم چۆمێک کراسم لە ئاو هەڵدەکێشا، بێ سابوون پاک دەبۆوە و تا مەلەمان دەکرد وشکەوە دەبوو.

پێم وایە نۆ ڕۆژی کێشا تا گەیشتینە «خورکێ» لە نزیک دهۆک. حەوت بۆمبای یەک تۆنی پێدا درابوو؛ پێنجیان تەقیبوون و قەت تاقە ماڵێک نەمابوو وێران نەکرابێ؛ چۆڵوهۆڵ. بەرهەیوانێک و نیوە حەسارێک مابوو؛ کرا بە جێگەی ئاغایان. لە گوند دەرکەوتم؛ بیست دەقیقە ڕێ ڕۆیشتم، تووشی کانی و گۆلێک بوو؛ زۆر خۆش و بە سپیندار. دارهەنجیرێکم پەیدا کرد، دەتگوت خێوەتە. هاتمەوە گوند گوتم جێ خەوی شەوانەم پەیدا کرد. حەسیرێکی نیوە شڕم لە ناو ماڵان برد و شەوانە تا درەنگ دەگەڵ پێشمەرگە ڕامدەبوارد. وەختی خەو دەچوومەوە بن دارەهەنجیر؛ حەسیر، ڕایەخ و سەنیر، بەرد. بەیانی کە چاوم هەڵدێنا، دنیایەک هەنجیری زەردی زەلامی گەیشتوو چاویان لێ دادەگرتم. لە پاڵەوە تێرم دەخوارد و ئەوسا دەچوومە دموچاو شتن. بەیانییەک بە فیتە و عەوی شوانێک وە خەبەر هاتم کە هاتبوو مەڕ لە گۆلەکە پاراوکا.

- هۆ کاک! شیرت نییە منیش هەنجیرت بدەمێ؟

- چم نییە تێی بدۆشم.

هاتم لە ناو وێرانەی دێدا گەڕام، کەترییەکی ڕووکەشی سوورم دۆزیەوە، سەرەکەی نەمابوو. شوان هەر دیتی گەشکە بوو. گورجێ پڕی کرد لە شیر و بەردێکی تەنکمان لە سەر دانا و شیری کوڵاو بە هەنجیرەوە. سوڵتانی ڕۆمیش وای ڕانەبواردووە!

کوڕێکی شازدە ساڵان بە ناوی «مەلا عەزیز دهۆکی»- کە باوکی سەعاتساز بوو- لە ترسان هەڵاتبوو؛ لە گوند خزمەتی دەکردم.